٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پارتی و یەکێتی جەختیان لە هەموارکردنەوەی ڕێککەوەتنی ستراتیژی کردەوە.. نێچیرڤان بارزانی: پەیاممان بۆ تەڤدەم ئەوەیە یەکگرتوو بن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ( نێچیرڤان بارزانی) دووپاتی کردەوە کە، پارتی و یەکێتی خاڵی هاوبەشیان زۆرن و لە ڕێگەی ڕێککەوتنی ستراتیژییشەوە دەستکەوتی زۆریان بۆ گەلی کورد بە دەست هێناون، بەڵام بەپێی هەلومەرجی ئێستا بڕیاریان داوە، هەمواری بکەنەوە. دەربارەی کۆبانییش گوتی، هەڵوێستی پارتی و یەکێتی یەکە و بەوەی لە توانایاندا بێ هاوکارییان دەکەن، بەڵام ئەولەویەت بۆ هەرێمی کوردستانە.

پاش کۆبوونەوەی هەردوو شاندی پارتیی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان، لە نووسینگەی تایبەتی (نێچیرڤان بارزانی)، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەش بۆ هەریەک لە جێگری سەرۆکی پارتی و کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ساز درا.
(مەلا بەختیار) لەو کۆنگرەیەدا گوتی، "ڕێککەوتنی ستراتیژی ئەگەر گرێیەکیشی تێ کەوتبێ، گرێبەستی سیاسیی هەردوو لامان بووە، ئەمەی ئێستایش ئەو کۆکردنەوەیەیە کە بەرەنجامی ڕێککەوتنی ستراتیژییە، بۆیە لەو هەلومەرجەی ئەوسای ڕێککەوتنی ستراتیژی، کە لەڕێیەوە زۆر شتمان لێیەوە بە دی هێناوە، پێویستی بووە و، ئێستایش وەها پێویست دەکات پێیدا بچینەوە."
گوتیشێ، "بۆ هەموارکردنەوەیشی لیژنەیەکی باڵا، کە لە لایەن پارتییەوە کاک (نێچیرڤان بارزانی) و لە یەکێتییش(مەلابەختیار) پێک هاتووە و سەرپەرشتیی ڕاگەیاندنەکانمان و بوارەکانی دیکەیش دەکەین."
زیاتر گوتی، "ئێمە خاڵی هاوبەشمان هەن، بەڵام گوشار لە لایەن هیچ کاممانەوە بۆسەر ئەوەی دی نییە"، گوتیشی "پاش لێتێگەیشتنی نێوانمان، بە نیازین، ئێمە و پارتی و گۆڕان کۆ ببینەوە و ئەو بەستەڵەکەی لە نێوانمان هەیە بیتوێنینەوە و کێشەکان وەلا بنێێن."

(مەلا بەختیار) دەربارەی ئەگەری هەبوونی جیاوازیی تێڕوانینیان بۆ پرسی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی لە لای پارتی و یەکێتییەوە گوتی، "جاران دەربارەی پرسی سەربەخۆیی، ڕاگەیاندنەکان هەندێ چەمکی هەڵەیان بە کار دەبرد، ئێمە و پارتییش هیچ یەکمان سڵ لەو پرسە ناکەینەوە، بەڵام سەرچڵی بەو بڕیاریشەوە ناکەین تا پەرلەمان ئەم پرسە یەکلا ناکاتەوە، هیچ کاتیش وادەیەکمان بۆ ڕاگەیاندنی نەدرکاندووە. ئەمە پرسێکە وابەستەی هەلومەرجی نێوخۆیی و هەرێمییە و هەردوو لایشمان لەبارەیەوە کۆکین."
هاوکات (نێچیرڤان بارزانی) دەربارەی ڕێککەوتنی ستراتیژی گوتی، "ئەو ڕۆژەی ڕێککەوتنی ستراتیژی کراوە، بە لەبەرچاوگرتنی ڕووداوەکان، پێداوییستییەکی گرینگ بووە و بە هۆیەوە زۆر دەستەکەتمان بۆ گەلەکەمان بە دەست هێناون. لە ئێستایشدا ئاساییە پێیدا بچینەوە و لەگەڵ ئەم سەردەمە بیگونجێنین. بەڵام سەرباری ئەمە بریاری ئێمە و یەکێتییە کە پێکەوە کار دەکەین و کەناڵی تر بۆ پێوەندییەکانمان دەدۆزینەوە."
دەربارەی ئەوەی کە لە داهاتوودا و بەپێی ڕێککەوەتنی نێوانیان، ئایا پێکەوە و وەک لە ڕابردوودا کراوە، دەچنە هەڵبژاردنێکەوە، (نێچیرڤان بارزانی) دەڵێ، "چوارچێوەیەک بەپێی هەلومەرجی ئێستا دادەڕێژین و لە داهاتوویشدا بڕیار لەوە دەدەین کە پێکەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکەین یان نا."
(نێچیرڤان بارزانی) دەربارەی بایەخی ڕێککەوتنی ستراتیژی گوتی کە، "یەکەمیان پێویستی بووە، دووەم هەلومەرجی ئەمڕۆ گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، "هەردوو لایشمان کۆکین لەوەی ڕێککەوتنی نێوان ئێمە هەموار بکرێتەوە، بێگومان دواتر لەگەڵ لایەنەکانی دیکەیشدا کۆ دەبینەوە، بۆ ئەوەی تێگەییشتنی اهوبەش لە نێوان هەموو لایەنەکاندا هەبێ."
دەربارەی چوونی وەزیرە کوردەکانیش بۆ بەغدا و سوێندخواردنیان، گوتی، "وەزیرە کوردەکان ئەمڕۆ دەچنە بەغدا، هەر کاتێک دانیشتنی تایبەتیش لە پەرلەمان کرا ئەوا وەزیرەکانی ئێمەیش دەچن و سوێند دەخۆن."
زیاتر گوتی، "ئێمە و یەکێتی هاودەنگین لەوەی کە پێویستە هەوڵی جیددی بدرێ بەپێی بەرژەوەندیی هەردوو لامان، تا کێشەکانمان لەگەڵ بەغدا چارە بکەین." گوتیشی "دوای سوێندخواردنی وەیزەکانیش، شاندێک پێک دێنین بۆ چوونە بەغدا."
ئاماژەیشی دا کە، "هەرشتێک لەبارەی (عەبادی)-یەوە بگوترێ زووە و "بەو هیوایەین بتوانین پێکەوە کار بکەین، ئێمە لە قسەکردندا ئەو ڕۆحیەتە دەبینین، بەڵام ئەگەر ئاساییش و زۆر شتی دیکەمان پێکەوە بەستراون، ئەوا دەبێ کاری هاوبەش لە نێووانماندا هەبێ، بەڵام پێشتر ئەو بوارە نەدراوە کە پێکەوە کار بکەین و هەمیشە پەرواێز خراوین."
(نێچێرڤان بارزانی) دەربارەی دۆخی کۆبانی و چۆنیەتیی هاوکاریکردنیان و دیتی یەکێتی و پارتی لەبارەیەوە، دەڵێ، "یەکێتی و پارتی لەسەر کۆبانی کۆکین و سیاسەتیشمان هەریەکە، ئەوەی بۆیشمان بکرێ دەکەین، بەڵام دەبێ ئەوە بزانرێ کە ئەولەویەتمان هەرێمی کوردستانە."
دەربارەی کۆبوونەوەی هەردوو ئەنجوومەنی ڕۆژئاوای کوردستان و ئەگەری گەییشتن بە ڕێککەوتن، گوتی "پەیامی ئێمە بۆ تەڤدەم ئەوەیە کە لە نێو خۆیاندا یەکگرتوو بن و، دەستیش ناخەینە کاروبارەکانیانەوە."

 

هەواڵی پەیوەندیدار