لیژنەی بەدواداچوونی راستییەكانی یوئێن سەردانی هەرێم دەكات.. بۆ لێكۆڵینەوە لەسەر تاوانەكانی داعشە

هەولێرKDP.info- یاریدەدەری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ مافەكانی مرۆڤ، لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە، وێڕای ستاییشكردنی هەوڵەكانی هەرێمی كوردستان بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ و لەباوەشگرتنی ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەر رایگەیاند، پێویستە بابەتی جینۆساید و كۆمەڵكوژی لەناو یاساكانی هەرێم و عێراقدا جێگەی بكرێتەوە. دەشڵێت، بۆ لێكۆڵینەوە لەسەر تاوانەكانی داعش، بڕیارە لیژنەی بەدواداچوونی راستییەكانی یوئێن سەردانی هەرێم بكات.
یاریدەدەری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ مافەكانی مرۆڤ (ئیڤان سیمۆنۆبیك)، بە یاوەریی شاندێك و بۆ بەدواداچوونی رەوشی مافی مرۆڤ، سەردانی هەرێمی كوردستانیان كرد و لەگەڵ جێگری بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە (د. دیندار زێباری) كۆ بوونەوە.
لە دانیشتنێكدا باسیان لە كارەساتی مرۆیی بەرانبەر هاووڵاتیانی ئێزدی لە شنگال و پێكهاتە جیاوازەكانی ئایینی و نەتەوەیی لە لایەن داعشەوە كرد. بە تایبەتی تیشك خرایە سەر راگواستنی خەڵكی ناوچەكە و رفاندنیان و ئەنجامدانی كۆمەڵكوژی بەرانبەر پێكهاتە جیاوازەكانی نەتەوەیی و ئایینی كە ئێستا لە كەمپەكانی هەرێمی كوردستان نیشتەجێ بوون.
هەروەها باس لە رێكارە یاساییەكان كرا بۆ بەجینۆسایدناساندنی تاوانە دژی مرۆییەكانی داعش لە شنگال و ناوچەكانی دیكە و گرینگی بەو هەنگاوانەی حكوومەتی هەرێم درا كە بۆ ئەم مەبەستە هاوییشتراون وەك پێكهێنانی لیژنەی تایبەت بۆ بەجینۆسایدناساندنی كۆمەڵكوژیی ئێزدی و پێكهاتەكانی دیكە.
(زێباری) داوای لە نەتەوە یەكگرتووەكان كرد لەسەر ئاستی ئەنجوومەنی ئاساییش هەوڵی جیددی بدات بۆ بەجینۆسایدناساندنی تاوانەكانی داعش بەرانبەر هاووڵاتیانی ئێزدی، كە پێویستە یوئێن رۆڵی خۆی بەرانبەر ئەم تاوانە جێبەجێ بكات، بۆ ئەم مەبەستەیش پێشنیازی كرد نەتەوە یەكگرتووەكان كۆمیسیۆنێك تایبەت لە شارەزایان پێك بێنێت بۆ لێكۆلََّینەوە لە تاوانی دژی مرۆیی كە بەرانبەر ئێزدی و پێكهاتەكانی دیكە ئەنجام دراون.
داوایشی كرد رێككەوتننامە سیاسییەكان نەبنە بەربەست لە بەردەم بەجینۆسایدناساندنی ئەو كۆمەڵكوژییەی كە بەرانبەر هاووڵاتیانی ئێزدی و پێكهاتەكانی تر ئەنجام دراون. هەروەها ئاماژە بە بوونی دۆكیومێنت و بەڵگەنامە لە بەردەستی حكوومەتی هەرێم كرد، بە تایبەتی رفاندنی هاووڵاتیانی ئێزدی و كۆمەڵكوژی و لەناوبردنی شوێنەوارە مێژوویی و ئایینییەكانی پێكهاتەكانی ناوچەكە، كە پێویستە یوئێن پەیماننامەكەی سەبارەت بە رێگرتن لە روودانی جینۆساید جێبەجێ بكات كە لە سالًَی 1948 ئیمزا كراوە.
هەرێمی كوردستان هێشتا چاوەڕێی یوئێن دەكات بۆ جێبەجێكردنی ئەركی خۆی بەرانبەر ئەو كارەساتە مرۆییانەی كە بەرانبەر گەلی كورد ئەنجام دراون، وەك كۆمەڵكوژییەكانی هەڵەبجە و ئەنفال و ئێزدییەكان.
یاریدەدری (بان كی مون) سەرەڕای ستاییشكردنی هەوڵەكانی هەرێمی كوردستان بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ بە شێوەیەكی گشتی و لەباوەشگرتنی ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەر رایگەیاند، پێویستە بابەتی جینۆساید و كۆمەڵكوژی لەناو یاساكانی هەرێم و عێراقدا جێگەی بكرێتەوە و تیشكی خستە سەر پێویستیی ئاشتەوایی سیاسی لە عێراقدا.
گوتیشی كە، بڕیارە لیژنەی بەدواداچوونی راستییەكان سەردانی هەرێمی كوردستان بكات بۆ لێكۆڵینەوە لەسەر تاوانەكانی داعش بەرانبەر هاووڵاتیانی ئێزدی و پێكهاتەكانی دیكەی ناوچەكە، كە هەنگاوێكی گرینگە بۆ پێشخستنی دۆسیەی بەجینۆسایدناساندنی تاوانەكانی بەرانبەر كوردانی ئێزدی.
هەردوو لا باسیان لە میكانیزمی نێودەولًًَەتی كرد بۆ بەجینۆسایدناساندنی كۆمەڵكوژیی دژی هاووڵاتیانی ئێزدی و پێكهاتەكانی تر، وەك دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی و ئەندامەتیی عێراق لە پەیماننامەی رۆما و پێویستە ئەنجوومەنی ئاساییش بڕیارێك دەربكات بۆ دروستكردنی لیژنەی تاوانی نێودەوڵەتی لە عێراق بۆ لێكۆڵینەوە لەسەر تاوانە دژە مرۆییەكانی كە بەرانبەر گەلی كورد ئەنجام دراون.
شاندەكەی یوئێن سەردانی ژمارەیەكی گرتووخانەكانی هەرێمیان كردووە و بڕیاریشە سەردانی دهۆك بكەن، بۆ لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە رەوشی ئاوارەكانی ئێزدی و پێكهاتە جیاوازەكانی دیكە كە لە كەمپەكانی سنووری پارێزگای دهۆك نیشتەجێ بوون.




