سەندیكای رۆژنامەنووسان: دەبێ پێشێلكاران بدرێنە دادگا.. نابێ رێگا بدرێت گێرەشێوێنان گەمە بە ئیرادەی خەڵكی كوردستان بكەن

هەولێر-KDP.info- لێژنەی داكۆكی لە ئازادی رۆژنامەنووسیی و مافی رۆژنامەنووسان لە كوردستان، هێرشکردنە سەر ڕۆژنامەنووسان ڕیسوا دەکات و داوا دەكات، بە زووترین كات پێشێلكاران بدرێنە دادگا و رێگا نەدرێت چەند كەسێكی گێرەشێوێن، لەم هەلومەرجە ناسك و مەترسیدارە، گەمە بە ئیرادەی خەڵكی كوردستان بكەن.
دەقی بەیاننامەی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لەبارەی هێرشكردنە سەر كەناڵەكانی راگەیاندن:
ئێوارەی رۆژی 8/10/2014، لەكاتی رووماڵكردنی خۆپیشاندانێك كە لەلایەن زیاتر لە 30 حزبی كوردستانییەوە لەبەردەم بارەگای UN لە شاری هەولێر، بۆ دەربڕینی هاوسۆزی و هاوخەباتی كۆبانێ رێكخرابوو، لەلایەن چەند كەسێكی نابەرپرس و گێرەشێوێن، هێرش دەكرێتە سەر تیمی كەناڵی رووداو (محەمەد عزەدین/ پەیامنێر هەژار ئەرگوشی/ پەیامنێر، زەردەشت خان/ وێنەگر)، هەروەها دەستبەسەركردنی كامێرای رزگار كۆچەر، ئەندامی لقی هەولێری سەندیكا و پەیامنێری كوردستان تی ڤی و سامی سادق وێنەگری هەمان كەناڵ و چەند كەناڵێكی دیكە.
هەروەها هێرشكەران بە بەرچاوی پەرلەمانتاران و 30 حزبی كوردستانی و بە بەرچاوی كامێراكانی میدیای ناوخۆ و دەرەوە، بە دار و شەلاق دەكەونە سەر و پۆتەڵاكی میدیاكارانی رووداو تەنانەت كاتێك رائیدی پۆلیس (كاروان عەبدولكەریم) هەوڵی رزگاركردنی هەژار ئەرگوشی دەدات، كە بەریندارییش هەوڵ دەدەن هێرش بكەنە سەری، دوور لە هەموو بنەمایەكی قانوونی و ئەخلاقی.
هەموو ئەو میدیاكارانە بۆ ئەوە لەوێ بوون دەنگی ناڕەزایی و هاوخەباتی پارت و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ شاری كۆبانێ تێكۆشەر بگوازنەوە، كە ئەم پێشێلكارییە جگە لەوەی سەرپێچییەكی ئاشكرای یاسای رۆژنامەگەری بوو، كارێك بوو دژی هەموو یەكڕیزییەكی خەڵكی كوردستانە بۆ هاوخەباتی خەڵكی كۆبانێ.
ئێمە لە لێژنەی داكۆكی لە ئازادی رۆژنامەنووسیی لە سەندیكای رۆژنامەنووسان، دامودەزگا ئەمنییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە بەرپرسی یەكەم دەزانین، داوا دەكەین بە زووترین كات پێشێلكاران بدەنە دادگا و رێگا نەدرێت چەند كەسێكی گێرەشێوێن، لەم هەلومەرجە ناسك و مەترسیدارە، گەمە بە ئیرادەی خەڵكی كوردستان بكەن و ئازادییەكانی میدیا تەسك بكەنەوە و هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان لە ئەركی نیشتمانی و نەتەوەیی خۆیان سارد بكەنەوە.
لێژنەی داكۆكی لە ئازادی رۆژنامەنووسیی و
مافی رۆژنامەنووسان لە كوردستان
هەولێر 9/10/2014




