٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پێکدادان لە نێوان ئێزدی و سەلەفییەکانی ئەڵمانیادا دروست بوو

سەرچاوە: KDP.info

هامبۆرگ-KDP.info-DW-  بە کەوتنە ژێر کاریگەریی جەنگی کۆبانیی نێوان کوردان و تیرۆریستانی داعش، هەردوو شاری هامبۆرگ و تسیلا، پێکدادانی توند لە نێوان کوردان و سەلەفییەکاندا بەخۆوە بینی، کە بە هۆیەوە دەیان کەس لە هەردوو لا بریندار بوون، چوار پۆلیسیش لە نێواندا هەن.

شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە(8-ی ئۆکتۆبەر)، پێکدادان لە نێوان نزیکەی 400کوردی ئێزدی و سەلەفییە چیچانییەکاندا لە شاری تسیلای هەرێمی ساکسۆنیا دروست بوو. سەدان پۆلیس کەوتنە نێوانیانەوە و بێ ئەوەی شەڕی بەکۆمەڵ لە نێوانیاندا هەڵگیرسێ وەک ئەوەی شەوی دوشەممە لە نێوانیاندا دروست بوو هێوری کردنەوە.
گوتبێژی پۆلیس دەڵێ، هەردوو گرووپ(کوردانی ئێزدی و سەلەفییە چیچانییەکان) دەیانەویست بە بەرد و دار دەستدرێژی بکەنە سەر یەکدی. بەڵام پێکدادان هەر دروست بوو و بە هۆیەوە چوار پۆلیس بریندار بوون و پێنج کەسیش لە هەردوو گرووپ بریندار بوون.
گوتەبێژی پۆلیس هەروەها دەڵێ، ئێزدییەکان کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی ڕقی ئەو داگیرکارییەی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامییەوە لە ڕۆژئاوای کوردستان، بەڵام هێشتا هۆکاری ئەو پێکدادانەی شاری تسیلا نەزانراوە کە زۆرترین ڕەوەندی کوردی ئەڵمانیا تێیدا نیشتەجێن.
لە ڕووداوێکی هاوشێوەدا لە شاری هامبۆرگ، لە پێکدادانی کورد و ئیسلامییە توندڕۆکاندا، چەند کەسێک بریندار بوون، ئەمەیش پاش گردبوونەوەی ئەمڕۆ چوارشەممەی 400 کورد دێت لە نزیک مزگەوتێک بۆ سەرکۆنەکردنی داگیرکاریی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی.
پێشتریش لە هامبۆرگ نزیکەی 500 کوردی دی، بۆ پشتیوانیی ئەو کوردانەی کە لە کۆبانی لە لایەن داعشەوە گەمارۆ دراون، خۆپێشاندانیان ساز دا. نزیکەی 80 کورد لە نێو خۆپێشاندەراندا، بوونە هۆی ڕاگرتنی نزیکەی نیو سەعات هاتوچۆی قیتارەکانی هێڵی ئاسنینی هامبۆرگ.

زریان زیاد

هەواڵی پەیوەندیدار