٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ناکرێ دەستەوئەژنۆ سەیری داگیرکارییەکانی داعش بکەین.. حیزبەکەی مێرکڵ: چەک دان بە پەکەکە بە دوور نابینین

سەرچاوە: KDP.info

بەرلین-KDP.info-  گەورەبەرپرسێکی حیزبی یەکیەتیی دیموکراتی مەسیحییەکانی ڕاوێژکاری ئەو وڵاتە(ئەنگێلا مێرکڵ)، دەڵێ، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعشدا، دانی چەک بە پارتیی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) بە دوور نابینن.
ئەڵمانیا وەک چاوەڕوان دەکرا، بڕیاری دا و چەکیشی بۆ هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان نارد، بەڵام (ئەنگێلا مێرکڵ) پێشتر بە دووری بینی کە چەک بدات بە هێزێکی وەک پەکەکە کە دەیان ساڵ شەڕی لەپێناو حوکمی خۆبەڕێوەبەری بەرپا کردووە و، ئەمەریکا و ئەورووپایش وەک هێزێکی "توندڕۆ" ناساندوویانە.
لە لایەکی دیکەوە تورکیا هەر پێشنیازێک بۆ دانی چەک بەو حیزبە کوردییە ڕەت دەکاتەوە. هەڵبەت ئانکارا هێشتایش بەرگری لە گوشارەکان بۆ چوونە نێو هاوپەیمانەتیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش دەکات.
سەرۆکی فڕاکسیۆنی  حیزبی یەکیەتیی دیموکراتی مەسیحییەکان(فۆلکەر کودر)، بە شپیگڵ ئۆنلاینی ڕاگەیاندووە، "بە کێشەی نێوان تورکیا و پەکەکە دەزانین، بەڵام دەستەوئەژنۆ دانیشین و سەیری داگیرکاریی داعش بکەین کە چۆن دەست بەسەر شارە سنوورییە گرینگەکاندا دەگرێت، کە دەبێتە هەڕەشە بەسەر ئاساییشی جیهانەوە، ئەمە ڕێچارە نییە."
زیاتر گوتی، "بە دووری نابینم پشتیوانیی گرووپی دیکە بدرێ. بەڵام دەبێ ئەمە لەگەڵ تورکیا ئەنجام بدرێ نەک دژ بە ئەو. ئەمەیش پارتیی کرێکارانی کوردستانیش دەگرێتەوە."

ڕۆیتەرز- زریان زیاد
 

هەواڵی پەیوەندیدار