بریاری پەرلەمان بۆ پاڵپشتیكردنی ئیرادەی گەلی رۆژئاوا بە كۆی دەنگ پەسند كرا.. یەكڕیزیمان گەرەنتیی بەدەمەوەهاتنی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە
__2014_10_15_h21m44s55__LB.jpg)
هەولێر-KDP.info- پەرلەمانی كوردستان، بە شێوەیەكی فەرمی ددانی بە كانتۆنەكانی رۆژئاوای كوردستاندا نا و بەلاغی كۆبوونەوەكەی لەبارەی رۆژئاوای كوردستانەوە بڵاو كردەوە.
دوو رۆژە پەرلەمانی كوردستان لەبارەی رۆژئاوای كوردستانەوە كۆ دەبێتەوە و ئێوارەی دوێنێیش ددانی بە كانتۆنەكانی رۆژئاوای كوردستاندا نا و بەغێكی بڵاو كردەوە كە تێیدا هاتووە، "پەرلەمانی كوردستان داوا لە فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێم و سەرجەم نوێنەرایەتییەكانی حكوومەتی هەرێم لە وڵاتان دەكات، لە رێگەی رەوەندی كوردستانی و پەرلەمانتارانی كورد لە پەرلەمانی وڵاتانەوە هەوڵەكانیان بۆ بەدەمەوەهاتنی وڵاتان بۆ كۆبانی چڕتر بكەنەوە".
پەرلەمانی كوردستان هەروەها داوای كردووە كە هەرێمی كوردستان هەموو هەوڵێك بدات تا دەوڵەتی توركیا رێگە بۆ گەییشتی هێزی پێشمەرگە بە كۆبانی بكاتەوە.
لە بەشێكی دیكەی بەلاغەكەدا پەرلەمان بە پێویستی زانیوە كە سەرجەم حزب و هێزە كوردستانییەكان یەكڕیزی و هاوهەڵوێستیی نێوانیان بپارێزن و دەرچوون لە ستراتیژی نیشتمانی و نەتەوەیی هیڵێ سوور بێت، جەختیشی لەوە كردووەتەوە كە یەكڕیزیی كورد، زامنی بەدەمەوەهاتنی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە.
دەقی بەلاغەكەی پەرلەمانی كوردستان:
1- پەرلەمانی كوردستان داوا لە فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێم و سەرجەم نوێنەرایەتییەكانی حكوومەتی هەرێم لە وڵاتان دەكات، لە رێگەی رەوەندی كوردستانی و پەرلەمانتارانی كوردەوە لە پەرلەمانی وڵاتان، هەوڵەكانیان چڕتر بكەنەوە بۆ بەدەمەوەهاتنی وڵاتان بۆ كۆبانی.
2- هەرێمی كوردستان هەموو هەوڵێك بدات تا دەوڵەتی توركیا رێگە بۆ گەییشتی هێزی پێشمەرگە بە كۆبانی بكاتەوە.
3- پێویستە سەرجەم حزب و هێزە كوردستانییەكان یەكڕیزی و هاوهەڵوێستیی نێوانیان بپارێزن و دەرچوون لە ستراتیژی نیشتمانی و نەتەوەیی هیڵێ سوور بێت، چونكە یەكڕیزیمان زامنی بەدەمەوەهاتنی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە.
4- ناڕەزایەتییەكان بۆ پشتگیری لە كۆبانی، پێویستە بە شێوازی ئاشتیانە ئەنجام بدرێن و دوور بن لە بانگەشەی حیزبی.
5- هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و هاوكاریی گەلی رۆژئاوا و پێشمەرگە لە باشووری كوردستان لە ڕووی چەك و پێداویستیی سەربازی بكات كە بە نوێنەرایەتیی دنیا شەڕی دژی داعش دەكات.
6- داوا لە نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوە نێوەدەوڵەتییەكان دەكەین هاوكارە مرۆییەكانیان بگەیەننە خۆرئاوای كوردستان.
7- داواكارین رێكخراوە خێرخوازییەكانی هەرێمی كوردستان هاوكاریی ئاوارەكانی رۆژئاوای كوردستان بكەن.
8- داوا لە حكوومەتی فیدراڵ دەكەین، بە شێوەیەكی فەرمی ددان بە شێوازی خۆبەڕێوەبەریی گەلی رۆژئاوای كوردستاندا بنێت.
9- داواكارین دەوڵەتانی هاوپەیمان، ناوچەی دژەفڕین لە رۆژئاوای كوردستان دروست بكەن بۆ رێگەگرتن لە كۆمەڵكوژی.
پەرلەمانی كوردستان سوپاسی دەوڵەتان و رێكخراوەكانی ناوخۆ و دەرەوە دەكات كە هاوكاریی گەلی رۆژئاوای كوردستان بە گشتی و بە تایبەت كۆبانییان كردووە.




