٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دەستگای خێرخوازیی بارزانی بەشداریی كۆنفڕانسی بزنسی پۆڵەندی- ئەمەریكی كرد.. بۆ كۆكردنەوەی كۆمەك بۆ پەنابەران بوو

سەرچاوە: KDP.info

پۆڵەندا-kdp.info- بە مەبەستی كۆكردنەوەی كۆمەك و هاوكاری بۆ ئەو پەنابەرانەی روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، شاندێكی دەستگای خێرخوازیی بارزانی بە بانگهێشتی فەرمی بەشداریی لە كۆنفڕانسی بزنسی پۆڵەندی – ئەمەریكی لە وڵاتی پۆڵەندا كرد كە تایبەت بوو بە چۆنیەتیی هاوكاریكردنی پەنابەران.

لە پێناو كۆكردنەوەی هاوكاری و كۆمەك و ناساندنی بارودۆخی پەنابەران لە هەرێمی كوردستان، بە تایبەتی پەنابەرانی شنگال و ئێزدی كە بە هۆی هەڕەشەكانی تیرۆریستانی داعشەوە روویان لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان كردووە، دەستگای خێرخوازیی بارزانی لەسەر داوەتی فەرمیی وڵاتی پۆڵەندا، بەشداریی لە كۆنفڕانسی بیزنسی پۆڵەندی- ئەمەریكیدا كرد.
لەو كۆنفڕانسە جیهانییەدا، نوێنەرانی دەستگا پوختەیەكیان لەسەر رەوش و بار و گوزەرانی پەنابەران خستە ڕوو كە ئێستا لە هەرێمی كوردستانن، هاوكات بیروڕایان لەگەڵ ژمارەیەك رێكخراوی جیهانی ئاڵوگۆڕ كرد بۆ ئەوەی سەردانی كوردستان بكەن و هاوكاری و كۆمەكەكانیان بگەیەننە پەنابەران.
سەبارەت بە چۆنیەتیی بەشداریكردنی شاندی دەستگای خێرخوازیی بارزانی لەو كۆنفڕانسە جیهانییەدا، جێگری سەرۆكی دەستگای خێرخوازیی بارزانی (مووسا ئەحمەد) رایگەیاند، "لەسەر داوەتی فەرمیی وڵاتی پۆڵەندا، وەكو یەكەمین دەستگای خێرخوازی لە هەرێمی كوردستان بەشداریمان لە كۆنفڕانسی بیزنسی پۆڵەندی- ئەمەریكی كرد و هاوكات ئێوارەخوانێكی خێرخوازی بە مەبەستی كۆكردنەوەی كۆمەك و هاوكاری بۆ ئەو پەنابەرانەی لە هەرێمی كوردستانن، ساز كرا".
گوتیشی، "لە میانی بەشداریكردنمان لە كۆنفڕانسەكەدا چاومان بە چەندین كەسایەتیی ناوداری جیهانی كەوت وەك ئەكتەر و دەرهێنەری بەناووبانگی هۆڵیۆد (ستیڤان بۆڵدوین) و چەندین رێكخراوی مرۆیی جیهانیی دیكە لە وڵاتی پۆڵەندا، لەو دیدارانەیشدا پوختەیەك لە كار و چالاكییەكانی دەستگامان بۆیان روون كردەوە و هاوكات بار و گوزەرانی ئێستای پەنابەرانمان بە شێوەی دۆكیومێنت خستە بەردەم ئامادەبووانی كۆنفڕانسەكە، لەگەڵ گۆڕینەوەی بیروڕاكان لەبارەی چۆنیەتیی هاوكاریكردنی زیاتری پەنابەران".
(مووسا ئەحمەد) زیاتر ڕوونی كردەوە، "ژمارەیەك رێكخراوی مرۆیی وڵاتی پۆڵەندا بڕیاریان داوە بێنە هەرێمی كوردستان و لەگەڵ دەستگای خێرخوازیی بارزانیدا كاری خێرخوازی و مرۆیی و بەهاناوەچوونی پەنابەران ئەنجام بدەن. هەروەها جگە لە وڵاتی پۆڵەندا، شاندی دەستگا دەچێتە ئەمەریكا و لەگەڵ بەرپرسانی بەشی مرۆیی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان و هەروەها لایەنە پەیوەندیدارەكانی بواری پەنابەراندا كۆ دەبێتەوە".

هەواڵی پەیوەندیدار