٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کۆبانی لە نێوان چەکوشی داعش و سندانی حیساباتی تورکیادا

سەرچاوە: KDP.info
ژمارەیەک سەربازی هێزەکانی سوپای تورکیا لەسەر سنوور جێگیر کراون و لە کۆبانی دەڕوانن.

هەولێر-KDP.info-   سەرباری ڕەزامەندیی پەرلەمانی وڵاتەکەی بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە دەرەوەی سنوور، هێشتا تورکیا رازی نەبووە بەوەی هێرشی سەربازی بۆ وەدەرنانی تیرۆریستانی داعش لە کۆبانی بەرپا بکات، هەڵبەت تورکیا مەرجی هەیە بۆ ئەوەی بە تەواوی بچێتە نێو هاوپەیمانەتیی نێودەوڵەتییەوە، هەر ئەوەیشە کە دەردەسەریی کوردانی ئەو شارەی زیاد کردووە.

چاودێران لەسەر ئەو باوەڕەن، هەڵکوتانە سەر کۆبانی، دەستکەوتی ستراتیژیی گرینگی بۆ ڕێکخراوی داعش هەیە، کە پێشتر دەیان گوند و شارۆچکەی سەر بە ئەو شارەی داگیر کردوون. لە سەروبەندی داگیرکردنی بەشێکی کۆبانی، بێهەڵوێستیی تورکیا وەهای کردووە، کوردانی کۆبانی بکەونە ئازارێکی حەقیقیییەوە. چاودێران سیناریۆی جیا پێوەست بە ئەگەری جووڵەی تورکیا دەخەنە ڕوو، ئەمەیش بە هۆی ئاستەنگی زۆر کە لە دەوری هەڵوێستی ئانکارا و حیساباتەکانی دەربارەی ئەو پرسە دەخولێنەوە.

ئایا تورکیا لە دەستوەرنەدانە دۆخی کۆبانی بەردەوام دەبێ؟
سەرباری ڕەزامەندیی پەرلەمانی وڵاتەکەی بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە دەرەوەی سنووری وڵاتەکەی، هاوکات ڕازیبوون بەوەی هێزی بیانی کەڵک لە دانانی بنکەی سەربازی لەسەر خاکی تورکیا ببینن، هێشتا تورکیا رازی نەبووە بەوەی هێرشی سەربازی بۆ وەدەرنانی تیرۆریستانی داعش بەرپا بکات کە دەستیان بەسەر بەشێکی کۆبانیدا گرتووە و دراوسێی تورکیایشە.
ئەم دوودڵیەی تورکیا، ئازاری کوردانی لە ناوچەکە زیاتر کردووە و گومان و تۆمەتەکانیان لە بە تەنیا جێهێشتنیان لە بەردەم تیرۆری داعش لێوانلێو دەبن، ئەمە سەرباری ئەوەی کە، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا(جۆو بایدن)، بەرلەوەی لێی پاشگەز ببێتەوە، جەختی کردەوە لەوەی کە تورکیا ماوەیەکی زۆرە پشتیوانی لە گرووپە تیرۆریستییەکان دەکات لە سووریا، لە نێویاندا داعشیش، کە بە هیوا بووە سەرۆکی سووریا(بەشار ئەسەد) بڕووخێنن.
چاودێران وەهای دەبینن، تورکیا نایەوێ خۆی لە قەیرانێکەوە بگلێنێ کە خەریکە لە دەرگای دەدات، هەر ئەوەیشە کە سەرۆکوەزیرانەکەی(ئەحمەد داوودئۆغڵو) باسی لێ دەکات کە دەڵێ: "بۆ ئەوەی کۆبانی شکست نەبات، ئەوەی لە دەستمان بێ دەیکەین،" ئەمە سەرباری ئەو دووڵیەی کە هەیەتی، هەڵبەت لە هەمان کاتدا ڕەتی کردەوە هێرش دژ بە ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی بەرپا بکات.
سەرۆکوەزیرانی تورکیا زیاتر دەڵێ، "ئەگەر سوپای تورکیا چووە کۆبانیوە، تورکمانەکانی یایلاداخ لە سووریا لێیان پرسین بۆ ئێمەیش ڕزگار ناکەن؟ ئەوا پێویست دەبێ بچینە ئەوێیش"، (ئەحمەد داوودئۆغڵو) دواقسەی پێوەست بە دۆخی کۆبانی ئەوە بوو کە، وڵاتەکەی لە ڕووی مرۆییەوە ئەوەی بتوانێ هاوکاریی کۆبانی بکات کە سێ هەفتەیە بە دەست گەمارۆی تیرۆریستانی داعشەوە دەناڵێنێ.
هەر پێوەست بەم پرسەوە، پێگەی ئەلیکترۆنی شپیگڵ ئۆنلاینی ئەڵمانیایی، لە زاری جێگری بەرپرسی پێوەندییە دەرەکییەکانی کانتۆنی کۆبانیوە گوازتوویەتییەوە کە دەڵێ، "دۆخی کۆبانی تا ئەوپەڕی کارەساتاوییە و بەو نزیکانە شکست دەبات."

حیساباتی تورکیا پێوەست بە قەیرانی کۆبانی
تورکیا بۆ چوونە نێو هاوپەیمانەتیی نێودەوڵەتی کە ئەمەریکا ڕابەرایەتیی دەکات، مەرجی هەیە، ئەو دەیەوێ ڕووخاندنی ڕژێمی سووریا و  لادانی(ئەسەد) لە ئەرکە لەپێشینەکانی هاوپەیمانان بێ. ئەو گورزە ئاسمانیانەیش کە هاوپەیمانان لە تیرۆریستانی داعش دەیانوەشێنن، هەڵوێستی سووریای پێ بەهێز دەبێ، ئەمەیشە کە ئانکارا هەوڵی یەکلاکردنەوەی دەدا.
تورکیا هاوکات دەخوازێ، سەرباری ئەو دڵەڕاوکێ زۆرەی بە هۆی زۆربوونی ژمارەی تیرۆریستانەوە لە سووریا و عێراق لە ئارادایە و وەک هەڕەشەیەک بەسەر وڵاتانی ناوچەکەوەن، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بۆ بنەبڕکردنی تیرۆر، هەریەک لە عێراق و سووریایش بگرێتەوە، هاوکات ڕێکاری پێویست بۆ وشککردنی زەلکاوی تیرۆریستان بگیرێتە بەر و گەرەنتی بدرێت لە دابینکردنی سەقامگیری لە ناوچەکە و، پاش سەرکەوتنی هاوپەیمانان لە ئۆپەراسیۆنەکانیان، تورکیا بە تەنیا لە نێو ئاژاوەدا جێ نەهێڵن.
حکوومەتی تورکیا هەروەها دەیەوێ، ناوچەیەکی دژەفڕین و پارێزراو، بۆ پاراستنی هاووڵاتیان و شکاندنی شکۆی (بەشار ئەسەد) دیاری بکرێ و بەر بە لێشاوی ئاوارەکانیش بۆ سووریا بگیرێ.
یەکێکی دی لە گرفتەکان ئەوەیە کە، تورکیا نایەوێ بە دانی چەک بە پەیەدە لە ڕۆژئاوا، باری ئەوان بەهێز ببێ، هەروەها ترسی لەوە هەیە کە ئەگەر بێت و چەک بدرێت بە یەپەگەی باڵی سەربازی پەیەدە، ئەو چەکە نوێ و پێشکەوتووانەی وڵاتانی ڕۆژئاوایی بگەنە دەست پەکەکە و لە ڕێیەوە هەوڵ بۆ دامەزراندنی هەرێمێکی هاوشێوەی هەرێمی کوردستان، لە باکووری کوردستان بدەن.
هەڵبەت چاودێران هاوکات باوەڕیان وایە کە، تورکیا هەموو کۆششێک دەکات تا، شەڕی دژ بە داعش، لە بەرژەوەندیی کورد نەشکێتەوە.

بایەخی کۆبانی بۆ داعش
چاودێران هاوکات وەهای دەبینن، سەرباری بۆردوومانی چڕی هاوپەیمانان و بەرگریی سەختی هێزە کوردییەکان، پلانی داعش بۆ دەستبەسەرداگرتنی کۆبانی، درککردنیەتی بە ستراتیژیەتی ئەو شارە. مەبەستی داعش ئەوەیە، بەدەستبەسەرداگرتنی کۆبانی، هێڵی سنووریی نێوان تورکیا-سووریایان دەکەوێتە دەست کە خاڵی پێکەوە گرێدانی باکوور، باشوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوایە.
لە 16-ی سەپتەمبەری ڕابردووەوە، تیرۆریستانی داعش، هەڵمەتی داگیرکارانەیان بە ئاراستەی  کۆبانی بەرپا کردووە، لەو هێرشەیاندا کە سێ هەفتەیە بەرپایان کردووە دەیان گوند و شارۆچکەی دەڤەری کۆبانییان داگیر کردوون، هاوکات زیاتر لە سەد شەڕوان شەهید بوون و سەدان تیرۆریستیش کوژراون، زیاتر لە 300هەزار لە خەڵکی سڤیلیش ئاوارە بوون و نزیکەی 180 هەزاریان بەرەو باکووری کوردستان پەڕیونەتەوە.


دۆیچەفیلە – زریان زیاد
 

هەواڵی پەیوەندیدار