كۆبوونەوەی پەرلەمان لەبارەی كۆبانییەوە سبەینێیش بەردەوام دەبێت

هەولێر-KDP.INFO- ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان لەبارەی بارودۆخی كۆبانییەوە كۆ بووەوە و تا ئێوارەی ئەمڕۆ درێژەی كێشا، بڕیارە سبەینێیش ئەو كۆبوونەوەیە بەردەوام بێت.
ئەندامی پەرلەمانی كوردستانی لەسەر لیستی پارتیی دیموكراتی كوردستان (ڤاڵا فەرید)، بە KDP.INFO-ی راگەیاند، ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان كۆ بووەوە و تێدا گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی كۆبانی و راپۆرتی ئەو لیژنەی پەرلەمانی كوردستان كرا كە سەردانی ئەو شارەیان كردبوو و دواتر دەرفەت بە پەرلەمانتاران درا قسەی خۆیان بكەن و تا ئەم ئێوارەیەش كۆبوونەوە بەردەوام بوو، بەڵام كۆبوونەوەكە بۆ سبەی دوا خرا، چونكە هەموو پەرلەمانتاران قسەی خۆیان نەكردووە.
(ڤاڵا) زیاتر گوتی، بڕیارە سبەینێیش كۆبوونەوە بەردەوام بێت و هەر كاتێك هەموو پەرلەمانتاران قسەی خۆیان كرد، دواتر ڕاگەیەندراوێك بڵاو دەكەنەوە.
ئەمەیش لە كاتێكدایە، پێش چەند رۆژێك شاندێكی پەرلەمانی كوردستان سەردانی كۆبانیی كرد بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئاگاداری بارودۆخی ئەو شارە بێت، كە نزیكەی مانگێكە شەڕ تێیدا بەردەوامە و لە میانەی سەردانەكەیشیاندا راپۆرتێكیان ئامادە كردووە و لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا گفتوگۆی لەبارەوە كرا.
بڵند ئیبراهیم




