٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئیبراهیم برۆ: هەردوو ئەنجوومەنی رۆژئاوا بەتەنگەوە هاتن و ئامادەییان بۆ ڕێككەوتن تێدا بەرجەستەیە

سەرچاوە: KDP.info

دهۆك- KDP.info- ئەندامێكی بەشداربووی كۆبوونەوەی ئەم ئێوارەیەی هەردوو ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد و ئەنجوومەنی گەلی ڕۆژئاوا، دەڵێ، كۆبووەوەكان كۆك بوون لەوەی (سەرۆك بارزانی) پێوەست بە دۆخی كوردستان بە شێوەیەكی گشتی و كۆبانی بە تایبەت، خەمخۆرانە و دڵسۆزانە قسەی كردووە، كە وەها لە هەمووان دەخوازێ یەكگرتوو و یەكدەنگ بن. گوتیشی هەردوو ئەنجوومەن ئامادەیی ئەوەیان تێدا دەبینرێ كە لێك نزیك ببنەوە و سبەیش جارێكی دیكە كۆ دەبنەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە لە دهۆك، هەردوو ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) و تەڤگەری جڤاکی دیموکراتیک (تەڤدەم) و نوێنەرانی خۆبەڕێوەبەری، بە سەرپەرشتیی سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی) كۆ بوونەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا، دواڕەوشی سیاسی و ئەمنیی ڕۆژئاوای كوردستان، بە تایبەت هێرشی داعش، هاوكات گەییشتن بە تێگەییشتنی هاوبەش لە پێناو یەكخستنی نێوماڵی كورد و پێكهێنانی هێزێكی سەربازیی هاوبەش بۆ ڕۆژئاوای كوردستان، گفتوگۆیان لەبارەوە كرا.
سكرتێری حیزبی یەكێتیی كورد (ئیبراهیم برۆ) كە یەكێك لە بەشداربووانی كۆبوونەوەكە بووە، گوتی، كۆبوونەوەی ئەمڕۆ، وەك یەكەمین كۆبوونەوەی هەردوو شاند بوو كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەرپەرشتیی دەكرد.
(ئیبراهیم برۆ) بە KDP.infoـی ڕاگەیاند، "(سەرۆك بارزانی) بە گرینگییەوە بۆ هەردوو شاندی ئەنجوومەنی كوردانی ڕۆژئاوا، بایەخی لێكنزیكبوونەوە و ڕێككەوتنی نێوانیانی خستە بەر باسەوە."
بە گوتەی (برۆ)، هەردوو ئەنجوومەن بە بایەخەوە لە هەوڵ و تێگەییشتنی سەرۆكی هەرێمیان ڕوانی پێوەست بە دۆخی ناوچەكە و تایبەت ڕۆژئاوای كوردستان.
زیاتر گوتی، كۆبوونەوەی ئەمڕۆ ئەرێنی بوو و سبەینێش كۆبوونەوەیەكی دی دەبەستن، تێیدا گفتوگۆ لەبارەی دانوستان و خاڵەكانی كۆبوونەوەی ئەمڕۆیان دەكەن، بەڵام هیچ یەكێك لەو خاڵانەی نەدركاندن.

سكرتێری حیزبی یەكێتیی كورد، هەروەها دەڵێ، "بەتەنگەوەهاتنی ڕوون لای هەردوو  شاند بەرجەستە بوو و بە جیددی ئامادەیی خۆیان بۆ گەییشتن بە ڕێككەوتن پێشان دا."

عیماد برۆ - زریان زیاد

هەواڵی پەیوەندیدار