سكرتێری پارتی: سەرۆك بارزانی پشگیرییەكی نێودەوڵەتیی بۆ كۆبانی مسۆگەر كرد

هەولێر-KDP.info- سكرتێری پارتیی دیموكراتی كوردستانی سووریا ڕایدەگەیەنێت، بۆ هەموو لایەك ڕوون بووەوە كێ پشتگیریی كۆبانیی كردووە و بە هەموو تواناوە هەوڵەكانی بۆ هاوكاریكردنیان خستووەتە گەڕ. دەشڵێت، "(سەرۆك بارزانی) پشگیرییەكی نێودەوڵەتیی بۆ كۆبانی مسۆگەر كردووە".
سكرتێری پارتیی دیموكراتی كوردستانی سووریا (سعوود مەلا)، لە لێدوانێكدا بۆ KDP.info گوتی، "پرسی كۆبانی، بابەتێكی نێودەوڵەتی و خاڵێكی هەستیارە، كەوتنی كۆبانی، كەوتنی گەلێك و ناوچەیەكە و هەروەها كەوتنی مافی مرۆڤ و سەركەوتنی داعش و تیرۆرە، بۆیە (نێچیرڤان بارزانی) و حكوومەتی هەرێم هەوڵی باشیان داوە كە كۆبانی نەكەوێت، زۆر گرینگ بوو كە ئەوان ئەمەریكایان هێنایە سەر خەت بۆ ئەوەی لە ڕێگەی سەربازی و مرۆییەوە هاوكاریی كۆبانی بكرێت و نەكەوێتە دەست داعش و ڕێكخراوە تیرۆریستییەكانەوە".
سكرتێری ئەلپارتی زیاتر ڕوونی كردەوە، "لە یەكەم ڕۆژی هێرشەكانی داعشەوە، حكوومەتی هەرێم لە ڕووی مرۆیی و سەربازییەوە هاوكاریی كۆبانیی كردووە و یەكەم ڕێكخراویش دەزگای خێرخوازیی بارزانی و نووسینگەی (نێچیرڤان بارزانی) بوون كە گەییشتنە كۆبانی و هاوكارییان پێشكەش بە كۆبانییەكان كرد".
(سعوود مەلا) گوتیشی، "بەوەی كە (سەرۆك بارزانی) بۆ كۆبانی لە ڕووی سەربازی و نێودەوڵەتییەوە ئەنجامی دا، ڕوون بووەوە كە كێ هاوكاریی كۆبانیی كردووە، چونكە سەرۆكی هەرێم پشگیرییەكی نێودەوڵەتیی بۆ كۆبانی مسۆگەر كرد، بەڵام وێڕای ئەوەیش دەبێت هاوكاریی نێودەوڵەتیی زیاتر هەبێت بۆ ئەوەی گوشاری نێودەوڵەتی بۆ لێدانی داعش لە كۆبانی دروست بكرێت، هاوكاریی هەرێم و (سەرۆك بارزانی) و (كاك نێچیرڤان) زۆر حەكیمانە و سەركەوتوو بوو بۆ ئەوەی ئەو ناوچەیە ڕووبەڕووی تیرۆر ببێتەوە".
سكرتێری پارتیی دیموكراتی كوردستانی سووریا ئاماژەیشی دا، "ئەمەریكا دەیەوێت هاوكاریی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بكات، لە كاتێكدا هیچ كاتێك هاوكاریی هێزە كوردییەكانی ڕۆژئاوای كوردستانی نەكردووە و كورد خۆی هاوكاریی خۆی كردووە، ئەمڕۆیش ئێمە دەبێت هاوكاریی یەكتری بكەین بۆ ئەوەی دەستكەوتەكانمان لە دەست نەچن".
كارزان هەورامی




