٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەحموود عوسمان: بەرگری و ئیدارەكردنی هاوبەش بۆ رۆژئاوا كارێكی دروستە.. سەرۆكی هەرێم ئەوەی پێی بكرێت دەیكات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- كەسایەتیی سیاسیی كورد و ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (د. مەحموود عوسمان) ڕایدەگەیەنێت، كاتی خۆی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پارتییەكانی ڕۆژئاوای كوردستانی لە هەولێر كۆ كردنەوە، بەڵام ئەوە جێبەجێ نەكرا كە هەق بوو جێبەجێ بكرێت. دەشڵێت، "ئێستایش ئەگەر بتوانن رێك بكەون و بە یەكەوە هەم ئیدارەی ناوچەكە بكەن و هەم بەرگریی لێ بكەن، رێگەیەكی دروستە و دڵنیایشم سەرۆكی هەرێم ئەوەی پێی بكرێت دەیكات و درێخی ناكات".

كەسایەتیی سیاسیی ناسراوی كورد و ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (د. مەحمود عوسمان)، بە KDP.INFOـی راگەیاند، "كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانی رۆژئاوای كوردستان، شتێكی باشە و هەر لە سەرەتایشەوە سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە هەولێر كۆی كردنەوە، بەڵام ئەوە جێبەجێ نەكرا كە هەق بوو جێبەجێ بكرێت، پێیشی گوتن كە پەیەدە بە تەنیا ئەو كارانە نەكات و هەموو بەیەكەوە كار بكەن و ئیدارە بكەن، نەیانكرد و لەوەیشدا زێدەڕۆییان كرد، ڕەنگە حزبەكانی دیكەیش كەمتەرخەم بووبن، بەڵام ئێستایش هەر باشە ئەگەر بتوانن رێك بكەون و بە یەكەوە هەم ئیدارەی ناوچەكە بكەن و هەم بەرگریی لێ بكەن، كە ئەمە شتێكی باشە و رێگەیەكی دروستە".
(عوسمان) زیاتر گوتی، "گرنگ ئەوەیە ستراتیژ بۆ خۆیان دابڕێژن، بەیەكەوە كار بكەن و هەڵوێستیان بەرانبەر رژێمی سووریا و توركیا و لایەنەكانی دیكە روون بێت و، هەمیشەیش لەگەڵ باشووری كوردستاندا لە ڕاوێژدا بن، بۆ ئەوەی بەیەكەوە كار بكەن، چونكە كێشەكان تێكەڵ بوون، بۆیە پێویستە چەندی بتوانن خۆیان لە توندوتیژی دوور بخەنەوە و بەرگرییش لە ناوچەی خۆیان بكەن، وەك ئەوەی كە بەرگریی باشیشیان كردووە، بەیەكیشەوە ئیدارەیەكی تێكەڵ دروست بكەن، هاوبەشییش بۆ بەرگری و ئیدارەكردن زۆر گرینگە، بەڵام نازانم چۆن رێك دەخرێت و ئیشێكی زەحمەتە بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەڵام دڵنیام جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەوڵی خۆی دەدات، ئومێدەواریشم لایەنەكانی رۆژئاوای كوردستانیش هەموو بەیەكەوە كاردانەوەی پۆزەتیڤیان هەبێت و بتوانن بەیەكەوە بگەنە پلانێكی ستراتیژی كە بەیەكەوە دۆخی ئەو ناوچانە هەڵسەنگێنن و پرۆگرامێكی وایان هەبێت كە بەیەكەوە هەموویان كاری لەسەر بكەن".
پێوەست بە ئەگەری نەگەییشتنە ئەنجامێكیش، (د. مەحموود) گوتی، "ئەگەر نەگەنە ئەنجامێك، خراپە و ناكۆكی بەدوای خۆیدا دەهێنێت و ناكۆكییەكانیش كاریگەری لە باشووری كوردستانیش دەكەن، چونكە زۆر لەو حزبانە كۆنن و لەگەڵ باشووری كوردستانیشدا پەیوەندییان هەیە، كە هەندێ دەوڵات سوود لەو ناكۆكیانە وەردەگرن و زەرەرمەندی یەكەمیش گەلی كوردستان دەبێت و شتێكی باش نابێت، هیچ كامێكشیان نابێت بیر لەوە بكاتەوە كە بە تەنیا دەتوانێت شت بكات، لەباتی ئەوە دەكرێ بیر لەوە بكەنەوە كە بەیەكەوە مومكینە كاریان پێ بكرێت و چەندیش بتوانن پەیوەندییان لەگەڵ باشووری كوردستان باشتر و فراوانتر بكەن".
سەبارەت بە پەیوەندییەكانی رۆژئاوای كوردستان و پرس و راوێژیان لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ چارەكردنی گرفتەكان، ئەو ئەندامەی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی دا، "بێگومان دەبێت پەیوەندییان باش بێت، چونكە باشووری كوردستان پەیوەندیی لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زیاترە بە هۆی ئەم شەڕەی داعشەوە، لەبەر ئەوە ئەگەر ئەوان پەیوەندییان لەگەڵ سەرۆكایەتیی باشووری كوردستان زیاتر بێت، سوودی زۆری بۆیان دەبێت، چونكە ئەوان دۆزەكەیان جیاوازیی هەیە، بۆ نموونە یەپەگە و ئەوانە لەلایەن دونیاوە خراونەتە لیستی تیرۆرەوە و بەشێكن لە پەكەكە، باشوور دۆخی هێمنترە،  لەبەر ئەوە بە ڕای من پەیوەندیی ئەوان لەگەڵ باشوور و، هاوكاری و پشتیوانیی باشووریش، بۆ ئەوان و نەتەوەی كوردیش سوودی دەبێت".
(د. مەحموود عوسمان) زیاتر ڕوونی كردەوە، "دڵنیاین سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەوەی پێی بكرێت دەیكات، بەڵام كۆمەڵێك ئاستەنگیش لە بەردەمن و هەروا ئاسان نییە، توركیا ئاستەنگە، ئەو ناكۆكیانەی ناو سووریا ئاستەنگن، بەڵام ئەگەر پێی بكرێت هاوكاری و كۆمەكیان بكات كورد لە رۆژئاوا ئەنجامێكی هەبێت، سەركەوتنێكی گەورەیە بۆ كورد، بێگومانیشم بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەو بارەیەوە هەوڵ دەدات و درێخی ناكات".

هەواڵی پەیوەندیدار