رۆژئاوای كوردستان پێشوازیی لە داواكارییەكانی سەرۆك بارزانی كرد.. ئاماژەكان دڵخۆشكەرن

دهۆك-KDP.INFO- ئەمڕۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ هەردوو ئەنجوومەنی نیشتمانی كوردی و ئەنجوومەنی گەلی رۆژئاوای كوردستان "پەیەدە" كۆ بووەوە و تێیدا (سەرۆك بارزانی) چەند داواكارییەكی هەبوو و هەردوو ئەنجوومەنیش پێشوازییان لێ كرد.
نوێنەری پەیەدە لە هەرێمی كوردستان (غەریب حەسۆ)، بە KDP.INFO-ی راگەیاند، ئەمڕۆ لە شاری دهۆك پێش دەستپێكردنی كۆبوونەوەی نێوان هەردوو ئەنجوومەنی نیشتمانیی كوردی و ئەنجوومەنی گەلی رۆژئاوای كوردستان "پەیەدە"، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ هاوسەرۆكی پەیەدە (ساڵح موسلیم) كۆ بووەوە كە ماوەی نیو سەعاتی خایاند.
(حەسۆ) زیاتر گوتی، پاشان كۆبوونەوەی نێوان هەردوو ئەنجوومەن بە سەرپەرشتیی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەستی پێ كرد و تێیدا (سەرۆك بارزانی) چەند داواكارییەكی هەبوون، هەردوو لایەنیش پێشوازییان لێ كرد و دواتریش گفتوگۆی زۆر كرا و كۆبوونەوەكە لە كەشوهەوایەكی برایەتی و كوردانەدا بە ڕێوە چوو.
نوێنەری پەیەدە لەهەرێمی كوردستان دەشڵێت، كۆبوونەوەی ئەمڕۆ زیاتر بۆ پێشوازیكردن بوو و تێیدا باس لە رەوشی كوردستان و ئەو تیرۆرەی بەرەوڕووی كورد بووەتەوە، كرا.
ئەوەیشی خستە ڕوو كە، بڕیارە سبەی سەعات 9-ی سەرلەبەیانی هەردوو شاند جارێكی دیكە كۆ ببنەوە، پڕۆگرامی كۆبوونەوە ئامادە بكەن و دواتر گفتوگۆی لەسەر بكەن.
ئەو هەروەها ئاماژەیشی دا كە، لە كۆبوونەوەی سبەیدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشداری ناكات، بەڵام نوێنەری سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بەشدار دەبێت.
بڵند ئیبراهیم




