بە ھۆی شەڕی سەختەوە، شاندی پەرلەمانی کوردستان هێشتا نەچوونەتە ناو کۆبانیوە

کۆبانێ-KDP.info- ئەندامێکی شاندی پەرلەمانی کوردستان بۆ کۆبانی لەسەر سنوورەوە ڕایگەیاند، شاندەکە لە دوێنێوە ھەوڵی چوونە ناو کۆبانی دەدەن، بەڵام بە ھۆی بەردەوامیی شەڕی سەختەوە، هێشتا نەیانتوانیوە بچنە کۆبانی، بەڵام ئەوان دەڵێن، سوورن لەوەی کە بچنە ناو ئەو شارەوە بۆ ئەوەی زانیاری ورد بە دەست بێنن.
دوێنێ شاندی پەرلەمانی کوردستان بە مەبەستی لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە بارودۆخی کۆبانی سەردانی تورکیایان کرد و سەرەتا لەلایەن شارەوانی ماردینەوە پێشوازی کران، ئینجا لەگەڵ پەرلەمانتارانی تورکیادا چوونەتە سوروچ کە نزیکەی 40ھەزار ئاوارەی لێیە.
ئەندامێکی شاندی پەرلەمانی کوردستان لەسەر سنووری تورکیا(ئەبوبەکر ھەڵەدەنی ) بە kdp.infoی راگەیاند: "شەوی رابردوو دوو کۆبوونەوەمان لەگەڵ پەرلەمانتارانی باکوور و ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد لە سووریا ئەنجام داوە کە ئەوانیش لەناو ئاوارەکانی کۆبانین."
(ھەڵەدەنی )گوتیشی، لەئێستادا لەناو ئاوارەکاندان و ھاوکاریی پەرلەمانی کوردستانیان پێدەگەیەنن.
ئەو ئەندامەی شاندی پەرلەمانی کوردستان زیاتر گوتی، "لە دوێنێوە ھەوڵ دەدەین بۆ ئەوەی بچین بۆ کۆبانی، بەڵام لەبەر ئەوەی شەڕێکی سەخت ھەیە، هێشتا نەمانتوانیوە بچینە ناو شار، بەڵام وەها بە نیازین ئەمڕۆ جارێکی دیکە بچین بۆ سنوور تا بزانین دەرفەتی چوونە کۆبانیمان دەبێ یان نا"، زیاتر گوتی، "چوونی ئێمە پێویستی بە مۆڵەتی تورکیا و سەلامەتیی رێگا ھەیە، بەڵام ئێمە سوورین لەوەی کە دەچین بۆ ناو کۆبانی."
(ئەبوبەکر ھەڵەدەنی ) روونیشی کردەوە، "سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە لەگەڵ نوێنەرانی کانتۆنی کۆبانیدا کۆ بووینەوە و دەرکەوت کە پێداویستیی سەرەکیی ئەوان چەکە، چونکە ئەو چەکی لەبەردەستی ئەواندایە کۆنن و چەکەکانی داعشیش قورس و پێشکەوتوون، بۆیە پێویستیان بە ھاوکاریی ھەموو لایەنێک ھەیە، بە تایبەت چەک، سەرەڕای ئەمەش ورەیان بەرزە."
زیاتر گوتی کە، رەنگە سەردانەکەیان ئەمڕۆیش بخایەنێت، چونکە وەک شاندەکە دەڵێن، سوورن لەسەر چوونە ناو کۆبانی، بۆ ئەوەی لەگەڵ ھەموو لایەنەکان کۆ ببنەوە و راپۆرتی خۆیان پێوەست بە دۆخی کۆبانی ئامادە بکەن.
بڵند ئیبراھیم




