هەردوو ئەنجوومەنەکەی ڕۆژئاوا، سێ خاڵ تاوتوو دەکەن

دهۆک-KDP.info- هەردوو ئەنجوومەنی رۆژئاوای کوردستان کۆ بوونەوە و ئامادەکاری دەکەن تا لەسەر سێ خاڵی گرینگ قسە بکەن، ئەوانیش بریتین لەوەی كە چۆن حوکمی رۆژئاوای کوردستان بکەن و هێزێکی هاوبەشی سەربازی پێک بهێنن و شەرعیەتێکی سیاسی و یاسایی لە رۆژئاوای کوردستان لە نێوان هەردوو ئەنجوومەندا دروست بکرێت.
پەیامنێری KDP.infoلە شوێنی کۆبوونەوەکەوە و نزیک لە گفتوگۆ و دانیشتنەکانی حیزبەکانی رۆژئاوای کوردستان لە دهۆک گوتی: "دوای کۆبوونەوەی هاوبەش ئەمڕۆ بەیانی گەییشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە هەر دوو ئەنجوومەن هەر یەکەیان سێ کەس دیاری بکەن و لیژنەیەک پێک بهێنن، ئەم لیژنەیەش لە هەردوولا شتێک بنووسن و ئامادە بکەن بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەی ئێوارەی ئەمڕۆدا ئەو خاڵانە باس بکەن کە دوو سێ پرسی گرینگن، یەکەمیان ئێستا هێزێکی چەکداری تایبەت لە رۆژئاوای کوردستان هەیە بە ناوی یەکینەکانی پاراستنی گەل یەپەگە، لەبەرانبەردا تائێستا ئەنجوومەنی نیشتیمانی کورد لە سووریا کە لە نۆ حیزب پێک دێت، لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بەشدار نین و هێزی چەکداریشیان بە ئاشکرا لە ڕۆژئاوای کوردستاندا نییە، بۆیە دەیانەوێت لە هەردوو ئەنجوومەن هێزێکی هاوبەشیان هەبێ."
خاڵی دووەم ئەوەیە: "دەڵێن ئێمە ئەو نۆ حیزبە لە کانتۆنەکانی رۆژئاوای کوردستاندا بەشدار نین، لەبەر ئەوە دەڵێن دەبێت حوکمڕانی رۆژئاواری کوردستان دابەش بکرێت 50 بە 50، لە رووی پۆستەکانەوە هەروەك چۆن پێشتر لە کۆبوونەوەکانی هەولێر کە رێککەوتنی لەسەر کرابوو."
سێیەم خاڵیش، داوا دەکرێت هەموو لایەنەکانی رۆژئاوای کوردستان مەرجەعێکی سیاسی و یاساییی هاوبەش پێک بهێن و یەکدەنگ بن لە بەرگریکردن و ئیدارە و دابەشکردنی پۆستەکانیش لەنێوان هەردوو لایەندا بە یەکسانی.
هەرسێ خاڵی سەرەکی لە کۆبوونەوەی ئێوارەدا کە لە شەش کەس پێک دێت، گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێ و دواتر بەشداریی کۆبوونەوەی گشتی لایەنەکانی رۆژئاوای کوردستان دەکەن.
پەیامنێری KDP.info راشیگەیاند، وەها چاوەروان دەکرێت لایەنەکانی رۆژئاوای کوردستان لەسەر ئەو خاڵانە ڕێک بکەون.
شیاوی باسە، دوێنێ سێشەممە، یەکەم کۆبوونەوەی ئامادەکاری بۆ لێکنزیککردنەوە و لێکتێگەییشتن، هاوکات ڕێککەوتن لە نێوان ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد و ئەنجوومەنی گەلی ڕۆژئاوا، بە سەرپەرشتیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان(مەسعوود بارزانی)، لە دهۆک بەڕێوە برا، لە میانەی کۆبوونەوەک دەرکەوت کە، هەردوو لا، لەپێناو بەرگریکردن لە ڕژئاوا کوردستان و پێکهێنانی هێزێکی هاوبەش لە کۆی لایەن سیاسییە کوردییەکان، ئامادەییان نیشان داوە.




