٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پارتی داوای پۆستی پارێزگاری هەڵەبجە دەكات

سەرچاوە: KDP.info
بەرپرسی لقی 12ـی پارتیی دیموكراتی كوردستان

هەڵەبجە-KDP.info- بەرپرسی لقی 12ـی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە هەڵەبجە ڕایگەیاند، زەمینەسازی بۆ كاتی سەردانی لیژنەی باڵای ئەنجوومەنی وەزیران دەكرێت كە بڕیارە لە ماوەی داهاتوودا سەردانی هەڵەبجە بكەن. دەشڵێت، "هەموومان كۆكین لەسەر ئەوەی كە پەلە لە یەكلاكردنەوەكەی دانانی ئەنجوومەن و پارێزگارەكەی بكرێت، ئێمەیش بۆ خزمەتی زیاتری هەڵەبجە و دەڤەرەكەیش، داوای پۆستی پارێزگاری هەڵەبجە دەكەین".

بەرپرسی لقی 12ـی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە هەڵەبجە (سەعید پشدەری)، بە KDP.INFOـی راگەیاند، لە ماوەی رابردوودا ئەنجوومەنی وەزیران لیژنەیەكی راسپارد بۆ چۆنیەتیی پڕاكتیزەكردنی بڕیاری بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، ئەمڕۆیش لیژنەیەكی یاساییی تەكنیكی كە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە راسپێردراون، لە هەڵەبجە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، كەمپینی لیژنەكانی بەدواداچوونی پرسی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، هەروەها مامۆستایانی ئایینی و كۆمەڵێك لە خەڵكانی دیكەیش كۆ دەبنەوە.

(پشدەری) زیاتر گوتی، "دەستپێكی كۆبوونەوەكە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی هەڵەبجە بوو و تاوتووی لایەنی یاسایی و چۆنیەتیی پڕاكتیزەبوونی ئەو بڕیارەمان كرد، خۆشبەختانە پێمان وایە هەم لیژنەكە بەرچاوی روونتر بوو و هەمیش ئێمە بەرچاومان روونتر بوو، هەموو ئەوانەیش رێخۆشكردنە بۆ كاتی سەردانی ئەو لیژنە باڵا راسپێردراوەی كە بڕیارە لە ماوەی داهاتوودا سەردانی هەڵەبجە بكەن".

بەرپرسی لقی 12ـی پارتیی دیموكراتی كوردستان ئاماژەیشی دا، "ئەوەی ئێمە تێبینی دەكەین، پێمان وایە نە لە رووی یاسایی و نە لە رووی تەوافوقی سیاسییەوە گرفتێكی ئەوتۆمان نابێت، چونكە هەموو لایەنە سیاسییەكان لە كۆبوونەوەكاندا بڕیارمان داوە كە بەرژەوەندیی شارەكە لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەكانی دیكەوە بێت، ئەوەیش گەشبینی بە خۆمان و خەڵكی هەڵەبجەیش دەبەخشێت، پێشبینیی ئەوەیش دەكەین ئەو كەیسە دوا نەخرێت و تێكەڵ بە كەیسی پارێزگاكانی دیكە نەكرێت، بە تایبەت پارێزگای سلێمانی و بە جیا رەفتاری لەگەڵدا بكرێت".

دەشڵێت، "هەموومان كۆكین لەسەر ئەوەی كە دەبێت پەلە لەو بابەتەدا بكرێت و دانانی ئەنجوومەن و پارێزگارەكەی یەكلا بكرێنەوە، كە هەموو ئەوانە نەگەنە 16/3 یادی كیمیاباران و كارەساتی هەڵەبجە، بۆیە بەر لەو ماوەیە دەبێت یەكلا بكرێنەوە".

سەبارەت بە پۆستەكانی پارێزگای هەڵەبجە و یەكلاكردنەوەیان لەلایەن لایەنە سیاسییەكانەوە (سەعید پشدەری) ڕایگەیاند، "زۆر بە فەرمی نا، بەڵام جۆرێك لە گفتوگۆمان هەبووە لەگەڵ هەندێك لە لایەنەكان وەكو پارتییش پێشنیازی ئەوەمان كردووە كە لە هەفتەی داهاتوودا كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكان بكرێت بۆ ئەوەی تەوافوقی سیاسی لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان بكەین".

لەبارەی داواكاری و بەركەوتنی پۆستەكانی پارێزگای هەڵەبجە، بەرپرسی لقی 12 گوتی، "پارتی ئەوەی كە لە سەرووی هەموو شتەكانی دیكەوە دەیبینێت و بەلامانەوە گرینگە، چۆنیەتیی پەلەكردنە لە جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە و پەیكەری ئیداری و دانانی پارێزگارێك بۆ شارەكە، ئەوەیش لە بڕیارەوە بچێتە بواری كردارییەوە كە لە ئەولەوییەتی كارەكانی ئێمەیە، دووەمیان ئێمە  پێمان وایە بۆ بەرژەوەندی و خزمەت و زیاتر قەرەبووكردنەوەی ئەو زیانانەی بە هەڵەبجە كەوتوون، جا قەرەبووەكان لە ڕووی ماڵی بێت یان سایكۆلۆژی، بۆ هەموو ئەوانە دەمانەوێت پۆستی پارێزگاری هەڵەبجە كە پۆستی یەكەمە، بۆ پارتیی دیموكراتی كوردستان بێت، ئێمە دەمانەوێت ئەو پۆستە بۆ خزمەتی زیاتری هەڵەبجە و دەڤەرەكە بە شێوەیەكی گشتی بەگەڕ بخەین".
زیاتر گوتی، "ئەوە خواستی ئێمەیە كە پۆستی پارێزگاری هەڵەبجە وەربگرین، لەبەر ئەوەی هەڵبژاردن لێرە نەكراوە، بێگومان دەبێ‌ بگەرێینەوە بۆ دوو شت، یەكێكیان ئەنجامی هەڵبژاردن بەپێوەر حیساب بكەین كە لەسەر ئاستی هەرێم ئێمە هەڵبژاردنەكان بیكەینە پێوەر، ئەوە دیارە لایەنی یەكەم ئێمەین وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەوەی دیكەیشیان ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ بنەما یاخود پرەنسیپی تەوافوقی سیاسی، بێگومان لەو كاتەشیان ئەگەر ئەو رێككەوتنە سیاسییە بە ئاراستەی ئەوە بڕوا كە ئێمە ئەو پۆستە وەربگرین، پێمان وایە باشتر دەتوانین بە كاری بێنین بۆ خزمەتی شارەكە و هاووڵاتیانی خۆشەویستی هەڵەبجە".

KDP.INFO
 

هەواڵی پەیوەندیدار