٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بارزانی: بە جیددی گرفتەكانتان چارەسەر بكەن.. ئەوەی لە دەستم هاتبێ درێخیم نەکردووە.. ساڵح موسلم سوپاسی هاوكاری و هەڵوێستی بارزانی كرد

سەرچاوە: KDP.info

دهۆک-KDP.info-  (سەرۆك بارزانی) داوای لە هەموو لایەنە كوردییەكانی ڕۆژئاوا كرد كە "زۆر بە جیددی گرفتەكانیان چارەسەر بكەن و ڕوانگەیەكی ستراتیژییان بۆ دواڕۆژی گەلەکەمان لە ڕۆژئاوا هەبێت و ئێمەیش لە هەرێمی کوردستان ئامادەی هەر هاوکارییەکین و درێخی ناکەین." ڕاشیگەیاند "لای من کۆبانی و هەولێر جیاوازییان نییە، بۆیە ئەوەی لە دەستم هاتبێ درێخیم نەکردووە." لە بەرانبەردا شاندی هاوبەشی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) و تەڤگەری جڤاکی دیموکراتیک (تەڤدەم)، تەئکیدیان کردەوە کە لەگەڵ بۆچوونەکانی (سەرۆک بارزانی) هاوڕان و ئامادەیی خۆیان بۆ یەکڕیزی و هاوهەڵوێستیی هەموو لایەنە کوردییەکانی ڕۆژپاوا نیشان دا.
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، لە شاری دهۆک سەرۆكی هەرێمی كوردستان(مەسعوود بارزانی) لەگەڵ شاندێکی هاوبەشی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) و تەڤگەری جڤاکی دیموکراتیک (تەڤدەم) کۆ بۆوە. شاندی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد لە سووریا لە سکرتێری پارتییەکانی ناو ئەنجوومەنەکە پێکهاتبوو، هەروەها شاندی تەڤگەری جڤاکی دیموکراتیک بریتی بوو لە سەرکردایەتیی تەڤدەم.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا (سەرۆک بارزانی) لە وتەیەکدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئێستا گەلەکەمان بە قۆناخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و پێویستە هەموو لایەک لە جاران زیاتر کار بۆ یەکڕیزی بکەین، چونکە ئەو هەڕەشەیەی هەیە لەسەر هەموو کوردە نەک لەسەر لایەنێک یان ناوچەیەکی دیاریکراو.
(سەرۆک بارزانی) بەدەنگەوەهاتنی کۆمەڵی نێودەوڵەتی بۆ پشتیوانیی لە کورد بە هەنگاوێکی گرینگ و دەرفەتێکی زێڕین لەقەڵەم دا و ڕایگەیاند "ئێستا کورد تاکە هێزە کە لە بەرانبەر داعش شەڕ دەکات و تیرۆریستان توانیویانە سوپای دوو دەوڵەت بشکێنن، بەڵام تەنیا لە بەرەی شەڕ لەگەڵ کورد شکاون، بۆیە زۆر گرینگە ئێمەی کوردیش یەکڕیزیمان پێشانی دنیا بدەین و پێویستە هەموو ناكۆكییەكان وەلا بنێن و بە یەكەوە بەرگری له كەرامەتی گەلەکەمان و خاكمان بكەین، ئەوەش ئەركێكە لەسەر شانی هەموومانە و لە سەرووی هەموو ئەركێكی دیكەیە."
لەو دانیشتنەدا (سەرۆك بارزانی) داوای لە هەموو لایەنە كوردییەكانی ڕۆژئاوا كرد كە "زۆر بە جیددی گرفتەكانیان چارەسەر بكەن و ڕوانگەیەكی ستراتیژییان بۆ دواڕۆژی گەلەکەمان لە ڕۆژئاوا هەبێت و ئێمەیش لە هەرێمی کوردستان ئامادەی هەر هاوکارییەکین و درێخی ناکەین."
(سەرۆک بارزانی) تەئکیدیشی کردەوە کە "شەڕ دژی داعش بۆ گەلەکەمان چارەنووسسازە و ئەو بەرگرییەی لە کۆبانی هەیە، جێی تەقدیرە و سەرکەوتنی کورد لە هەر شوێنێک سەرکەوتنی هەموومانە." (بارزانی) ڕاشیگەیاند: "ئەو بەدەنگەوەهاتنەی هاوپەیمانانیش بۆ بەرگرییکردن لە کۆبانی، مایەی پێزانینە و لای من کۆبانی و هەولێر جیاوازییان نییە، بۆیە ئەوەی لە دەستم هاتبێ درێخیم نەکردووە، ئەوەی بۆ پاراستنی هەولێر کردمان بۆ کۆبانییش کردوومانە و ئەو هاوکارییە نێودەوڵەتییەی بۆ پاراستنی کۆبانی کرا وەک ئەوە دەزانین کە بۆ پاراستنی هەولێر کرا."
(سەرۆک بارزانی) جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە "هەوڵەکانمان بۆ ئەوە بوو سەرنجی کۆمەڵی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی کۆبانی ڕابکێشین، پاراستنی کۆبانی پێویستی بە هەنگاوی کردەییە و بۆ بەردەوامی و زیادبوونی ئەم بەدەنگەوەهاتنەی کۆمەڵی نێودەوڵەتی پێویستە هەوڵەکانمان یەک بخەین."
هەر لە کۆبوونەوەکەدا هەریەک لە (سعوود مەلا، تاهیر سەفوک و شێخ ئالی) بە نوێنەرایەتیی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد و هاوسەرۆکی پەیەدە (ساڵح موسلم) بە نوێنەرایەتیی تەڤدەم، وتەیان پێشکەش کرد و وێڕای پێزانینیان بۆ هەوڵی (سەرۆک بارزانی) کە وێڕای سەرقاڵیی بەڕێزیان بە بەرەکانی شەڕ، کاتی خۆی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەکانی ڕۆژئاوا تەرخان کردووە و ئەوەیان بە نیشانەی پەرۆشیی (سەرۆک بارزانی) بۆ پێشکەشکردنی هاوکاریی بۆ برایانی لە ڕۆژئاوا لەقەڵەم دا.
لەو بارەیەوە (ساڵح موسلم) هاوسەرۆکی پەیەدە زۆر سوپاسی (سەرۆک بارزانی) کرد بۆ ئەو هاوکارییانەی پێشکەشی ڕۆژئاوای کوردستانی کردووە و هەروەها بۆ هەڵوێست و لێدوانەکانی جەنابیان بۆ پشتگیری لە ڕۆژئاوا.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا هەردوو شاندەکە تەئکیدیان کردەوە کە لەگەڵ بۆچوونەکانی (سەرۆک بارزانی) هاوڕان و ئامادەیی خۆیان بۆ یەکڕیزی و هاوهەڵوێستیی هەموو لایەنە کوردییەکانی ڕۆژپاوا نیشان دا. 

هەواڵی پەیوەندیدار