٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئامادەیی (سەرۆک بارزانی) بە هەمان گوڕ و تینی داستانی خواکوڕکە.. ورەی داوەتە بەر پێشمەرگە و خەڵکی ناوچەکەیش گەشبینن

سەرچاوە: KDP.info

زوممار-KDP.info-  ماوەی چەند رۆژێکە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان (مەسعوود بارزانی)، ھاوشانی ھێزەکانی پێشمەرگە لە میحوەری زوممار و ڕەبیعە لە بەرەکانی شەڕە، بەرپرسانی ناوچەکەیش دەڵێن لەوەتەی (سەرۆک بارزانی) لەنێومانە، ورەی پێشمەرگە بە ئاستێکە کە، تواناکانی پێشمەرگە بە 10هێندەی بەر لە ئامادەیی (سەرۆک بارزانی)-یە، هاوکات جەخت دەکەنەوە کە خەڵکی ناوچەکەیش گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە رزگارکردنی ناوچەکەیان نزیک بووە.

بەڕێوبەری ناحیەی زوممار (موزاحم سەعدوون) بە kdp.infoی راگەیاند: "لە دوای ئەوەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان خۆی ھاتووەتە میحوەری زوممار و سەرپەرشتیی شەڕەکانی دەکرد، ھێزی پێشمەرگە ورەی زۆر بەرز بووەتەوە، توانیویانە ھەردوو گوندەکانی خراپە تبن و خراپە عاشق کۆنترۆڵ بکەن، کە دوو گوندی زۆر گرینگ بوون بۆ ئێمە و هاوکات ڕزگارکردنی پڕۆژەی ئاودێریی جەزیرە کە بە درێژایی 30کیلۆمەترە، پڕۆژەیەکی ستراتیژییە، هێندەی دی ورەی پیشمەرگە و خەڵکی دەڤەرەکەیشی پێ بەرز بووەتەوە و جۆرێک لە ئارامی باڵی بەسەر دەڤەرەکەدا کێشیاوە و لەئێستادا ناوچەکە ئارامە و داعش جموجۆڵی نەماوە."
بەرێوبەری ناحیەی زوممار گوتیشی، بە ھاتنی سەرۆک بارزانی بۆ ناوچەکە خەڵکی ناوچەکە و ئاوارەکان زۆر دڵخۆش بوون، چونکە دەزانن گەڕانەوەیان و ئازادکردنی ناوچەکەیان نزیک بووەتەوە.
(موزاحم سەعدوون) زیاتر گوتی، لە ئێستادا چەکدارانی داعش ڕوو لە ڕاکردنن و ماڵی هاووڵاتیان تاڵان دەکەن و بۆ شوێنی دیکە دەیگوازنەوە، چونکە دەزانن کۆتاییان ھاتووە.
هاوکات ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی پارتیی دیموکراتی کوردستان کە ماوەی چەند مانگێکە لەگەڵ ھێزی پێشمەرگە لە بەرەکانی شەڕدایە (موحسین سەعدوون) بۆ kdp.infoگوتی، "ئامادەبوونی (سەرۆک بارزانی) لە میحوەری زوممار و چاودێریکردنی شەڕی پێشمەرگە لەگەڵ داعش، لە زوممار و رەبیعە و ئەنجامی باشی ھەبووە و لە بەرژوەندیی خەڵکی ناوچەکە و پشتیوانێکی بەهێزی ھێزی پێشمەرگە بووە، بۆئەوەی بتوانین بە تەواوەتی ئەو ناوچەیە تا دەگاتە شنگال پاکی بکەینەوە."
(موحسن سەعدوون) گوتیشی، "(سەرۆک بارزانی) لە ناوچەکە دەمینێتەوە تا شنگالیش رزگار دەکرێت و، داعش لەو ناوچەیە وەردەر دەنێین."
ئەو پەرلەمانتارە زیاتر گوتی، "ئامادەبوونی (سەرۆک بارزانی) خۆی لە سەنگەرەکانی شەڕدا زۆر واتای ھەن لای خەڵکی ئێمە، بەتایبەتی بۆ ھۆزە کوردەکان و ھۆزی شەمەریش، چونکە چەند مانگێکە گوند و موڵک و ماڵیان کەوتووەتە دەست داعش و وێران کراون، ئینجا کە دەبینن (سەرۆک بارزانی) خۆی سەرپەرشتیی شەڕەکە دەکات، خەڵک پێی دڵخۆش دەبێت."
سەبارەت بە ورەی پێشمەرگە(سەعدوون) رایگەیاند، "لە دوای ھاتنی (سەرۆک بارزانی) بۆ ناوچەکە، ورەی پێشمەرگە هێندە بەرزە، کە کاریگەریی ڕستەوخۆی ئەو ئامادەییە بووە کە، زۆرینەی ناوچەکانی رەبیعە و زوممار ئازاد کراون و ئێستا لەژێر کۆنترۆڵی ھێزەکانی پێشمەرگەدان و، هیوایش وایە لە ماوەیەکی نزیکدا تەواوی ناوچەکە کۆنترۆڵ دەکرێتەوە."
(موحسن سەعدوون) دەربارەی پێشڕەویی پێشمەرگەیش لەو دەڤەرە گوتی، چەند رۆژێک لەمەوبەر سێ گوندی دیکەی عەرەب کۆنترۆڵ کرانەوە و لەئێستادا تەنیا 10گوندی کوردان ماون کە ھیی عەشیرەتی گەرگەرین و سەنتەری ناحیەی زومماریش تەنیا ئۆتۆمبێلی بۆمبرێژکراوی تێدا ماوە.
ئەو جەختیشی کردەوە کە، لە چەند رۆژی داھاتوودا زوممار و تەواوی ناوچەکە تا دەگاتە تەلەعفەر کۆنترۆڵ دەکرێنەوە، چونکە لەئێستادا چەکدارانی داعش و ئەو عەرەبانەی لەگەڵیاندان ھەموویان بۆ تەلەعفەر و شاری مووسڵ ڕادەکەن.
ھەر لەمبارەیەوە فەرماندەی فەرماندەیی ھەڵگورد لیوا(مووسا گەردی) بە kdp.infoی راگەیاند: "ئامادەبوونی (سەرۆک بارزانی) لە سەنگەرەکانی شەڕدا زۆر گرینگە، چونکە ئەو ناوچانەی لە رەبیعە و زوممار کۆنترۆڵ کران بە ھۆی ئامادەبوونی (سەرۆک بارزانی) بووە، ئەو ئامادەییە بیری ئێمەی پێشمەرگەی بۆ ئەو ساتانە بردەوە کە هەروەک چۆن لە شەڕی (خواکوڕک)-دا بەشدار بووە، ئێستایش بە ھەمان گوڕ و تین بەشداری شەڕی پێشمەرگە دژ بە داعش دەکات، ئەمەش بۆ پێشمەرگە زۆر کاریگەرە و پێشمەرگەی دڵخۆش کردووە."
فەرماندەی فەرماندەیی ھەڵگورد زیاتر گوتی، تا ناوچەکانی کوردستان لە دەست داعشدا بن و مەترسی لەسەر ھەرێمی کوردستان ھەبێت، (سەرۆک بارزانی) لە سەنگەرەکانی شەڕدا دەمێنێتەوە.
لیوا(مووسا گەردی) ئاماژەیشی دا، "ھێزی پێشمەرگە کە دەبینن (سەرۆک بارزانی) لەبەرەی شەڕدایە و بارەگای داناوە، ورەیان زۆر بەرزە، ئەم ئامادەییە وایکردووە لەئێستادا ھەر پێشمەرگەیەک بە 10پێشمەرگەی بەر لە ئامادەیی (سەرۆک بارزانی) بوو لە بەرەنکانی جەنگی دژ بە تیرۆردا."
ھێمای بۆ ئەوەش کرد، ھەموو ناوچەکانی کوردستان لە داعش پاک دەکرێنەوە و ئازادکردنی شنگالیش لە پلانی ئەواندایە.

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار