نووسینگەی سەرۆكی حكوومەت هاوكاریی ئاوارەكانی چیای شنگال دەكات

هەولێر-kdp.info- نووسینگەی سەرۆكی حكوومەت بۆ كاروباری ئاوارەكان، سەرجەم پێداویستییەكانی بۆ ئاوارەكانی چیای شەنگال ئامادە كردووە و چاوەڕێی فڕۆكەن بۆ ئەوەی ڕەوانەیان بكەن.
نوێنەری ئەنجوومەنی وەزیران بۆ كاروباری ئاوارەكان (د. نووری عوسمان) رایگەیاند، "دوای ئەوەی ئەو رێگایەی لە رۆژئاوای كوردستانەوە بۆ شنگال دەچوو لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە دەستی بەسەردا گیرا، داوامان كرد كە لە ڕێگەی فڕۆكەوە هاریكارییەكان بگەیەنرێنە ئاوارەكانی چیای شنگال".
بە گوتەی (د. نووری)، ئەوان 10 هەزار بەتانی، 5 هەزار دۆشەك، 200 تۆن خۆراك و ژمارەیەك پێداویستیی دیكەی وەك جلوبەرگی زستانە و شیری منداڵانیان لەگەڵ پتر لە 300 خێوەت ئامادە كردوون، كە بەشێكی كەمیان لە ڕێگەی فڕۆكەوە ڕەوانە كراون و ئەوانی دیكەیش بۆ ڕەوانەكردن ئامادەن.
(د. نووری عوسمان) لەبارەی كەمیی سەردانی فڕۆكەكان بۆ چیای شنگال، گوتی، "لەبەر ڕەوشی كەشوهەوا و بارینی تۆزوخۆڵ، فڕۆكە زۆر بە كەمی دەچنە چیای شنگال، بەڵام هەر كاتێك كەشوهەوا باشتر بێت، ئەو كەلوپەل و پێداویستیانە بۆ ئەو ئاوارانەی لە چیای شنگال ماون، ڕەوانە دەكرێن".
بە گوێرەی ئامارە نافەمییەكان، نزیكەی 10 هەزار كەس لە كوردانی ئێزدی لە چیای شنگال ماون.




