٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

گفتوگۆكانی پەرلەمان سەبارەت بە بارودۆخی كۆبانی بەردەوامن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-kdp.info- دوای ئەوەی لە دانیشتنی دوێنێدا پەرلەمانی كوردستان گفتوگۆیەكی تێروتەسەلی لەسەر راپۆرتی شاندی پەرلەمان بۆ كۆبانی كرد و ژمارەیەك لە ئەندامانی پەرلەمانیش بۆچوون و روانگەی خۆیان سەبارەت بەو پرسە خستە روو، سەعات 12-ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ 15/10/2014، پەرلەمانی كوردستان بە سەرۆكایەتیی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان (د. یوسف محەممەد سادق) و ئامادەبوونی جێگری سەرۆكی پەرلەمان (د. جەعفەر ئیبراهیم ئیمینكی) و سكرتێری پەرلەمان (فەخرەدین قادر عارف)، دانیشتنی دووەمی سەبارەت بەو پرسە لە ژێر ژمارە (5)ی ئاساییی خولی گرێدانی ساڵی یەكەم لە خولی چوارەمی هەڵبژاردنی بەڕێوە برد.

لە دانیشتنی ئەمڕۆیشدا كە بە ئامادەبوونی وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان (مەولوود موراد محێدین) بەڕێوە چوو، ژمارەیەكی دیكە لەو ئەندام پەرلەمانانەی كە دوێنێ ناویان تۆمار كرابوو بۆ قسەكردن، سەرنج و تێبینیی و پێشنیازەكانی خۆیان سەبارەت بە راپۆرتی پەرلەمان و رەوشی كۆبانی خستە روو و دواتر بە هۆی دروستبوونی دەمەقاڵێ لە نێوان چەند پەرلەمانتارێكەوە، سەرۆكی پەرلەمان دانیشتنەكەی بۆ ماوەیەك دوا خست.
پاشان دانیشتنەكە دەستی پێ كردەوە و سەرۆكی پەرلەمان لە گوتەیەكیدا سەبارەت بەو جۆرە دەمەقاڵییانەی كە لە نێو دانیشتنەكانی پەرلەمان لە نێوان پەرلەمانتارەكاندا دروست دەبن رایگەیاند، "بە داخەوە چەند جارێكە لە پەرلەمانی كوردستان لەم چەند دانیشتنەی رابردوودا هەندێك باس و خواس دەهێنرێنە كایەوە كە هیچ پەیوەندییان بە دانیشتنەكانەوە نییە، لەم دوو رۆژەی رابردوویشدا هەندێك جار بابەت ورووژێنراوە كە لە زمنی ئەجێندای كاری پەرلەمانی كوردستاندا نەبووە، لە زمنی ئەو بەرنامەی كارە نەبووە كە لە بەردەمی ئێوەی بەڕێزدا بووە".
هەر لە گوتەكەیدا سەرۆكی پەرلەمان سەبارەت بە ئازادیی پەرلەمانتاران لە قسەكردن گوتی، "بە راستی ئازادیی قسەكردن بۆ ئەوە نییە كە پەرلەمانتار هێرش بكاتە سەر هەر كەسایەتییەكی تر و هێرش بكاتە سەر هەر هێزێكی سیاسیی دیكە و هەوڵی دروستكردنی پشێوی بدات لەناو هۆڵی پەرلەماندا"، هاوكات ئەوەیشی راگەیاند كە، "ئەوەی كە لەسەر ئێمە پێویستە ئەوەیە كە لەناو هۆڵی پەرلەمان هەوڵی ئەوە دەدەین كە كۆبوونەوەكانی پەرلەمان تێك نەچن، بە باشترین شێوە هەوڵ دەدەین كە ئەو بارگرژییانەی هەن خاویان بكەینەوە و وا بكەین پەرچەكردار دروست نەبێت، بەڵام هەموو ئەمانە ناكاتە ئەوەی كە ئەم شێوازانە ئیستیغلال بكرێن بەوەی ئەندامی پەرلەمان هەوڵی دروستكردنی پشێوی بدات، هەوڵی لێكترازاندنی فڕاكسیۆنەكانی ناو پەرلەمان بدات بە تایبەتی كە ئێستا ئێمە لە بارودۆخێكداین لە هەموو كات زیاتر لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان و لە دەرەوەیش پێویستمان بە یەكڕیزی هەیە".
دواتر چەند ئەندامێكی دیكەی پەرلەمان سەرنج و تێبنیی و پێشنیازەكانی خۆیان سەبارەت بە پرسی كۆبانی خستە روو و بەم جۆرە سەرۆكی پەرلەمان دانیشتنەكەی بۆ سەعات 3:30-ی سەر لە ئێوارە دوا خست.    

هەواڵی پەیوەندیدار