خۆپێشاندانی زیاتر لە 20هەزار كەسی، داگیركاریی داعشی بۆ سەر كۆبانی ڕیسوا كرد

دۆسڵدۆرف-KDP.info- زیاتر لە 20هەزار كورد بە مەبەستی سەركۆنەكردنی تیرۆریستانی داعش و پشتیوانی بۆ هێزەكانی پاراستنی ئەو شارە، ڕژانە سەر شەقامەكانی دۆسڵدۆرفی ئەڵمانیا. حكوومەتی ئەڵمانیایش دوێنێ مەترسیی خۆی لە گوازتنەوەی كێشەی كۆبانی بۆ وڵاتەكەی نیشان دا، ئەمەیش پاش چەند پێكدادانێك لە نێوان كوردانی نیشتەجێی ئەڵمانیا و سەلەفییە توندڕۆكانی پشتیوانی داعش.
ڕێك پێچەوانەی ئەوە بوو كە وەك پێشبینی دەكرا، لەو خۆپێشاندانە جەماوەرییە بەرفراوانەی كە زیاتر لە 20هەزار كورد سازیان دا و لە دۆسڵدۆرف زۆر هێمنانە كۆتایی هات، بەڵام بەرلین هێشتا ترسی هەیە، قەیرانی سووریا و كۆبانی بۆ وڵاتەكەی بگوێزرێتەوە.
پۆلیسی ئەڵمانیا ڕایگەیاند، سەعات 12 بە كاتی ئەڵمانیا، 10 تا 12هەزار كەس هاتبوونە سەر شەقامەكان، بەڵام ژمارەیان بۆ زیاتر لە 20هەزار بەرز بووەوە. ڕێكخەرانی خۆپێشاندانەكە ناڕەزایەتی دەربڕینەكەیان لە ناوچەی ڕینانیای دۆسڵدۆرف ساز دا و تێیدا هێرشی داگیركارانەی داعش بۆ سەر كۆبانی ڕیسوا كرد.
سێشەممە و چوارشەممەی ڕابرد، لە هامبۆرگ، لە باكووری ئەو شارە بە تایبەت، بە هۆی خۆپێشاندانی كوردانی ئەو شارەوە و ڕیسواكردنی داگیركاریی تیرۆریستانی داعش، سەلەفییە توندڕۆكانی هەمان شار بەرەوڕوویان بوونەوە و بە هۆیەوە پێكدادان لە نێوانیاندا دروست بوو و برینداری لێ كەوتەوە.
هەر دوێنێ وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا، لە ئەگەری بەرپابوونی پێكدادانی دیكە لە نێوان ڕەوەندی كورد كە بە ملیۆنێك دەخەمڵێندرێ لە ئەڵمانیا و سەلەفییە توندڕۆكان، نیگەرانیی خۆی نیشان دا.
(تۆماس دو میزییر)، هاوكات رایگەیاند، كە وڵاتەكەی لە تووڕەیی ئەو خەڵكە كوردە تێ دەگەن و ڕوونیشی كردەوە، "لە زیادەڕۆیی هەندێكانیش بۆ ڕژانە سەر شەقام و ئەنجامدانی كردەی توندوتیژی لەسەر شەقامەكان، چاوپۆشییان كردووە."
زریان زیاد




