داعش لە هەندێ گەڕەکی کۆبانی ناچار بە پاشەکشە کرا.. هاوپەیمانان گورزی گورچکبڕیان لێ وەشاندوون

کۆبانی-KDP.info- بە هۆی بۆردوومانی فڕۆکە شەڕکەرەکانی هاوپەیمانانەوە بۆ سەر تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی لەو شوێنانەی کە لە کۆبانیدا لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا داگیریان کردبوو، شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە، تیرۆریستان لە نێو شاردا ناچار بە پاشەکشە کران.
بەرپرسی ڕوانگای سووریا(ڕامی عەبدوڕەحمان) بە فڕانس پرێسی ڕاگەیاندووە، "شەوی ڕابردوو، چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە چەند شوێنێکی ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژئاوای شاری کۆبانی پاشەکشەیان کردووە."
بەرپرسەکەی ڕوابگای سووریا زیاتر گوتی، "کشانەوەی داعش پاش کرانە ئامانجی مۆڵگەکانیان بووە لە لایەن فڕٶکە شەڕکەرەکانی هاوپەیمانانەوە، کە زیانی گیانیی زۆریان پێ گەییشتووە و لانی کەم چوار ئۆتۆمێلی سەربازییان تێک شکێندراون."
پاش سێ هەفتە لە گەمارۆدانی کۆبانی، شەوی دووشەممە، داعش توانی بچێتە نێو هەندێکی گەڕەکەکانی ئەو شارەوە و شەڕی کۆڵان بە کۆڵان بەرپا بوو، بەڵام بەرەوڕووی بەرگریێکی توند و بویرانەی هێزەکانی چەکدارانی یەکینەکانی پاراستنی گەل بووەوە. چەکدارانی داعش سێ گەڕەکی ڕۆژهەڵاتی شارەکە و هەندێک بەشی باشووری ڕۆژئاوای داگیر کربوون و خەریک خۆیانی لێ جێگیر بکات، تا ئەوکاتەی شەڕوانان بە توندی بەرپرچیان دانەوە و پشتبەستوو بە بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکان ناچار بە پاشەکشەیان کردن.
سەرلەبەیانیی دوێنێ سێشەممە و شەوەکەیشی، فڕۆکە شەڕکەرەکانی هاوپەیمانانی عەرەب، چەند گورزێکیان لە مۆڵگەکانی داعش لە دەوروبەری کۆبانی وەشاندن و لە ئاکامدا ناچار بە پاشکشە کران.
ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی کۆبانیی(مستەفا عەبدی)، ئەم سەرلەبەیانییە لە پەیجی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسیویەتی، " تەرمی کوژراوانی داعش، شەقامەکانی گەڕەکی مەقتەلەی باشووری ڕۆژهەڵاتی کۆبانییان داپۆشیوون"، زیاتر گوتی "هێشتایش سەدان خێزان و بەساڵداچووان لە کۆبانی ماونەتەوە"، ڕوونیشی کردەوە کە "دۆخی مرۆیی لە شار ناهەموارە، دانیشتوانی پێویستیان بە ئاو و خۆراکە."
زریان زیاد




