ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستاندا ڕۆژی ماتەمینییە

هەولێر-KDP.INFO- وەك پشتیوانی و هاوخەمی لەگەڵ هاووڵاتیانی شارۆچكەی قەرەتەپە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆی وەك ڕۆژی ماتەمینی لە هەرێمی كوردستاندا ڕاگەیاند.
لە بەیاننامەیەكدا كە لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە بڵاو كراوەتە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان وێڕای ئیدانەكردنی ئەو كردەوە تیرۆریستییەی كە دانیشتووانی سڤیلی شارۆچكەی قەرەتەپەی كردە ئامانج، هاوخەمیی خۆی بۆ جەماوەی كارەساتباری ئەو شارە ڕاگەیاند و بڕیای دا كە ئەمڕۆ 14-ی تشرینی یەكەمی 2014 وەك ڕۆژی ماتەمینیی سەرتاسەری لە هەرێمی كوردستاندا ڕابگەیەنێت.
شایانی باسە، ڕۆژی شەممە لە سێ كردەوەی خۆكوژیی تیرۆریستیدا لە قەرەتەپە، نزیكەی (150) هاووڵاتیی هەرێمی كوردستان شەهید و بریندار بوون، پاش چەند سەعاتێك لە ڕووداوەیش، ڕێكخراوی تیرۆریستیی دەوڵەتی ئیسلامی "داعش"، بەرپرسیارەتیی خۆی لە بەرانبەر ئەم كردەوەیە ڕاگەیاند.
هیوا حوسێن ئەمین




