لە جەلەولا چەند داعشێک كوژران و ژمارەیەكیشیان بریندار بوون

جەلەولا-KDP.info- بەرپرسی ناوچەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە جەلەولا دەڵێت، بە هۆی هێرشەكانی هێزی پێشمەرگەوە، چەند داعشێک كوژران و ژمارەیەكیشیان بریندار بوون و هێزی پێشمەرگەی كوردستانیش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێكی داعش لە ئامادەباشیی تەواودان.
بەرپرسی ناوچەی جەلەولای پارتیی دیموكراتی كوردستان (كامەران محەممەد)، لە لێدوانێكدا بۆ KDP.info گوتی، "لە دوای جەژنەوە داعش دوو هێرشی كردووەتە سەر جەلەولا و سەعدییە، ئەوەی تێبینی كراوە، داعش چەكێكی زۆر پێشكەوتوویان لە شەڕەكاندا بەكار هێناوە و وەك باس دەكرێت، بەشێك لە چەكدارەكانیان لە شوێنی دیكەوە هێناون بۆ ئەو شەڕە".
ئەوەیشی خستە ڕوو كە، هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێكی داعش لە ئامادەباشیی تەواودان.
لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەكەن كە ئەو چەكانەی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە هاتوون، نەدراونەتە پێشمەرگە لە سنووری كەركووك و دیالە، (كامەران) ڕایگەیاند، ئەو چەكانەی كە بۆ پێشمەرگە هاتوون، بەپێی پێویست و بەرنامەی تایبەت، بێ جیاوازی دابەش كراون.




