دیندار زێباری: تا ئێستا 3 هەزار پەنابەری كۆبانی گەییشتوونەتە هەرێمی كوردستان

هەولێر-KDP.info- جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێم دەڵێت، تا ئێستا سێ هەزار پەنابەری كۆبانی گەییشتوونەتە هەرێمی كوردستان كە هەزار كەسیان بە شێوەیەكی فەرمی هاتوون و ئەوانەی دیكەیش بە شێوازی دیكە گەیشتنە هەرێم.
جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (د. دیندار زێباری) رایگەیاند، لە ماوەی ئەم چەند رۆژەی رابردوودا، 172 هەزار دانیشتووی شاری كۆبانی بە هۆی هێرشی چەكدارانی تیرۆریستی داعشەوە ئاوارەی باكووری كوردستان بوون. هەروەها تا ئێستا سێ هەزار پەنابەری كۆبانی گەییشتوونەتە هەرێمی كوردستان كە هەزار كەسیان بە شێوەیەكی فەرمی هاتوون و ئەوانەی دیكەیش بە شێوازی دیكە گەیشتوونەتە هەرێم.
(زێباری) پێشبینی دەكات ئاوارەكانی كۆبانیزۆربەیان روو لە هەرێمی كوردستان بكەن و بۆ بەهاناوەچوونیان پێویستە بۆ تەواوی ناوچەكانی هەرێم بگوازرێنەوە، كە پارێزگای دهۆك كە لە كاتی ئێستادا ژمارەیەكی زۆری ئاوارە لە خۆ گرتووە.
هەر سەبارەت بە هاتنی پەنابەرانی كۆبانی، (دیندار زێباری) رایگەیاند، 2 هەزار ئاوارە لە 25-ی ئەیلوولەوە تا 10-ی تشرینی یەكەم هاتوونەتە هەرێمی كوردستان كە زۆربەیان لە كەمپی گوەیلان لە دهۆك نیشتەجێ كراون، تەنیا لە ماوەی دوو رۆژی رابردوویشدا هەزار پەنابەری تر لە كۆبانییەوە گەییشتوونەتە هەرێمی كوردستان.
هەروەها باسی لە ئەولەوییەتەكانی حكوومەتی هەرێم بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكان كرد و رایگەیاند، ئامادەكاری بۆ وەرزی زستان لە ئەولەوییەتی حكوومەتی هەرێمدایە كە بڕیارە تا ناوەڕاستی مانگی داهاتوو تەواوی ئاوارەكانی نیشتەجێ لەناو قوتابخانە و بیناكانی ناتەواو بۆ كەمپەكان بگوازرێنەوە.
سەبارەت بە یارمەتیی نێودەولًَەتی بۆ پەنابەرانی رۆژئاوا، جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە ئاماژەی دا كە نەتەوە یەكگرتووكان داوای سەدان ملیۆن دۆلاری بۆ یارمەتیدانی پەنابەرانی رۆژئاوا لە وڵاتانی كۆمەكبەخش كردبوو كە بە گوتەی بەرپرسانی یوئێن تەنیا 30% ئەم بڕەپارەیەیان بەدەست گەییشتووە.
كۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەكگرتووەكان هەروەها ئاماژە بە بەردەوامبوونی هاتنی پەنابەرانی رۆژئاوای كوردستان بۆ هەرێمی كوردستان دەكات و نیگەرانیی خۆی و بەرپرسانی لۆكاڵی بەرانبەر هاتنی ژمارەیەكی زۆری پەنابەرانی كۆبانی بۆ هەرێمی كوردستان دەردەبڕێت و تیشك دەخاتە سەر سنوورداربوونی توانای پێشوازی و یارمەتیدانی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێم.
لە نیوەی دووەمی مانگی ئەیلوولدا، 4354 پەنابەری رۆژئاوا بۆ شوێنی خۆیان گەڕانەوە كە 3765 كەسیان لە لایەن كۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە تۆمار كراون. دەروازەی پیشخابوور بووەتە رێڕەوێكی مرۆیی بۆ ئاڵوگۆڕی نێوان هەرێمی كوردستان و رۆژئاوای كوردستان كە بە هۆی هێرشی سەر ناوچەكانی كوردنشین، پێشبینیی هاتنی ژمارەیەكی زۆری پەنابەرانی رۆژئاوا دەكرێت.




