سكرتێری پارتییە كوردییەكانی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد، لە دهۆك كۆ دەبنەوە

هەولێر-kdp.info- گوتەبێژی پارتیی دیموكراتی كوردستانی سووریا دەڵێت، بڕیارە تاوەكو دوو رۆژی داهاتوو سكرتێری پارتییەكانی ناو ئەنجوومەنی نیشتمانیی كوردی لە سووریا، سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن و سەرەتا لە نێوخۆیاندا كۆ ببنەوە و دواتریش لەگەڵ بەرپرسانی پەیەدەدا كۆ دەبنەوە، دەستپێشخەریی باشیش هەیە بۆ ئەوەی رێككەوتن بكرێت.
گوتەبێژی پارتیی دیموكراتی كوردستانی سووریا (نووری بریمۆ)، بە kdp.info-ی راگەیاند، بڕیار بوو كۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریا ئەنجام بدرێت، بەڵام لە ئێستادا چاوەڕوانی هاتنی سكرتێری پارتییەكانی ناو ئەو ئەنجوومەنە دەكرێت و رەنگە تا دوو رۆژی دیكە بگەنە هەرێمی كوردستان و لە شاری دهۆك سەرەتا لە نێوخۆیاندا كۆ دەبنەوە بۆ ئەوەی بزانن دەگەنە چ بڕیارێك، دواتر لەگەڵ بەرپرسانی پەیەدەدا كۆ دەبنەوە.
(بریمۆ) گوتیشی، ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كوردی لە سووریا داوا دەكەن ئەگەر سەرۆكی هەرێمی كوردستان كاتی هەبێت، دانیشتنی لەگەڵدا ساز بدەن.
گوتەبێژی پارتیی دیموكراتی كوردستانی سووریا زیاتر ڕوونی كردەوە، "پارتییەكەی ئێمە پێشنیازی كردووە ئەنجوومەنی نیشتمانی هێزێك دروست بكات و ئەو پێشمەرگانەی رۆژئاوای كوردستان كە لێرەن، لەناو ئەو هێزەدا جێگیر بكرێن".
دەشڵێت، "دەستپێشخەریی باش هەیە بۆ ئەوەی رێككەوتن بكرێت و ئێمەیش ئەم جارە گەشبینین".
بڵند ئیبراهیم




