ئەڵمانیا ترسی لە سەلەفییە توندڕۆکانە، خۆپێشاندانی سبەی کوردان تێک بدەن و شەڕ دروست ببێ

بەرلین-KDP.info- دەستگای ئاساییشی نێوخۆی ئەڵمانیا ترسی هەیە لەوەی پێکدادانی نوێ لە نێوان ڕەوەندی کورد و ئیسلامییە توندڕۆکانی ئەو وڵاتە کە پشتیوانی لە داعش دەکەن، بێتە ئاراوە، ئەم مەترسییەی حکوومەتی ئەڵمانیایش لەوە دێ کە سبەی شەممە، خۆپێشاندانی گەورە کە وەها بڕیارە 10هەزار کورد تێیدا بەشدار بن، لە دۆسڵدرۆف ساز بدرێت.
نووسینگەی پاراستنی دەستوور(دەستگای ئاساییشی نێوخۆ) لە بەرلین، ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، پێشوەچوونەکانی دۆخی ئەمنی لە عێراق و سووریا، ڕەنگە لە ڕۆژانی داهاتوودا ببنە هۆی پێکدادانی دیکەی نێوان کورد و پشتیوانانی داعش لە ئەڵمانیا. ئاماژەیشی داوە، پێشڕەویی زیاتری تیرۆریستانی داعش لەو دوو وڵاتە، ڕەنگە پێکدادانی زیاتر لە نێو ئەڵمانیا بێنێتە ئاراوە.
پۆلیسی ئەڵمانیایش پێشبینی دەکات، لەو خۆپێشاندانەی کە ڕەوەندی کورد، سبەی شەممە لە دۆسڵدرۆف سازی دەدەن، زیاتر لە 12هەزار تێیدا بەشدار ببن.
نووسێنگەکە ئاماژەیشی داوە کە، زۆرینەی خۆپێشاندان و جالاکییەکان بە ئاشتیانە بەڕێوە دەبرێن، بەڵام هەندێ جار پێکدادانی توند دێتە ئاراوە. ئەو نووسینگەیە ڕوونیشی کردووەتەوە، هەردوو لا، بە هەڵچوونی توند ناو دەبرێن، نایشزانرێت پەرچەکرداری لایەک بەرانبەر بە قەڵسکردنی ئەوی دی چیی لێ دەکەوێتەوە.
زیاتر ڕوونی دەکاتەوە: "هەردوو لا دەیانەوێ دینامیکیەتی هاوسەنگیی بەرانبەر ڕابگرن."
چەند ڕۆژی ڕابرد، زۆرێک لە شارەکانی ئەڵمانیا خۆپێشاندانی هەزاران کوردی دژ بە هێرشی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی بۆ سەر ناوچە کوردییەکان لە هەریەک لە سووریا و عێراق بە دوای خۆیدا هێنا، کە بوون بە هۆی پێکدادانی توند لەگەڵ ئیسلامییە توندڕۆکانی نیشتەجێی ئەو وڵاتە.
بەرەنگاربوونەوەی مەترسیی سەلەفییەکان
لای خۆیەوە، هەرێمی باڤاریای باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەڵمانیا، هەوڵەکانی بۆ بەرهەڵستیی سەلەفییە توندڕۆکان، لە هەڵمەتێکی هۆشیارکردنەوەی بەرپا کردووە.
وەزیری نێوخۆی هەرێمی باڤاریا(یواخیم هێرمان)، ئەمڕۆ هەینی لە شاری نۆرنبێرگ و لە چوارچێوەی زانیاری لەسەر سەلەفییەکان، ڕایگەیاند، ئەو هەڵمەتی هۆشیارکردنەوە و خۆ لێ پاراستنەی هەرێمەکە، لەسەر بنەمای زانیاریی تۆکمەی بزووتنەوەی سەلەفییەتە لە ئەڵمانیا.
(هێرمان) زیاتر گوتی، ئەو هەڵمەتە بە تەنیا بە ڕاهێنانی گەنجان لەسەر فیکری سەلەفییەت نییە، بەڵکە پشتبەستوون بەو شێوازە مەترسیدارەی کە بزووتنەوەی سەلەفییەت، لە ڕاکێشان و ناونووسکردنی ئەندامانی نوێ.
هێرمان جەختی كردەوە، "پێویستە رێگری بكرێت لە توندڕۆیی گەنجان، توندڕۆیێك كە هانیان بدات بۆ بەشداریكردن لە پرۆسە سەربازییەكانی ناوچە قەیراناوییەكان."
زریان زیاد




