خورماتوو.. پاش وەدەرنانی داعش، یەکەم ئۆتۆمبێلی مینڕێژکراوی لێ تەقێندرایەوە

خورماتوو-KDP.INFO- سەرلەبەیانیى ئەمرۆ پێنجشەممە، لە گەڕەکێکى ناو شارۆچکەى خورماتوو ئۆتۆمبێلێکى بارهەڵگر تەقێندرایەوە و چەند بریندارێک هەن .
بەرپرسى ئاساییشى خورماتوو بەKDP.INFO ى ڕاگەیاند، لە گەڕەکى موستەفاى ناو شار ئۆتۆمبیلێکی جۆرى کیاى بارهەڵگر تەقێندرایەوە و لە دواى پاککردنەوەى شارۆچکەى خورماتوویش لە تیرۆریستانى داعش، ئەمە یەکەم ئۆتومبێلە لە شارۆچکەکە بتەقێندریتەوە .
(رائید فارووق) گوتیشی، لەم تەقینەوەیەدا زیانى گیانى نەبووە، بەڵام دوو هاووڵاتى بە رەگەز تورکمان بریندار بوون، هەروەها زیانی ماڵی بە شوێنى ڕووداوەکە گەییشتووە .
دەربارەى رەوشى ئەمنیی خورماتوویش، دەڵی، لە ئێستادا رەوشى شار زۆر سەقامگیرە و سنوورى خورماتوو و هەموو گوندەکانیشی لە تیرۆریستانى داعش پاک کراونەتەوە .
نەشوان بەرزنجى




