وەزارەتی ناوخۆ: ئەوانەی هێرشیان كردە سەر گوتەبێژی پۆلیس، دەستگیر دەكرێن.. ڕێگە بە گێرەشێوێنی و ئاژاوەگێڕی نادەین

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەڵێت، هەموو ئەو تۆمەتبارانەی لە گردبوونەوەكەی ئەمڕۆدا بێ پاساو هێرشیان كردە سەر گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر، دەستگیر دەكرێن و رێگە بە ئاژاوەگێڕی و گێرەشێوێنی نادرێت.
لیوای مافپەروەر (عەبدولخالق تەڵعەت عوسمان) بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، "جێی داخە ئەمڕۆ چەند كەسێك لە گردبوونەوەیەكدا بێ هیچ بیانوویەك هێرشیان كردووەتە سەر وتەبێژی پۆلیسی هەولێر و بریندار بووە."
لیوا (عەبدولخالق) زیاتر گوتی، "هێزەكانی ئاساییشی ناوخۆ هەرگیز رێگە بە گێرەشێوێنی و ئاژاوەگێڕی نادەن و هەر كەس و لایەنێك دەستدرێژی بكاتە سەر هاووڵاتیان، بە گوێرەی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت و ڕووبەڕووی لێپێچینەوە دەبێتەوە."
دەشڵێت، "هەموو ئەوانەی ئەمڕۆ هێرشیان كردووەتە سەر رائید (كاروان عەبدولكەریم) گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، قۆڵبەست دەكرێن و وەك وەزارەتی ناوخۆ بە وردی لە هۆكار و پاساوەكانی پشت ئەو هێرشكردنەوە دەكۆڵینەوە."
ئومێد پشدەری




