سەرۆک بارزانی: ناکرێ عێراقییەکان تەنیا چاویان لە دەستی پێشمەرگە بێت.. سوپاسی هاوپەیمانان دەکەین کە ڕێگەیان نەدا کۆبانی بکەوێتە دەست تیرۆریستانەوە

هەولێر-KDP.info- جێگری ڕاوێژکاری ئاساییشی نەتەوەیی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "کاتێک تیرۆریستان پەلاماری کوردستانیان دا، (سەرۆک ئۆباما) بە ئێمەی گوت دەبێ هەولێر بپارێزن و ئێمە ئەرکی سەرشانی خۆمان ڕاپەڕاند، ئێستایش ئەمەریکا و کوردستان ڕێگەیەکی درێژی هاوکارییمان لەپێشە و پێکەوە لەگەڵ هاوپەیمانانمان سەرکەوتنی گەورەتر وەدەست دەهێنین، سوپاس بۆ هاوکاری و هەماهەنگیی ئێوەیش کە توانیتان تەڵیسمی داعش تێک بشکێنن"، لای خۆیەوە (سەرۆک بارزانی) وێڕای پێزانینی بەوەی بەدەم داواکارییەکەوە هاتن و هاوپەیمانان ڕێگەیان نەدا کۆبانی بکەوێتە دەست تیرۆریستانی داعشەوە، ڕایگەیاند، "نابێ عێراقییەکان تەنیا چاویان لە دەستی پێشمەرگە بێت بۆ شکاندنی تیرۆریستانی داعش، چونکە ئێمە ناوچەکانی خۆمان ئازاد دەکەین و ناکرێ ئەوان هەر تەماشاچی بن و، پێویستە خۆیان ڕێک بخەنەوە و ناوچەکانیان لە داعش پاک بکەنەوە."
ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ـی 10ـی 2014 لە شاری دهۆک سەرۆکی هەرێمی کوردستان(مەسعوود بارزانی)، پێشوازیی لە جێگری ڕاوێژکاری ئاساییشی نەتەوەیی ئەمەریکا(تۆنی بلینکێن) و شاندێکی یاوەری کرد کە لە یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری عێراق(برێت مەکگۆرک) و باڵیۆزی نوێی ئەمەریکا لە عێراق(ستیوارت جۆنز) و ژمارەیەک دیپلۆمات و ڕاوێژکار پێک هاتبوو.
لە دیدارەکەدا کە خ ڕاوێژکاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەریمی کوردستان(ستیوارت جۆنز) و سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان(دکتۆر فوئاد حوسێن) بەشدار بوون، سەرەتا جێگری ڕاوێژکاری ئاساییشی نەتەوەیی ئەمەریکا خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی و سوپاسی (سەرۆک بارزانی) کرد بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی ئەو دیدارە و ڕایگەیاند کە سڵاوی (سەرۆک باراک ئۆباما) و (جۆ بایدن)-ی جێگری سەرۆکی ئەمەریکای بۆ (سەرۆک بارزانی) و گەلی کوردستان هێناوە.
(تۆنی بلینکێن) لە درێژەی قسەکانیدا سوپاسگوزاریی ئەمەریکای بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی بۆ ئەو شەراکەت و هەماهەنگییەی لەنێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان لە شەڕی دژی تیرۆریستان لە ئارادایە و ڕایگەیاند: "ئێمە لە نزیکەوە شایەتی حەماس و ئازایەتیی پێشمەرگەین و شانازیی دەکەین کە لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعشدا دەتوانین هاوکار بین." دواتر جێگری ڕاوێژکاری ئاساییشی نەتەوەیی ئەمەریکا داوای لە (سەرۆک بارزانی) کرد سەرنج و تێڕوانینی خۆی لەبارەی ڕەوشی ئێستا بخاتەڕوو بۆ ئەوەی ببێتە بەرچاوڕوونیی زیاتر بۆ ئەوان.
لە بەرانبەردا (سەرۆک بارزانی) وێڕای بەخێر هێنانی شاندەکە، سوپاس و پێزانینی ئاراستەی (سەرۆک ئۆباما) و جێگری سەرۆک و گەلی ئەمەریکا کرد بۆ ئەو پشتیوانییەی پێشکەشی کوردستانیان کرد و ڕایگەیاند: "بۆ ئێمە جێی شانازییە کە پێکەوە لە یەک سەنگەرداین لە دژی ڕێکخراوێکی دڕندە و تیرۆریستی وەک داعش کە لە ڕووی ئیمکانیاتەوە وەک دەوڵەتێکە."
(سەرۆک بارزانی) ڕایگەیاند: "داعش ڕێکخراوێکی نوێی تیرۆریستی نییە، بەڵکو درێژکراوەی قاعیدەیە و زیاتریش خۆیان ڕێک خستووە، بۆیە ئەگەرچی ناکۆکیی فیکریشییان هەبێت، بەڵام هەردووکیان زادەی یەک سەرچاوەن."
(سەرۆک بارزانی) بە وردی باسی هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی خێرای تیرۆریستانی داعشی لە عێراق کرد و ڕایگەیاند کرد گەشەکردن و بەهێزبوونیان لە عێراق بە هۆی ئەو سیاسەتە هەڵانەوە بوو کە حکوومەتی پێشووی عێراق ئەنجامی دان و بووە هۆی خۆشکردنی زەوینە بۆ گەشەکردنی داعش لە هەندێ ناوچەدا.. باسی ئەو هۆشدارییانەشی کرد کە نزیکەی ساڵێک بەر لە ئێستا وەک ئاگادارکردنەوە لە مەترسییەکانی خۆ ئامادەکردنی تیرۆریستان لە سنووری پارێزگای مووسڵ، بۆ حکوومەتی عێراقی ناردبوو، بەڵام ئەوان هۆشدارییەکانیان پشتگوێ خست.
(سەرۆک بارزانی) ڕایگەیاند کە ئەگەر چارەسەرێکی سیاسی بۆ ناڕەزایەتییەکانی ناوچە سوننەنشینەکان کرابا، داعش نەیدەتوانی بەوشێوەیە گەشە بکات، بەڵام سیاسەتە هەڵەکانی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق بەرانبەر ناڕەزایەتییەکانی ئەو ناوچانە بوونە هۆی ئەوەی زۆربەی سوننەکان وەک ڕزگاریبەخشێک بڕواننە داعش و لە دەوری کۆ ببنەوە.
(سەرۆک بارزانی) ئەوەشی خستەڕوو کە حکوومەتی ئەوکاتی بەغدا لە بری چارەسەرکردنی هۆکارەکانی ئەو شکستەی بەسەر سوپای عێراقدا هات، هەوڵی دا شکستی سیاسەتەکانی خۆی و سوپاکەی بەوە پەردەپۆش بکات کە تۆمەت بۆ هەرێمی کوردستان هەڵبەستێ، بەوەی داڵدەی سەرکردە ناڕازییەکانی سوننەی داوە، لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان پێشتر پەناگەی لێقەوماوانی شیعە بووە و ئێستاش سەدانهەزار لێقەوماوی ناوچە جیاجیاکانی عێراق له پێكهاته ئاینی و نهتهوەیی و ئیتنییه جیاجیاكان لە ترسی تیرۆر و زوڵم، هانایان بۆ کوردستان هێناوە و بەهاناوەهاتن و حەواندنەوەی لێقەوماوان لای خەڵکی کوردستان بنەمایەکی مرۆییە و لە داهاتوویشدا هەر وا دەبێت.
(سەرۆک بارزانی) سەبارەت بە پەلاماردانی کوردستان لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە ڕایگەیاند کە تیرۆریستان کتوپڕ بەو چەکە پێشکەوتووانەی لە شکاندنی هەردوو سوپای سوریا و عێراق دەستیان کەوتبوو پەلاماری کوردستانیان دا، بەو هۆیەش کە پێشمەرگە چەکی پێشکەوتوو و قورسیان لەبەردەستتدا نەبوو، لە یەک دوو ڕۆژی سەرەتادا تیرۆریستان توانییان لە چەند ناوچەیەک پێشڕەوی بکەن، بەڵام دوای ئەوە هێزی پێشمەرگە نەک هەر ڕێگەیان لە پێشڕەوەیی تیرۆریستان گرت بەڵکو کەوتنە حاڵەتی هێرشبردن و ئێستا زۆربەی ئەو ناوچانە ئازاد کراونەتەوە کە تیرۆریستان داگیریان کردبوو و ئەو شوێنانەی تا ئێستایش داگیر کراون ئازاد دەکرێنەوە. تەئکیدیشی کردەوە کە تیرۆریستان تەنیا لەبەرەی شەڕ لەگەڵ کورددا شکاون و لە شوێنەکانی تر هیچ بەرگرییەک بەرانبەر داعش ناکرێت.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوەشی ڕاگەیاند کە "نابێ عێراقییەکان تەنیا چاویان لە دەستی پێشمەرگە بێت بۆ شکاندنی تیرۆریستانی داعش، چونکە ئێمە ناوچەکانی خۆمان ئازاد دەکەین و ناکرێ ئەوان هەر تەماشاچی بن و، پێویستە خۆیان ڕێک بخەنەوە و ناوچەکانیان لە داعش پاک بکەنەوە."
لەوبارەیەوە (سەرۆک بارزانی) زیاتر گوتی: "پێشمەرگە توانی ئەو تەڵیسمە بشکێنێت کە گوایە داعش زۆر بەهێزە و ناشکێت، بۆیە ئێستا دەبێ عێراقییەکان ئەو ترسەیان بڕەوێتەوە و هێرش بکەنە سەر تیرۆریستان، بۆ ئەوەش پێویستە سوپای عێراق ڕێک بخرێتەوە بە جۆرێک، کە هەموو پێکهاتەکان ڕۆڵیان هەبێت و پلانێکی هاوبەش بە بەشداریی هەموو لایەنەکان هەبێت."
(سەرۆک بارزانی) جەختیشی کردەوە کە تەنیا کردەوەی سەربازی بۆ شکاندنی داعش بەس نییە و پێویستە سەرچاوە داراییەکانیان وشک بکرێت و ڕێگەی هاتنی تیرۆریستانیش بۆناو ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە بگیرێت.
دواتر (سەرۆک بارزانی) سوپاسگوزاریی خۆی پێشکەشی ئەمەریکا کرد کە بەدەم داواکارییەکەیەوە هاتن بۆ پێشکەشکردنی پشتیوانیی هێزی ئاسمانی بۆ شاری کۆبانی و ڕێگەیان نەدا کۆبانی بکەوێتە دەست تیرۆریستانی داعش، تەئکیدیشی کردەوە کە لێدانی تیرۆریستان لەناو خاکی سووریا زۆر گرینگە بۆ ئەوەی تیرۆریستان لەناو عێراق نەتوانن سووریا وەک پەناگە بە کار بهێنن.
لای خۆیەوە جێگری ڕاوێژکاری ئاساییشی نەتەوەیی ئەمەریکا سوپاسی (سەرۆک بارزانی) کرد بۆ ڕوونکردنەوەکەی و ڕایگەیاند کە ئەوە بەرچاوڕوونییەکی زۆر گەورەیە بۆ ئەمەریکا. ڕاشیگەیاند: "کاتێک تیرۆریستان پەلاماری کوردستانیان دا، (سەرۆک ئۆباما) بە ئێمەی گوت دەبێ هەولێر بپارێزن و ئێمە ئەرکی سەرشانی خۆمان ڕاپەڕاند، ئێستایش ئەمەریکا و کوردستان ڕێگەیەکی درێژی هاوکارییمان لەپێشە و پێکەوە لەگەڵ هاوپەیمانانمان سەرکەوتنی گەورەتر وەدەست دەهێنین، سوپاس بۆ هاوکاری و هەماهەنگیی ئێوەیش کە توانیتان تەڵیسمی داعش تێک بشکێنن، سەرکەوتنەکانی ئێوە زۆر گەورە بوون و پێویستە پەیامی ئەو سەرکەوتنانە بگاتە هەموو دنیا، تا هەموو تیرۆریستانەی بە خەیاڵی سەرکەوتنی بەردەوامەوە دێنە ناو داعش، بزانن داعش هێزێک نییە بتوانێ هەر لە سەرکەوتندا بێت."
(تۆمی بلینکێن) هەروەها گوتی: "هیوامان وایە سوپای عێراقیش بگاتە ئەو ئاستەی وەک پێشمەرگە بتوانێ بکەوێتە حاڵەتی هێرشبردن"، ئاماژەشی بەو یەکەیەی سوپای عێراق دا کە لە ناوچەی بێجی خۆڕاگرییان کرد. هیواشی خواست کە حکوومەتی نوێی عێراق بتوانێت لە کاتی پێکهێنانەوە و ڕێکخستنەوەی سوپای عێراقدا هاوسەنگیی هەموو پێکهاتەکان ڕەچاو بکات تا ببێتە سوپایەکی نیشتیمانیی بۆ هەموو عێراق.
ڕاشیگەیاند: "لە ئێستادا هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە 60 وڵات پێکهاتووە کە هەریەکێکیان لە ڕووی سەربازی و وشککردنی سەرچاوەی دارایی تیرۆریستان و ڕێگە گرتن لە هاتنی تیرۆریستان بۆ ناو داعش، ئەرکێکی وەئەستۆ گرتووە، بۆیە بەو هەماهەنگی و هاوکارییەی نێوانمان دەتوانین تیرۆریستان تێک بشکێنین."
باسکردنی پرۆسهی سیاسی له عێراق و پێكهێنانی حكوومهتی نوێ و پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە بوو و هەردوولا هاوڕابوون کە پێویستە ئەو بەرنامەیەی لەکاتی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراقدا ڕاگەیەندراوە جێبەجێ بکرێت و کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر بکرێن.




