یه‌كیەتیی زانایان داوا ده‌كات وتاری هه‌ینی تایبه‌ت بكرێت به كۆبانی.. داوا له لایه‌نه سیاسییه‌كانی چوار پارچه‌ی كوردستان ده‌كات یه‌كریزییان بپارێزن

هەولێر-KDP.info- یه‌كیەتیی زانایان کوردستان داوا له مامۆستایانی ئایینی و وتاربێژانی كوردستان ده‌كات وتاری سبەی هه‌ینییان تایبه‌ت بكه‌ن به ڕه‌وشی كوردستان به تایبه‌تی كۆبانی.. هاوکات داوا له هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان ده‌كات ده‌ست له ناو ده‌ستی یه‌ك بنێن و یه‌كریزییان بپارێزن و، نه‌هێڵن كه‌سانێكی نامۆ به هه‌ستی كوردانه به هه‌ر بیانووێك یه‌كریزیی كورد تێك بدات.
دەقی ڕاگەیاندنی یه‌كیەتیی زانایان:
به‌ناوی خوای گه‌وره‌و میهره‌بان
ئه‌وه ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه زوڵم و ده‌ستدرێژیی تیرۆریستان، باشوور و رۆژئاوای كوردستانی گرتووەته‌وه، كه دواجار گه‌مارۆدانی شاری كۆبانیی رۆژئاوای كوردستانه، لێره‌وه ته‌ئكید له‌سه‌ر په‌یامه‌كانی پێشوومان ده‌كه‌ینه‌وه و، به توندی ئه‌م كاره نامرۆڤانه شه‌رمه‌زار ده‌كه‌ین، بێگومان به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی زوڵم و سته‌م و پارێزگاریكردن له خاك و وڵات و گیان و سامانی هاووڵاتیان به ئه‌ركێكی پیرۆزی ئایینی و نیشتیمانی و مرۆڤانه‌یه.
هه‌ر لێره‌شه‌وه داوا له كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كه‌ین هاوكارییه‌كانیان چڕتر و زیاتر بكه‌ن، هه‌روه‌ك داوا له هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان ده‌كه‌ین ده‌ست له ناو ده‌ستی یه‌ك بنێن و یه‌كریزییان بپارێزن، نه‌هێڵن كه‌سانێكی نامۆ به هه‌ستی كوردانه به هه‌ر بیانووێك یه‌كریزیی كورد تێك بدات، بۆ ئه‌وه‌ی به یه‌كه‌وه به‌ره‌نگاری ئه‌م ده‌ستدرێژیانه ببنه‌وه، بێگومان دادگه‌ری و یه‌كریزی – به پشتیوانی خوا- تاكه زامنی سه‌ركه‌وتنی گه‌لی كورده.
هه‌روه‌ها داوا له مامۆستایانی ئایینی و وتاربێژانی كوردستان ده‌كه‌ین وه‌ك هه‌میشه و بۆ درێژه‌پێدانی كاره جوامێرانه‌كانیان وتاری هه‌ینی ئه‌م هه‌فته‌یه تایبه‌ت بكه‌ن به ره‌وشی كوردستان به‌تایبه‌تی كۆبانی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی زوڵم و سته‌مكاری و پاراستنی یه‌كریزیی گه‌لی كورد.
یه‌كیەتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان
9/10/2014




