سبەی حزبەكانی ڕۆژئاوا كۆ دەبنەوە.. دەرفەتێكی زێڕینیان لە بەردەمە تا خۆیان ڕێك بخەنەوە

هەولێر-KDP.info- بڕیارە كۆبوونەوەیەكی فراوانی پارتییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان ئەنجام بدرێت و داوایش دەكرێت لەو كۆبوونەوەیەدا بەرنامە و كار و ڕاسپاردەكان جێبەجێ بكرێن.
بڕیارە سبەی چوارشەممە لە شاری دهۆك كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان ئەنجام بدرێت، لەو كۆبوونەوەیەیشدا كۆمەڵێك ئەگەر و پێشهاتی نوێ لە ناوچەكەدا باس دەكرێن. ئەندامی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان-سووریا (نووری بریمۆ)، لە لێدوانێكدا بۆ KDP.info گوتی، "ئەم دۆخە ناسكە و ناكرێت ئەوەی پێشتر كراوە، دووبارە بكرێتەوە و دوای ساڵێك ڕێككەوتنەكان پشتگوێ بخرێن، دەبێت كۆبوونەوەی سبەی شتی باشی تێدا بخرێتە ڕوو بە تایبەتی بابەتی كۆبانی و داعش و سووریا و پاراستنی ناوچە كوردییەكان، بۆیە یەكەم بابەت لەو كۆبوونەوەیەدا ئەوەیە كە دەبێت ماڵی كوردی ڕێك بخرێتەوە، لە ڕۆژئاوای كوردستان لە بەرانبەر تیرۆر و توندڕۆ و ڕژێمی (ئەسەد)، دەبێت یەك ڕیزی بپارێزرێت و هێزێكی هاوبەش لە نێوان لایەنەكاندا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سەرجەم ئەگەرەكان هەبێت".
(بریمۆ) زیاتر گوتی، "هەروەك چۆن لە هەولێر هاوپەیمانان لە ئاسمانەوە بۆردوومانی داعشیان كرد و پێشمەرگەیش لە هێرشی زەمینییەوە، لە كۆبانییش پێویستە هەمان رێوشوێن بگیردرێتە بەر، بەڵام ئەمە بە یەكڕیزی، یەكهێزی و یەكدەستی دەكرێت نەك چەكداری حزبێك بە تەنیا بیەوێت شەڕێك بكات و چاوەڕێی هاوكاریی هاوپەیمانان بێت".
چاودێری سیاسی (عەبدولسەلام بەرورای)، بۆ KDP.info ئاماژەی دا، "(سەرۆك بارزانی) هەمیشە لە خەمی هەموو پارچەكانی كوردستاندا بووە، بۆیە كۆبوونەوەی ئەم جارە بە چاودێریی بەڕێزیانە و ئەم هەنگاوەی سەرۆكیش بەردەوامیی هەنگاوەكانیەتی لە سەرەتای پێكدادانەكانەوە لە سووریا، كە بەپێی ئەزموونی خۆی دەیگوت، پێشبینی دەكرێت بارێكی لەناكاو ڕوو بدات، بۆیە دەبێت هێزی كوردی ڕێك بخرێت، چونكە ئەزموونی ئێمە لە كوردستاندا لە نەوەدەكانەوە سەلماندی كە پێویستە كورد وریا بێت و بەرژەوەندییەكانی لە دەست نەدات، بە تایبەتی لەگەڵ زلهێزەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا".
(بەرواری) هەروەها گوتیشی، "سەرۆكی هەرێم داوای لە پارتییەكانی رۆژئاوا كرد یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بن، بەڵام بەداخەوە پەیەدە وای كرد كە قۆرخكاری دروست ببێت و بە دەرئەنجامی كۆبوونەوەكانەوە پابەند نەبوو، ئەمەیش وای كرد هەڵوێستی هاوپەیمانان بەرانبەر بە هەولێر و كۆبانی جیاواز بێت، بۆیە ئەوە دوادەرفەتە كە پەیەدە واز لەو هەڵوێستانە بهێنێت و لە ژێر ئاڵای كوردستاندا بەرەنگاری داعش ببنەوە".
كارزان هەورامی




