٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پارێزگاری هەولێر 200 خێزانی ئاوارەی كۆبانیی لە كەورگۆسك بەسەر كردنەوە.. حكوومەت هەموو پێداویستییەكیان بۆ دابین دەكات

سەرچاوە: KDP.info

كەورگۆسك-kdp.info- بە مەبەستی ئاگاداربوون لە رەوشی كوردانی ئاوارەبووی كۆبانی كە یەكەم كاروانی دووسەد خێزانی گەیشتوونەتە سنووری پارێزگای هەولێر، (نەوزاد هادی) پارێزگاری هەولێر سەردانی كەمپی كەورگۆسكی كرد.

لە میانەی بەسەركردنەوەی رەوشی ئاوارەكاندا بە یاوەریی قایمقامی قەزای خەبات (رزگار مستەفا) و بەڕێوەبەری ناحیەی كەورگۆسك (جەمال مەنتك) و نوێنەرانی كۆمسیۆنی كاروباری پەنابەران و دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ئیدارەی كەمپەكە، لە نزیكەوە ئاگاداری رێوشوێنەكانی پێشوازیكردن و لەخۆگرتنی ئەو ئاوارانە بوون كە مەزەندەی هاتنی ژمارەیەكی زۆریان دەكرێت لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا.
وێڕای دڵنیاكردنەوەی ئەو خوشك و برا ئاوارانە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر راسپاردە و فەرمانی (سەرۆك بارزانی) هەموو رێوشوێنێكی پێویست دەگرێتە بەر بۆ پێشوازیكردن و نیشتەجێكردن و خزمەتكردنیان وەكو ئەركێكی نیشتمانی و نەتەوەیی.
پارێزگاری هەولێر جەختی كردەوە كە هەوڵەكان بەردەوامن بۆ ئامادەكردنی شوێنی پێویست و تەواوی پێداویستی لە خواردن و پێخەف و كەلوپەلی ناوماڵ لە كەمپەكانی دیكەی وەكو باسرمە و قوشتەپە و بەحركە و دارەشەكران بۆ لەخۆگرتنی هەر ژمارەیەكی تری خوشك و برایانی ئاوارەی كۆبانی و نیشتەجێكردنیان لەو كەمپانە و هەماهەنگیی تەواویش لەگەل ئاژانسەكانی UN و ئەوانی دیكەی خێرخوازی كراوە بۆ دابینكردنی هەموو پێداویستییەكی مرۆیی و تەندروستی و پەروەردەیی بۆیان.

كەنعان بەهادین
 

هەواڵی پەیوەندیدار