٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

جموجۆڵی داعش لە كەركووك زیاد بووە.. دەزگا ئەمنییەكان بە وردی چاودێریی دۆخی ئەمنی دەكەن و لە ئامادەباشیدان

سەرچاوە: KDP.info

كەركووك-KDP.info- بەڕێوەبەری ئاساییشی كەركووك دەڵێت، ماوەی هەفتەیەكە جموجۆڵی داعش لە دەوروبەری كەركووك زیادی كردووە و هێزە ئەمنییەكانیش بە وردی چاودێریی ناو كەركووك دەكەن، بە تایبەت گەڕەكە عەرەبنشینەكان و پێش جەژنی قوربانیش 400 كەس دەستگیر كراون.

بەڕێوەبەری ئاساییشی كەركووك لیوا (هەڵۆ نەجات)، بە kdp.info-ی راگەیاند، "لە دوای شكستهێنانی سوپای عێراق لە ناوچەكەدا، كەركووك بە شێوەیەكی گشتی و زیاتریش گەڕەكە عەرەبنشینەكانمان خستووەتە ژێر چاودێریی وردەوە، چونكە زیاتر كردەوە تیرۆرستییەكان لەو گەڕەكانە سەرچاوە دەگرن و رەوانەی ناو كەركووك دەكرێن، هەروەها هێزی پێشمەرگەیش لە سنووری كەركووك بە گشتی سنوورێكی داناوە و هاتوچۆ قەدەخە كراوە و پشكنین زیاتر بووە، توانراویشە تارادەیەكی باش بارودۆخەكە كۆنتڕۆڵ بكرێت".
لیوا (هەڵۆ) زیاتر گوتی، "لەناو كەركووك لە هەر شوێنێك گومان هەبووە، پشكنینمان بۆی كردووە و لەبارەی شانەی نوستوویشەوە داعش دەیەوێت شەڕی دەروونی لەگەڵ خەڵك بكات و هەندێك دەزگای راگەیاندنیش رۆڵی نەگەتیڤ لەو بارەیەوە دەبینن كە هەندێك شت بڵاو دەكەنەوە رەنگە ڕاست نەبن".
بەڕێوەبەری ئاساییشی كەركووك ئاماژەیشی دا، "پێش جەژن پشكنینێكی بەرفراوان بۆ كەركووك كراوە و نزیكەی 400 كەس كە گومانلێكراو بوون و پەیوەندییان بە كەركووكەوە نەبووە، دەستگیر كراون، كە هەندێك لەوانە دەركراون و هەندێكیش تا ئێستا لە زینداندان، هەروەها ژمارەیەكیش لە ژێر لێكۆڵینەوەدان و لە هەر جێگایەك زانیاری لەسەر گومانلێكراوان هەبێت، دەستگیریان دەكەین".
ئەوەیشی خستە ڕوو كە، "لە دوای خۆرئاوابوون كەمین دادەنێین و هێزەكانمان لە كەركووك بڵاو دەكەینەوە و هەر بینایەكی هەستیاریش بەپێی پێویست پاسەوانی بۆ دانراوە".
(هەڵۆ نەجات) ڕوونیشی كردەوە، "مەترسی لەسەر كەركووك هەیە و ماوەی هەفتەیەكە جموجۆڵی داعش زۆر بووە، بەڵام هێزی پێشمەرگەیش ئامادەكاریی تەواوی كردووە و فڕۆكەكانی هاوپەیمانانیش زیاتر ڕوویان لەكەركووك كردووە، بەداخەوە بەشێك لە عەرەبەكانیش هاوكاریی داعش دەكەن، چونكە لە هەموو شێونەكان هاوكارییان كردوون".
ئەو هەروەها هێمای بۆ ئەوەیش كرد كە، "بوونی مەترسی لەسەر كەركووك زیاتر لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو دەكرێتەوە و بە هۆی هەندێك لێدوانەوەیە، بەڵام لە ئێستادا بارودۆخەكە كۆنتڕۆڵ كراوە و هەوڵ دەدەین شەڕ لە كەركووك نزیك نەبێتەوە و دڵنیایی بدەینە هاووڵاتیان، سەرەڕای ئەمەیش بەردەوام مەترسی هەبووە".
بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار