ھێزێکی ھاوبەش بۆ رۆژئاوای کوردستان، ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد و پەیەدە لە ھەولێر کۆ دەکاتەوە

ھەولێر-KDP.info- سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد لە سووریا ئاشکرای کرد، بڕیارە دووشەممەی داهاتوو ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد بۆ قبووڵکردنی ھێزێکی تایبەت بە خۆی کۆ ببێتەوە و رۆژی دواتریش لەگەڵ پەیەدەدا کۆ ببنەوە، کە مەبەست لێی پێکهێنانی ھێزێکی ھاوبەشە بۆ رۆژئاوای کوردستان.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد لە سووریا بە kdp.infoی راگەیاند: "رۆژی دووشەممە لە ھەولێر، ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد لە سوریا بۆ پێکهێنانی ھێزێکی ھاوبەش کۆ دەبێتەوە، ئەوان لەوە دەکۆڵنەوە چۆن هێزێکی هاوبەش دروست بکرێت و ئەو پێشمەرگانەی رۆژئاوای کوردستانیش کە لە ھەرێمی کوردستان مەشقیان پێ کراوە، وەک ھێزی فەرمیی خۆی قبووڵ بکات"، ئەو سەرچاوە ئاگادارە ڕوونی کردەوە، "بەڵام ئەگەر لایەنەکانی نێو ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد، ئەو هێزە مەشق پێ کراوە وەک ھێزی خۆیان قبووڵی نەکەن، ئەوا سێ لەو حیزبانە قبووڵی دەکەن، لەوانە پارتیی پێشڤەڕۆ و پارتیی دیموکراتی کوردستان - سووریا و پارتی یەکێتیی کورد لە سووریا و ئەو پارتانەی دیکەیش بە قبووڵنەکردنی ئەو هێزە، زیان بە خۆیان دەگەیەنن."
ئەو سەرچاوەیە زیاتر گوتی، "پاش کۆبوونەوەکە، ئەگەر ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد لە سووریا ئەو ھێزەی بە ھیی خۆی قبووڵ کرد، رۆژی سێشەممە ھەردوو ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد و ئەنجوومەنی گەلی رۆژئاوا کە (پەیەدە) سەرۆکایەتیی دەکات، بۆ ئیمزاکردنی رێککەوتنێک، دەربارەی پێکهێنانی ھێزێکی ھاوبەش بۆ بەرگریکردن لە رۆژئاوای کوردستان و بەرگری لە خاکی خۆیان، لە ھەولێر کۆ دەبنەوە."
سەرچاوەکە باوەڕی وایە کە، ئەگەرچی ھاتنی پەیەدە بۆ ھەولێر نەرمی نواندنە، "ڕەنگە رێککەوتنیش بکەن، بەڵام جێبەجێ ناکرێت."
جەختیشی کردەوە، "لە ئەگەری رێک نەکەوتنیش لە نێوان پەیەدە و ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورددا، ئەوا ئەو ھێزە دروست دەکرێت و تایبەت دەبێت بە رۆژئاوای کوردستان."
بەپێی زانیارییەکان ژمارەی ئەو ھێزە، 3ھەزار و500 پێشمەرگەیە کە لە هاووڵاتیانی خودی رۆژئاوای کوردستانن و ۆر باش مەشقیان پێ کراوە.
لە پاش هێرشە بەردەوامەکانی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر کۆبانی، لە لایەن ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کوردەوە هەوڵ دراوە ئەو هێزە بۆ بەرگریکردن لە کۆبانی ڕەوانە بکرێ، بەڵام بە هۆی مەترسیی ڕێگرییەکانی پەیەدەوە، ئەم پرسە بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە، کە ڕەنگە پاش ئەو کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوە، چارەنووسی ڕەوانکردن و نەکردنی باشتر دەر بکەوێ.
بڵند ئیبراھیم




