1480 ئاوارەی كۆبانی گەییشتنە بەردەڕەش

بەردەڕەش-KDP.info- دوای ئەوەی بە فەرمانی (سەرۆك بارزانی) خاڵی سنووریی ئیبراهیم خەلیل بە رووی ئاوارەكانی كۆبانیدا كرایەوە، رۆژانە لە رێگەی ئەو خاڵە سنوورییەوە بە سەدان دانیشتووی كۆبانی روو لە هەرێمی كوردستان دەكەن و حكوومەتی هەرێمیش لە شوێنی گونجاو نیشتەجێیان دەكات.
بەرپرسی راگەیاندنی قایمقامیەتی قەزای بەردەڕەش (حیكمەت مەولوود)، بە kdp.info-ی ڕاگەیاند، پاش تێكچوونی رەوشی شاری كۆبانیی رۆژئاوای كوردستان و ئاوارەبوونی هاووڵاتیانی ئەو شارە، لە ئێستادا بەشێك لەو ئاوارانە روویان لە شارۆچكەی بەردەڕەش كردووە و شەوی رابردوویش 650 ئاوارەی كۆبانی گەییشتنە قەزای بەردەڕەش، هەروەها بەرەبەیانیی ئەمڕۆ 830 ئاوارەی دیكەیش گەییشتن و لەلایەن قایمقامی قەزای بەردەڕەشەوە بە گەرمی بەخێرهاتنیان كرا.
(حیكمەت) زیاتر گوتی، "لەگەڵ گەییشتنیان بۆ قەزای بەردەڕەش، ئەو ئاوارانە خواردنیان بۆ ئامادە كرابوو و تیمی تەندروستیی خێرایش بۆ ئەو كەسانەی كە پێویستیان بە چارەسەری خێرا هەبوو، دابین كرا.
بەرپرسی راگەیاندنی قایمقامیەتی قەزای بەردەڕەش ڕوونیشی كردەوە، بەشێك لەو ئاوارانە لە كەمپی گەویلان نیشتەجێ كران و بەشێكی دیكەیش بۆ شاری سلێمانی بەڕێ كران، لەبەر ئەوەی كەمپی گەویلان ئیستا 10500 كەسی تێدا نیشتەجێ كراون كە 7000 كەسیان خەڵكی شاری كۆبانین و 3500 كەسیشیان خەڵكی شارەكانی دیكەی رۆژئاوای كوردستانن.
لەلایەكی دیكەوە، ئاوارەكانی خەڵكی كۆبانی خۆشحاڵیی خۆیان بۆ ئەو پێشوازییە دەربڕی و سوپاسی (سەرۆك بارزانی) و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان كرد بۆ ئەو پێداویستیانەی كە بۆیان دابین كراون.
نەشوان بەرزنجی




