ئۆجەلان: بوونی بارزانی بۆ كورد چانسێكی گەورەیە.. بە باشی گوێی لێ بگرن، کۆبانی ناکەوێ

هەولێر-KDP.info- (عوسمان ئۆجەلان)ـی برای ڕێبەری زیندانیکراوی پارتیی كرێكارانی كوردستان، هەڵوێستەكانی (سەرۆك بارزانی) لە بەرانبەر پرسی ڕۆژئاوای كوردستاندا دەخاتە بەر باس و دەڵێت، دەبێت هێزەكانی ڕۆژئاوای كوردستان بە باشی گوێ لە (سەرۆك بارزانی) بگرن و كۆبانییش سەردەكەوێت و ناكەوێت، هاوکات داوا لە هێزەكانی ڕۆژئاوا دەكات كە لە دەوری (بارزانی) كۆ ببنەوە، چونكە ئەوە فرسەتێكی مێژووییە هاتووەتە پێش، داوایش لە سەركردایەتیی قەندیل دەكات پەیوەندی لەگەڵ (سەرۆك بارزانی) بببەستن بۆ ئەوەی هەماهەنگی بكەن و پێكەوە واژۆی ئازادكردنی تەواوی كوردستان بكەن.
(عوسمان ئۆجەلان) بۆ KDP.info گوتی، "ماوەی ساڵێكە سەرۆكی هەرێمی كوردستان پرسی سەربەخۆیی كوردستانی خستووەتە بەر باس كە خەباتێكی فراوان بەڕێوە دەبات و سیستەمی كۆنی ڕۆژهەڵاتی ناوینیش تێك چووە، بە تایبەتی ئەو وڵاتە داگیركەرانەی كە لەسەر كوردستان باڵادەست بوون، بۆ نموونە (سەددام) كۆتایی هات و ڕووخا، هەروەها (مالیكی)ـیش نەیتوانی خۆی لە دەستەڵات بگرێت و ئاڵۆزی دروست بوو، جگە لەوەیش ڕژێمی (بەشار ئەسەد) تێك چووە، لە توركیایش سیستەمی (كەمالی) تێك چووە و لە شوێنی ئەو، سیستمێكی ئیسلامی پێش كەوت، واتە سیستمی داگیركاریی كوردستان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێك چووە."
(ئۆجەلان)ڕوونی کردەوە، "كە سەرۆكی هەرێم باسی سەربەخۆیی كرد، لەگەڵ دەستپێكی ئەم قسەیەدا، پیلان دروست بوو و بۆ ئەوەی دۆخی كوردستان تێك بچێت، داعشیان جووڵاند كە ئەو هێزە دروستكراوە هەموویان دەستیان لەگەڵدایە، بۆ ئەوەی كورد لەم نێوەندەدا بكەوێتە شەڕەوە".
(عوسمان ئۆجەلان) زیاتر ڕوونی كردەوە، "بۆ ئەوەی كورد بگاتە ئاواتی خۆی بۆ سەربەخۆیی و بەدەوڵەتبوون، پێویستە یەكدەنگ بن و لە ناوخۆیدا هاوپەیمان بن لە ژێر سەرپەرشتیی (سەرۆك بارزانی)، چونكە بوونی (سەرۆك بارزانی) بۆ كورد چانسێكی گەورەیە كە بە ئازایەتیی و ژیریی خۆی، توانیویەتی هەلێكی گەورە دروست بكات، بۆیە پێویستە هەموو كورد ببن بە یەك، كاتێكیش كە كورد سیاسەت و دیپلۆماسییەت دەكات، لە هەمان كاتدا شەڕی داعش دەكات، بۆیە هەولێر دەبێتە ناوەندی جیهانیی هاوپەیمانیی ناتۆ، كە پڕبایەخە و ئەوەیش سەركەوتنێكی گەورەیە، لە كاتێكدا پیلانگێڕان دەیانویست (سەرۆك بارزانی) و میللەتی كورد لە یەكتری داببڕێنن".
دەشڵێت، "دەبێت هێزەكانی ڕۆژئاوای كوردستان بە باشی گوێ لە (سەرۆك بارزانی) بگرن و كۆبانییش سەردەكەوێت و ناكەوێت، بۆیە داوا لە هێزەكانی ڕۆژئاوا دەكەین كە لە دەوری (بارزانی) كۆ ببنەوە، چونكە ئەوە فرسەتێكی مێژووییە، داوایش لە سەركردایەتیی قەندیل دەكەم پەیوەندی لەگەڵ (سەرۆك بارزانی) بببەستن بۆ ئەوەی هەماهەنگی بكەن و پێكەوە واژۆی ئازادكردنی تەواوی كوردستان بكەن".
(ئۆجەلان) ئەوەیشی خستەڕوو كە، لە دوای ساڵی 2000ـەوە، (سەرۆك بارزانی) تەنیا سەرۆكی حیزبێك نییە، بەڵكە سەرۆكی نەتەوەییە و دەتوانم بڵێم لە دوای ئەو ساڵەوە (سەرۆك بارزانی) گوتاری نەتەوەیی هەبووە و لەو هێڵە لای نەداوە، بۆیە دەبێت سەرۆك بە چاوی حیزبێك سەیر نەكرێت و وەك سەرۆكی نەتەوەیی سەیر بكرێت".
گوتیشی، "ئێستا (مام جەلال) نەخۆشە و بەشێكی زۆری جووڵانەوەی خەباتی پەكەكە لە ژێر كۆنتڕۆڵی (ئۆجەلان)ـە كە ئەویش لە زینداندایە، بۆیە هەموو قورساییەكە لەسەر (سەرۆك بارزانی)ـیە و دەبێت هەموو حیزب و لایەنە سیاسییەكان و خەڵك پشگیریی بكەن".
(عوسمان ئۆجەلان) ئەوەیشی خستە ڕوو كە، "ناكرێت هەر كەسێك لە جێگای خۆیەوە بڵێت خۆ منیش سەرۆكم، نەخێر، (سەرۆك بارزانی) لە ڕوانگەی بەرپرسیارەتییەوە دەبێت بە چاوی سەرۆكی نەتەوەیی تەماشا بكرێت، لە هەمان كاتدا ئەوەی (بارزانی) بۆ هەولێری دەكات، بۆ كۆبانییشی دەكات و دڵنیا بن لەوەی كە ئەگەر هەموو كورد پشگیریی كۆبانی بكات، ئەو شارە ناكەوێت، بە هەموومانەوە دەتوانین بیپارێزین و ئەو كاتەیش هەموومان سەردەكەوین و دەبێت پەیەدە و هەپەگە ئەوە قبووڵ بكەن، كە تەنیا ناتوانن بێنە دەستەڵات، چونكە (سەرۆك بارزانی)ـیش هۆكارێكە بۆ ئەوەی سەركەوتنی گەلی كوردستان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەهێزتر بێت".
جارێکی دی جەختی کردەوە لەوەی کە، "دەبێت بەرژەوەندیی حیزبی و شەخسی وەلاوە بنرێت و هەموویان پشگیریی (بارزانی) بكەن، بە تایبەتی ئەم پەیامە بۆ پەیەدە و پەكەكەیە كە بزانن (سەرۆك بارزانی) كەسێكە دڵسۆزی كوردە و كەسایەتییەكی بەهێزیشە".
لەبارەی كۆبوونەوەی حیزبەكانی ڕۆژئاوای كوردستان لە هەولێر، (ئۆجەلان) دەڵێت، "ماوەی ساڵێكە سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەڵێت با لە ڕۆژئاوای كوردستاندا دەستەڵاتی هاوبەش هەبێت، یەك ساڵە (بارزانی) بۆ ئەوە خەبات دەكات لە ڕۆژئاوادا كورد ببێتە یەك، بەڵام بەداخەوە هێزەكانی ڕۆژئاوای كوردستان بە یەكسانی دەستەڵاتیان دابەش نەكرد، ئەمە بووە هۆی لاوازیی كورد و داعش هێرشی كردە سەر كۆبانی، باشە ئەوە یەك ساڵە (سەرۆك بارزانی) داوای پشگیریی كورد لە ڕۆژئاوادا دەكات، بۆچی ئەو پەیامە لەلایەن حیزبەكانەوە ناخرێتە واری کردەییەوە؟ دەی ئێستا دەبینین كە نەبوونی گوتاری كوردی و جیاوازیی حیزبەكان، ئەوەی لێ كەوتووەتەوە كە هاتووەتە ئاراوە."
kdp.info




