٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شاندی پەرلەمان: جگە لە تورکیا ھیچ رێگەی دیکە نییە بۆ ھاوکاریکردنی کۆبانی.. شەڕڤانان لە تورکیا چارەسەر دەکرێن

سەرچاوە: KDP.info
شاندی پەرلەمانی کورستان لەسەر سنوور، سروچ.

کۆبانی-KDP.info-  ئەندامێکی شاندی پەرلەمانی کوردستان بۆ کۆبانی دەڵێت، ئەمڕۆ لە سەردانەکەیان بۆ کۆبانی گەڕانەوە بۆ ھەرێمی کوردستان و گەییشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە، جگە لە تورکیا ھیچ رێگەی دیکە نییە بۆ ئەوەی ھاوکاری بگەیندرێتە کۆبانی. گوتیشی، تورکیا جیا لە ڕێدان بە هاوکاریی مرۆیی و چارەسەرکردنی بریندارانی یەپەگە لە نەخۆشخانەکانی تورکیا، شتێکی دی بۆ کۆبانی ناکات.

پێش چەند رۆژێک شاندێکی پەرلەمانی کوردستان کە لە 10ئەندام پێک دەھات بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە رەوشی ئەوشارە سەردانی تورکیایان کرد و لەگەڵ شەش پەرلەمانتاری باکووری کوردستان و  ھاوسەرۆکی کانتۆنی کۆبانی و سەرۆکی ئەنجوومەنی کانتۆنی کۆبانی و ئەنجوومەنی نیشتیمانیی رۆژئاوای کوردستان و بەدەپە و پارێزگاری ئۆرفا کۆ بوونەتەوە.
ئەندامی شاندی پەرلەمانی کوردستان بۆ کۆبانی(سۆران عومەر) دەربارەی ئەو سەردانە و کۆبوونەوەکانیان بە kdp.info-ی راگەیاند: "ماوەی دوو رۆژ تورکیا بە ھۆی شەڕی سەختی کۆبانی رێگەی نەدا بچینە کۆبانی، دواتر رێگەی دا و بۆ ماوەی سەعاتێک چووینە ناو کۆبانیوە، بەڵام نەمانتوانی لە چەکدارانی کورد نزیک ببینەوە، چونکە شەڕێکی سەختی کۆڵانان بەردەوام بوو و، فڕۆکە جەنگییەکانیش مۆڵگەکانی داعشیان بۆردوومان دەکرد، بۆیە ئێمەش نەمانتوانی لەوێ بمینێینەوە و گەڕاینەوە."
ئەو پەرلەمانتارە زیاتر گوتی، "ئێمە وەکو پەرلەمانتارانی کوردستان بڕیارمان دا، لەسەر سنوور لە ناوچەی سروچ کەمپێک دروست بکرێت، کە لە 260خێمە پێک دێت و پێداویستییەکانمان لە تورکیا کڕیوون و لە ھەفتەی ئایندەدا تەواو دەبێت، تێچووەکەی لەسەر ئەرکی پەرلەمان دەبێت."
زیاتر روونی کردەوە، "داوامان لە پارێزگاری ئۆرفا کرد زیاتر ھاوکاریی ئاوارەکان بکەن، پرسیمان کە بۆچی بێخزمەتن و نەتەوە یەکگرتووەکانیش ھاوکاریی نەکردوون و باسیان لەوە کرد لە کۆی ملیۆنێک و800ھەزار ئاوارەی کە لە تورکیا ھەن، نەتەوە یەکگرتووەکان تەنیا 200ملیۆن دۆلاری بەوان داوە بۆ ئەوەی بیخەنە خزمەت ئاوارەکانەوە، بەڵام بە داخەوە وەک پێویست خزمەتیان نەکراوە و تەنیا شارەوانییەکان ھاوکاریی کردوون، ئەوانیش کە کوردن."
(عومەر) گوتیش، رەوشی سنوور ئاڵۆزە و لە شارە کوردییەکان خۆپێشاندانە و رێگەیش بە ئاوارەکان دەدرێت بچنە ناو تورکیا و تا ئێستایش 415برینداری شەڕڤانان ڕەوانەی تورکیا کراون و، چارەسەرییان بۆ کراوە.
لە درێژەی قسەکانیدا (عومەر) گوتی، "داوامان کرد کوردانی رۆژئاوا پێویستیان بە ھاوکاریی تورکیا ھەیە، بەڵام ئەوان نەیانشاردەوە ناتوانن چەکیان پێ بدەن، چونکە ترسیان ھەیە ئەو چەکە بکەوێتە دەست پەکەکە و دواتر شەڕی تورکیای پێ بکرێت."
ئەندامەکەی شاندی پەرلەمانی کوردستان راشیگەیاند، "ئێمە ئەمڕۆ گەڕاوینەتەوە ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بزانین چیی بۆ رۆژئاوا بکەین، ھەر چەندە لەگەڵ پەیەدە و باکووری کوردستان قسەمان کرد کە جگە لە تورکیا ھیچ رێگەی دیکە نییە، تا چەک بۆ کۆبانی رەوانە بکرێت."
(سۆران عومەر) گوتیشی، "ئەگەر ئەمەریکا بە جیددی بۆردوومانی داعش نەکات، کۆبانی مەترسی لەسەرە و شەڕڤانانی کورد، بەو چەکەی هەیانە بەرگەی ئەو ھەموو ھێرشە ناگرن و ئەگەری روودانی جینۆساید ھەیە، چونکە داعش بە جۆرەها چەکی قورس هێرشی بەرپا کردووە و، نزیکەی 3ھەزار چەکداری کورد، لە سێ لاوە لەلایەن داعشەوە گەرمارۆ دراون و، ھێرشیان دەکرێتە سەر.. سنووری تورکیایش تەنیا بۆ حاڵەتی مرۆیی کراوەیە و رێگە بە ھیچ حاڵەتی دیکە نادەن."
ئەو ئەندامەی شاندی پەرلەمان کە چووبووە کۆبانی، دەڵێ، "داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی پەرلەمانمان کردووە بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەت و وەزیری پێشمەرگە، بۆ ئەوەی باس لە رەوشی کۆبانی بکرێت، تا ھەوڵی زیاتر بدرێت لەگەڵ تورکیا بۆ ھاوکاریکردنی ئەو شارە، چونکە تورکیا نە ھێز ڕەوانە دەکات و نە چەکیش، بەڵکو تەنیا تەماشاکەرە."

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار