نێچیرڤان بارزانی: هاوپەیمانەتیمان لەگەڵ یەکێتی درێژەی دەبێ.. هاوپەیمانان لەسەر داوا و بە هەماهەنگیی ئێمە بە هانای کۆبانیوە چوون

سلێمانی-KDP.info- (نێچیرڤان بارزانی) ڕایگەیاند، ئەو هەماهەنگییەی لەگەڵ هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بۆ کۆبانی کراوە، هەمووی هەرێمی کوردستان کردوویەتی و لەسەر داوای ئەوان بووە کە، بە هانای کۆبانیوە بچن، گوتیشی کە ئەوەی لە توانادا بووبێ و هەیش بێ، درێخی ناکەن. دەربارەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆیشیان لەگەڵ یەکێتی گوتی، پێوەندییەکانی پارتی و یەکێتی گرینگن و لە ڕێگەیانەوە توانیویانە دەستکەوتی باش بە دەست بێنن، بۆ ئەم دۆخە نوێیەیش پێویستیان بە جارێکی دی هەڵسەنگاندنەوەی پێوەندییەکانیان هەیە و بەردەوامیش دەبن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستان و یەكێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە سلێمانی کۆ بوونەوە و پاشتر، سەرۆکی شاندی پارتی(نێچێرڤان بارزانی) و لە لایەن یەکێتییش(مەلابەختیار) کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان ساز دا و تێیدا، (مەلابەختیار) ڕایگەیاند، "ئەو پرسانەی قسەمان لەسەر کردوون، پێوەندییەکانی نێوانمان، دۆخی هەرێمی کوردستان و پێوەندییەکانی هەرێم و بەغدا و ناوچەکە و مەترسییەکانی داعش بوون"، گوتیشی "لە کۆبوونەوەماندا، گلەییەکانی برادەرانی پارتی لە ئێمە و هیی ئێمەیش لە برادەرانی پارتی، پرسێکی دی بوو کە گفتوگۆمان لە بارەوە کرد و هەردوو لامان هەوڵ بۆ چارەکردنیان دەدەین." زیاتر گوتی "هەردوو لا بڕیارمان داوە لیژنەیەکی باڵا پێک بێنین بۆ پێداچوونەوە بە پێوەندییەکانمان و لە لایەن پارتییەوە (کاک نێچیرڤان) و لە لایەن یەکێتییشەوە من سەرپەرشتی دەکەم."
بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی(مەلابەختیار) گوتیشی "یەکێتی و پارتی، پابەندین بە ڕێککەوتنی ستراتیژیی نێوانمان، ڕاستە کە پێشتریش گۆڕانکاری تێدا کراوە کە ڕووداوەکان هۆکار بوون، لە ئێستایشدا بە هۆی هاتنە ئارای دۆخێکی نوێ پێویستمان بە سەلەنوێ تێگەییشتنی هاوبەش هەیە. ئەم هەلومەرجە لە ئێشتادا پێویستی پێداچوونەی پێوەندییەکانی فەرز کردووە."
هاوکات (نێچیرڤان بارزانی) دەربارەی پێوەندییەکانی پارتی و یەکێتی گوتی، "پێوەندییەکانمان گرینگن و لە ڕێگەیانەوە توانیومانە دەستکەوتی باش بە دەست بێنین، ئێستایش دەمانەوێ پێوەندی لە نێوان ئێمە و کۆی حیزبەکاندا پتەو بێ و یەکڕیز و یەکدەنگ بین."
زیاتر گوتی، "لە سایەی پێوەندیمان و ڕێککەوتنی ستراتیژی نەبوایە، ئەو دەستکەوتانە بە دی نەدەهاتن، ئێمە قسەمان لەسەر ئەوە کردووە کە، کۆبوونەوەی سێ قۆڵی و پێنج قۆڵییش ساز بدەین و دۆخی ئەمڕۆی کوردستانیش ئەوەی لە ئێمە دەوێ."
ڕوونیشی کردەوە، "ڕێککەوتن بە واتای بەشکردنی پارە و داهات نییە، بەڵکە ئەمڕۆ دەرکەوت کە کەمێک ساردیی نێوان پارتی و یەکێتی چ دۆخیک دێنێتە ئاراوە"، گوتیشی "بەردەوامی لەسەر پێوەندییەکان، ئەوەیە کە هەردوولامان دەمانەوێ. هاوپەیمانەتی نێوانمان دەبێ بمێنێ و بەردەوامیش دەبێ."
پێوەست بە پرسی پێوەندییەکانی هەرێم و بەغدایش (نێچیرڤان بارزانی) رایگەیاند، حکوومەتێکی نوێ لە بەغدا هەیە، هەرێم هەوڵ دەدات بە شێوەیەکی هێمنانە کێشەکانی لەگەڵ بەغدا چارە بکات، هەر بۆیە سیاسەت و بریاری هەرێم و کۆی حیزبەکان ئەوەیە کە چانسێک بدرێ بە سەرۆکوەیزرانی نوێی عێراق.
دەربارەی ئەو هێرشە داگیرکارییەی سەر شاری کۆبانیی ڕۆژئاوی کوردستانیش، (نێچیرڤان بارزانی) گوتی، کۆبانی پێوەندی بە کۆی هێزەکان، سەرۆکایەتیی هەرێم و حکوومەت و لایەنەکانەوە هەیە، ئەو جەختی کردەوە "بەوەی لە تواناماندا بووە هاوکاریمان کردوون، بەڵام گرفت ئەوەیە کە لە ڕووی جیۆگرافییەوە لێمان دوورن و دەستپێڕاگەییشتن وەک ئەوەی دەمانەوێ ناکرێ، بەڵام هەماهەنگیمان لەگەڵ هاوپەیمانان کردووە، کە هەرێمی کوردستان کردوویەتی و دەشبینین کە بەهانایانەوە چوون. هاوکات هاوکاریی مرۆییشمان بۆیان ناردوون."
(نێچیرڤان بارزانی) زیاتر گوتی "کۆبانی بۆ ئێمە گرینگە، بەڵام دەبێ واقیعبین بین، کە لەوە زیاترمان پێ ناکرێ، دەبێ ئەوەیش بڵێین کە دەروازەی سنووریشمان بە ڕووی ئاوارەکاندا کردووەتەوە و کاتێکی دێنە هەرێمی کوردستان بەوەی لە توانادایە هاوکاریان دەبین."
دەربارەی چوونی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، وەک ئەوەی کە پێشتر بڵاو کرایەوە و سەرۆکوەزیارنی هەرێم سرۆکایەتیی شاندەکە دەکات، (نێچیرڤان بارزانی)، رایگەیاند، "هێشتا دیار نییە کە چ ڕۆژێک دەچین، بەڵام چوونمان بۆ بەغدا کە حکوومەتێکی نوێ پێک هێنراوە و ئێمەیش تێیدا بەشدارین، هەروەه بۆ یەکلاکردنەوەی کێشە و جیاوازییەکانی نێوانمان پێویستییەکە و دەچین."
دەربارەی ئەو گلەییانەی کە لە چوارچێوەی پیوەندییەکانی حکوومەتی هەرێم و تورکیا ماوەیەکە باس دەکرین، (نێچیرڤان بارزانی) رایگەیاند، "من فەرمانبەری حکوومەتی تورکیا نیم و بەڵکە پێوەندیمان لەسەر ئاستی حکوومەتین. نەک پێوەندی حیزبی و کەسی، باوەڕیشمان وایە کە پیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا ڕاستن و ئاساییە کە پێوەندیمان لەگەڵ تورکیادا باش بن و هەوڵیشمان داوە هۆکاری سەقامگیری بین."
سەبارەت بە ئەگەری هەبوونی مەرج لە لایەن بەغداوە، بۆ ناردنی بوودجە بەرانبەر بە ناردنی نەوت و شەفافییەت لەو پرسەدا، (نێچیرڤان بارزانی) گوتی، "بەغدا مەرجێکی وایان نییە کە گوتبێتیان دەبێ نەوت بنێرن ئینجا بودجە دەدەین، شتێکی وەهامان نەبیستووە، سەرباری ئەوەیش ئامادەین تەواوی زانیاری بدەن بە بەغدا و هەر لەیەکیش بیەوێ."
لای خۆیەوە (مەلابەختیار) لەبارەی پێوەندییەکانی یەکیتییەوە بە بزوتنەوی گۆڕانەوە، گوتی، "ئێمە پێشنیازمان کرد کە پێوەندیی سێ قۆڵیمان هەبێ، بەڵام گۆڕان ڕەتی کردەوە، هەڵبەت لە ئێشتایشدا ئامادەین پێوەندی سێقۆڵیمان هەبی و هیی پێنج قۆڵیشمان هەبێ، بە حیزبەکانی دیکەیشەوە." ئەو دەڵی، "زروفی بابەتی ئێمەی کۆ کردووەتەوە و ئێستا لە جاران زیاتر پێویستمان بە کۆ بوونەوەی زیاترە."




