٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆك بارزانی: پێشمەرگە قارەمانانە بەرەوڕووی ڕێكخراوێكی تیرۆریستی بوونەتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ڕایگەیاند، كوردستان ڕووبەڕووی شەڕێكی درێژخایەن لەگەڵ دوژمنێكی سەرسەخت و تاوانبار بووەتەوە كە هەڕەشەیە بۆ سەر هەموو لایەك. هاوكات ئاماژەیشی دا كە، هەرچەندە پێشمەرگە لە ڕووی پڕچەككردنەوە ئابڵووقەی خرابووە سەر، بەڵام قارەمانانە بەرەوڕووی ڕێكخراوێكی تیرۆریستی بوونەوە كە ئیمكانیاتی دەوڵەتێكی لە بەردەستدایە.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی)، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 13/10/2014 لە سەڵاحەددین پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی بەریتانیا (فلیپ هامۆند) و شاندێكی یاوەری كرد كە پێك هاتبوو‌ لە بەرپرسی كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفەریكای وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا (ئێدوارد ئۆكدێن) و نێردەی ئاساییشی بەریتانیا بۆ هەرێمی كوردستان (ژەنەڕاڵ سێر سیمۆن) و باڵیۆزی بەریتانیا لە بەغدا (فرانك باكێر) و ژمارەیەك راوێژكاری سیاسی و سەربازیی حكوومەتی بەریتانیا.

لە دیدارێكدا، كە هەریەك لە راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان (مەسروور بارزانی) و وەزیری پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (مستەفا سەید قادر) و (شێخ جەعفەر شێخ مستەفا) و (فەریق شێروان) و (جەبار یاوەر) ئەندامانی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون، سەرەتا (سەرۆك بارزانی) بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی حكوومەتی بەریتانیا و هێزەكانی هاوپەیمانانی كرد بۆ ئەو هاوكاری و پشتیوانییەی پێشكەشی‌ هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستانیان كردووە.
دواتر (سەرۆك بارزانی) وێڕای ئاماژەدان بە‌ سەركەوتنەكانی پێشمەرگە لە بەرەكانی شەڕ، ئەوەی خستە ڕوو كە كوردستان ڕووبەڕووی شەڕێكی درێژخایەن لەگەڵ دوژمنێكی سەرسەخت و تاوانبار بووەتەوە كە هەڕەشەیە بۆ سەر هەموو لایەك.
(سەرۆك بارزانی) لە درێژەی قسەكانیدا باسی ئەوەی كرد كە هەرچەندە پێشمەرگە لە ڕووی پڕچەككردنەوە ئابڵووقەی خرابووە سەر، بەڵام قارەمانانە ڕووبەڕووی ڕێكخراوێكی تیرۆریستی بووەوە كە ئیمكانیاتی دەوڵەتێكی لە بەردەستدایە و توانی زوو تاكتیكی تیرۆریستان بزانێ و ڕێ لە پێشڕەوییان بگرێ و لە چەندین ناوچەدا پاشەكشەیان پێ بكات و شكستیان بدات.
هەر لەم دیدارەدا وەزیری دەرەوەی بەریتانیا هێمای بە پەیوەندییەكانی نێوان وڵاتەكەی و هەرێمی كوردستان دا و ئەوەی خستە ڕوو كە قورسایی ئەم شەڕە سەختە لەسەر شانی كوردستانە و كوردستان لەجیاتی هەموو جیهان شەڕی داعش دەكات و پیرۆزباییشی لە (سەرۆك بارزانی) و هێزەكانی پێشمەرگە كرد بۆ ئەو سەركەوتنانەی لە دژی داعش بەدەست هاتوون.
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ئاماژەیشی دا كە ئێستا هێزەكانی پێشمەرگە و هاوپەیمانان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش بەرچاوڕوونییەكی زیاتریان هەیە.
هەر لە دیدارەكەدا گفتوگۆ لەسەر چۆنیەتیی لەناوبردنی تیرۆریستانی داعش كرا و جەخت لەوە كرایەوە كە لەناوبردنی تیرۆریستان هەوڵێكی هەمەلایەنەی سەربازی و سیاسی و ئابووریی دەوێ و پێویستە سەرچاوە داراییەكانی وشك بكرێت و ئازادیی هاتوچۆیان لێ قەدەغە بكرێت و پێویست دەكات لە رووی فكرییشەوە زانایانی ئایینی و رۆشنبیران و ناوەندە هزرییەكان بە ڕووی تیرۆریستاندا بێنەوە، چونكە ئەم هەڕەشەیە، هەڕەشەیەكی جیدییە و هەموو لایەك دەخاتە ژێر مەترسییەوە.
لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا هەماهەنگیی زیاتری‌ نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی هاوپەیمانان تاوتوو كرا بۆ ئەوەی ئامانجە سەربازییەكانی تیرۆریستان بە شێوەیەكی كاریگەر لەناو ببردرێن و ژیانی خەڵكی سڤیلیش بە باشترین شێوە بپارێزرێت.
هەر لەو دیدارەدا باس لە پرۆسەی سیاسی لە عێراق و پێكهێنانی حكوومەتی نوێ كرا، لەو بارەوە سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەوەی خستە ڕوو كە، سەركردایەتیی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بڕیاری داوە بەشداری پڕۆسەی سیاسیی عێراق بێت و پشتیوانی لە سەرۆكوەزیرانی نوێی عێراق بكات.
لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر دووبارە رێكخستنەوەی سوپای عێراق كرا، كە پێویستە هاوسەنگیی تێدا بێت و ڕۆڵ و بەشی پێشمەرگە لە بەرچاو بگیردرێت.
قسەكردن لەبارەی ڕۆڵی وڵاتانی ناوچەكە لە بەهێزتركردنی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە تیرۆریستانی داعش، تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو.
 

هەواڵی پەیوەندیدار