٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی: هەرێمی کوردستان هاوپەیمانیی دژ بە داعشی بۆ کۆبانی پێکهێناوە

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی-KDP.info-  (نێچیرڤان بارزانی) ڕایگەیاند ئەو هەماهەنگییەی لەگەڵ هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بۆ کۆبانی کراوە، هەمووی هەرێمی کوردستان کردوویەتی و لەسەر داوای ئەوان بووە، سەبارەت بە کۆبوونەوەکەشیان لەگەڵ یەکێتی ڕایگەیاند کە بۆ ئەم دۆخە نو‌ێیە پێویستیان بەوە هەیە کە جارێکیتر هەڵسەنگاندنی پەیوەندییەکان بکەنه‌وه‌.

ئه‌مڕۆ یەکشەممە، هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەكێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە سلێمانی کۆ بوونەوە و، دوای کۆبوونەوەکەش هەریەکە لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی شاندی پارتی و مەلا بەختیار، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ناوەرۆکی کۆبوونەوەکەیان ئاشکرا کرد. سەرەتا (مەلا بەختیار) ڕایگەیاند کە: "ئەو پرسانەی قسەمان لەسەر کردوون، پێوەندییەکانی نێوانمان، دۆخی هەرێمی کوردستان و پێوەندییەکانی هەرێم و بەغدا و ناوچەکە و مەترسییەکانی داعش بوون"، گوتیشی "لە کۆبوونەوەکه‌ماندا، گلەییەکانی برادەرانی پارتی لە ئێمە و هیی ئێمەیش لە برادەرانی پارتی، پرسێکی دی بوو کە گفتوگۆمان لە بارەوە کرد و، هەردوولامان هەوڵ بۆ چارەکردنیان دەدەین." ئاماژەشی بەوەدا کە هەردوو لا بڕیارمان داوە لیژنەیەکی باڵا پێک بێنین بۆ پێداچوونەوە بە پێوەندییەکانمان.
(مەلابەختیار)، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، گوتیشی کە یەکێتی و پارتی، پابەندین بە ڕێککەوتنی ستراتیژیی نێوانمان، ڕاستە کە پێشتریش گۆڕانکاریی تێدا کراوە کە ڕووداوەکان هۆکار بوون، لە ئێستایشدا بە هۆی هاتنە ئارای دۆخێکی نوێ پێویستمان بە سەر لەنوێ تێگەییشتنی هاوبەش هەیە.
هاوکات (نێچیرڤان بارزانی)، سەرۆکی شاندی پارتیی دیموکراتی کوردستان، دەربارەی پێوەندییەکانی پارتی و یەکێتی ڕایگەیاند:" پێوەندییەکانمان گرینگن و لە ڕێگەیانەوە توانیومانە دەستکەوتی باش بە دەست بێنین، ئێستایش دەمانەوێ پێوەندی لە نێوان ئێمە و کۆی حیزبەکاندا پتەو بێ و یەکڕیز و یەکدەنگ بین."
(بارزانی) ئاماژەشی بەوەدا کە لە سایەی پێوەندیمان و ڕێککەوتنی ستراتیژی نەبوایە، ئەو دەستکەوتانە بە دی نەدەهاتن، ئێمە قسەمان لەسەر ئەوە کردووە کە، کۆبوونەوەی سێ قۆڵی و پێنج قۆڵییش ساز بدەین و دۆخی ئەمڕۆی کوردستانیش ئەوەی لە ئێمە دەوێ. ڕوونیشی کردەوە کە ڕێککەوتن بە واتای بەشکردنی پارە و داهات نییە، بەڵکو ئەمڕۆ دەرکەوت کە کەمێک ساردیی نێوان پارتی و یەکێتی چ دۆخێک دێنێتە ئاراوە، گوتیشی هەردوولامان دەمانەوێ لەسەر پەیوەندییەکانمان بەردەوام بین. نێچیرڤان بارزانی ڕاشیگەیاند کە هاوپەیمانەتی نێوانمان دەبێ بمێنێ و بەردەوامیش دەبێ.
(نێچیرڤان بارزانی)، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا ڕایگەیاند کە هەرێم هەوڵ دەدات بە شێوەیەکی هێمنانە کێشەکانی لەگەڵ بەغدا چارە بکات، هەر بۆیە سیاسەت و بڕیاری هەرێم و کۆی حیزبەکان ئەوەیە کە چانسێک بدرێ بە سەرۆکوەیزرانی نوێی عێراق.
(نێچیرڤان بارزانی)، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاشکرایکرد کە پرسی نەوت بیانووی بڕینی بوودجەی هەرێمی کوردستان نەبووە، چونکە ئەو كاتەی حكوومەتەكەی مالیكی بڕیاری بڕینی بوودجەی هەرێمی كوردستانیدا یەك بەرمیل نەوتمان نەناردبووە دەرەوە و نەوتمان نەفرۆشتبوو. ئاماژەی بەوەشکرد کە لە ئێستادا دۆخەكە گۆڕاوە و لەگەڵ سەرۆكوەزیرانێكی نوێ‌ مامەڵە دەكەن و، هەوڵی چارەسەری هەموو كێشەكان دەدەن. لەبارەی ئەو بڕە نەوتەی كە تا ئێستا فرۆشراوە، بارزانی ڕایگەیاند کە تا ئێستا 20 كەشتیی نەوتیان فرۆشتووە و پارەكەی گەڕاوەتەوە بۆ توركیا و لە ڕێی توركیاشەوە ڕەوانەی هەرێمی كوردستان كراوەتەوە.
(نێچیرڤان بارزانی)، سەرۆکی شاندی پارتیی دیموکراتی کوردستان، سەبارەت بەو دیلانەی لەبەردەستی داعشدان بەرۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە دەربارەی ئەو دیلە پێشمەرگانەی لای داعشن، ئایە هەوڵی ڕزگاركردنیان دەدەن، (نێچیرڤان بارزانی) گوتی ئێمە هیچ ڕێگەیەكمان لەبەردەستدا نییە بۆ ڕزگاركردنی ئەوانە. ڕاشیگەیاند کە بە هیچ جۆرێك مومكین نییە حكوومەتی هەرێم دانوستان و مامەڵە لەگەڵ هێزێكی تیرۆریستی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجامبدا.
لەلایەکی دیکەشەوە، (نێچیرڤان بارزانی) سەبارەت بەو هێرشە داگیرکارییەی سەر شاری کۆبانیی ڕۆژئاوای کوردستانیش گوتی کە کۆبانی پێوەندیی بە کۆی هێزەکان، سەرۆکایەتیی هەرێم و حکوومەت و لایەنەکانەوە هەیە، ئەو جەختیکردەوە کە ئەوەندەی لەتواناماندا بووە یارمەتیمان داوون. بەڵام نەیشاردەوە کە گرفت ئەوەیە کە لە ڕووی جوگرافییەوە لێمان دوورن و دەستپێڕاگەیشتن وەک ئەوەی دەمانەوێ ناکرێ، بەڵام هەماهەنگیمان لەگەڵ هاوپەیمانان کردووە، کە هەرێمی کوردستان کردوویەتی و دەشبینین کە بەهانایانەوە چوون. هاوکات هاوکاریی مرۆییشمان بۆیان ناردوون"
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی کە کۆبانێ بۆ ئێمە گرینگە، بەڵام دەبێ واقیعبین بین، کە لەوە زیاترمان پێ ناکرێ، دەبێ ئەوەیش بڵێین کە دەروازەی سنووریشمان بە ڕووی ئاوارەکاندا کردووەتەوە و بەپێی توانا یارمەتیان دەدەین.
سەبارەت بە دەنگۆی چوونی شاندی هەرێم بە سەرۆکایەتی خۆی بۆ بەغدا نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند کە هێشتا دیار نییە چ ڕۆژێک دەچین، بەڵام چوونمان بۆ بەغدا کە حکوومەتێکی نوێ پێک هێنراوە و ئێمەیش تێیدا بەشدارین، هەروها بۆ یەکلاکردنەوەی کێشە و جیاوازییەکانی نێوانمان پێویستییەکە و دەچین. دەربارەی ئەو گلەییانەی کە لە چوارچێوەی پیوەندییەکانی حکوومەتی هەرێم و تورکیا ماوەیەکە باس دەکرێن، (نێچیرڤان بارزانی) گوتی کە من فەرمانبەری حکوومەتی تورکیا نیم و، بەڵکو پێوەندیمان لەسەر ئاستی حکوومەتدایه‌. نەک پێوەندی حیزبی و کەسی، باوەڕیشمان وایە کە پیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا ڕاستن و ئاساییە کە پێوەندیمان لەگەڵ تورکیادا باش بن و هەوڵیشمان داوە هۆکاری سەقامگیری بین.
هەروەها لەلایەکی دیکەیشەوە، (نێچیرڤان بارزانی) سەبارەت بە پرسی نەوتی هەرێم و کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا بەرۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە : " بەغدا مەرجێکی وایان نییە کە گوتبێتیان دەبێ نەوت بنێرن ئینجا بوودجە دەدەین، شتێکی وەهامان نەبیستووە، سەرباری ئەوەیش ئامادەین زانیاری تەواو بە بەغدا و هەر لایەک بیەوێت، بدەین."
هاوکات (مەلا بەختیار)، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ڕایگەیاند کە زرووفی بابەتی پارتی و یەکێتی کۆکردۆتەوە و، پێویستە ئەو کۆبوونەوانە بەردەوام بن. سەبارەت بە کۆبانێش مەلا بەختیار ڕایگەیاند کە ڕاگەیاندنەکان لەجێگەی ئەوەی خاڵە هاوبەشەکانی نێوان لایەنەکان زەق بکەنەوە، خوێندنەوەی هەڵە بۆ پرسەکان دەکەن، ئەو ئاشکرایکرد کە یەکێتی و پارتی هەموو یارمەتییەکی کۆبانێ-یان داوە و، گوتیشی ئەو دوو حزبە یارمەتیی هەموو ئازادیخوازێک لەهەموو پارچەکان دەدەن.
لە وەڵامی پرسیارێكدا دەربارەی ئەوەی گوتەبێژی ئەنجوومەنی ناوەندیی یەكێتی لە دیمانەیەكی ڕۆژنامهوانیدا گوتوویەتی کە "ئەگەر ڕێككەوتنەكە ئاوابێ نەمێنێ باشترە". ئایا ئەمە ڕای مەكتەبی سیاسییشە، (مەلا بەختیار) ڕایگەیاند كە بەپێی پەیڕەوی پەسەندكراوی كۆنگرە، مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، سیاسەتی حزب دیاری دەکا و دایدەڕێژێ و ئەوەی ڕەسمی بێ گفتوگۆكانی ناو ئەو كۆبوونەوانەیە، نەک ئەنجوومەنی ناوەندیی یەکێتی.
 

هەواڵی پەیوەندیدار