كۆبوونەوەی سەرۆك بارزانی و ساڵح موسلیم بۆ سبەی دوا خرا

هەولێر-KDP.INFO- نوێنەری پەیەدە لە هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ (ساڵح موسلیم) بگاتە هەولێر و سبەینێیش لەگەڵ (سەرۆك بارزانی)ـدا كۆ ببێتەوە.
نوێنەری پەیەدە لە هەرێمی كوردستان (غەریب حەسۆ)، بۆ KDP.INFO گوتی، بڕیارە ئەمڕۆ سەعات سێی پاشنیوەڕۆ هاوسەرۆكی پەیەدە (ساڵح موسلیم) لە رێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بگاتە هەرێمی كوردستان، كە لەسەر داوای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ئەو سەردانە ئەنجام دەدات.
(حەسۆ) زیاتر گوتی، سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بەرنامەی كۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان دادەنێت كە لە چ شوێنێك دەبێت لە هەولێر یاخود دهۆك، بۆیە تاوەكو ئێستا شوێنەكەی دیار نییە.
ڕوونیشی كردەوە كە، بڕیار بوو ئەمڕۆ (موسلیم) لەگەڵ (سەرۆك بارزانی)ـدا كۆ ببێتەوە، بەڵام كۆبوونەوەكە بۆ سبەی دوا خراوە.
سەبارەت بە تەوەری كۆبوونەوەكەیش، نوێنەری پەیەدە لە هەرێمی كوردستان گوتی، لە كۆبوونەوەكەدا باس لە هەموو ئەو پرسانە دەكرێت كە پەیوەندییان بە كوردەوە هەیە، بە تایبەت ئەو هەڕەشەیەی ڕووبەڕووی كورد بووەتەوە و هەروەها شەڕی نێوان شەڕڤان و چەكدارانی داعشیش لە كۆبانی.
بڵند ئیبراهیم




