٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شەوێکی نوێ لە پێکدادانی خۆپێشاندەران و هێزە ئەمنییەکانی تورکیا.. 22 کەس گیانیان لە دەست داوە

سەرچاوە: KDP.info

دیاربەکر-KDP.info-  شەوی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممە، لە چەند شارێکی باکووری کوردستاندا، بۆ جارێکی دی پێکدادان لە نێوان خۆپێشاندەرانی کورد کە بۆ پشتیوانی لە کۆبانی و سەرکۆنەکردنی هەڵوێستی حکوومەتی تورکیا لە بەهاناوەنەچوونی کۆبانی ڕژانە سەر شەقامەکان و، پۆلیسی تورکیادا هاتە ئاراوە.

سەرباری قەدەخەکردنی هاتوچۆ لە لایەن دەستەڵاتدارانی تورکەوە لە شەش پارێزگای باکووری کاوردستان، بە سەدان کەس جارێکی دی ڕژانە سەر شەقامەکانی دیاربەکر، باتمان، وان و سیرت و لەگەڵ پۆلیسی تورکیا بەرەوڕوو بوونەوە، پۆلیسیش بۆ بڵاوەپێکردنیان گازی فرمێشکڕێژ و ئاوی بە کار دەهێنا.
بەرەوڕووبوونەوەی هاوشێوە لە ئیستانبووڵ، ئانکارا و مێرسینیش بەرپا بووە، ئەمە بە گوتەی مێدیاکانی تورکیا.
ئەگەرچی وەک بڕیار بوو ئەم سەرلەبەیانییە قەدەخەکردنی هاتوچۆ لە باکووری کوردستان هەڵگیرا، بەڵام وەها چاوەڕوان دەکرێ، ئێوارە ئەم بڕیارە بسەپێندرێتەوە.
باکووری کوردستان ساڵانێکە بەو شێوەیە ئەم ناڕەزایەتی دەربڕینانەی بەخۆوە نەبینوە، ئەمەیش پاش ئەوە دێ کە، پارتیی گەلی دیموکرات کە سەرەکیترین پارتی سیاسیی کوردییە لە تورکیا، سەرکۆنەی هەڵوێستی ئانکارای کرد لەوەی لە ڕووی سەربازییەوە پشتیوانی لە کۆبانی ناکات کە لە ئێستادا داعش دەستی بەسەر سێیەکی شارەکەدا گرتووە، ئەمە سەرباری بەرگریی توند و ئازایانەی چەکدارانی کورد لە کۆبانی و بۆردوومانی هاوپەیمانان.
ئەم خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕینانە، پێرێ سێشەممە کرداری توندی لە نێوان هەوادارانی پەکەکە و لایەنگرانی گرووپە ئیسلامییەکانیشی لێ کەوتەوە.
بەپێی دوائاماریش وەک ئەوەی مێدیای تورکیا ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاویان کردووەتەوە، لانی کەم 22 کەس گیانیان لە دەست داوە و ژمارەیەکی زۆریش لە برینداران هەن، ئەمە جیا لەو زیانە ماڵییەی کە بەر ئەو شارانە کەوتووە کە خۆپێشاندان تێاندا بەرپا بووە.
ئێوارەی چوارشەممەیش، سەرۆکوەزیرانە موسڵمانەکەی تورکیا(ئەحمەد داوودئۆغڵو)، بە توندی سەرکۆنەی "تێکدەران"-ی کرد، کە وەک ئەو دەڵێ، ئەوانەی کە لە پشت شەپۆلی خۆپێشاندانەکانەوەن کە ەهڕەشەن بەسەر پرسی پرۆسەی ئاشتییەوە کە لە نێوان تورکیا و پەکەکەدا لە ئارادایە.

فڕانس پرێس – زریان زیاد

هەواڵی پەیوەندیدار