سەرۆک بارزانی داوا لە وڵاتانی بەشداربوو لە هاوپەیمانەتیی شەڕی دژی داعش دەكات، هاوكاریی خەڵك و خەباتكارانی كۆبانی بن

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان جەخت دەکاتەوە لەوەی کە، (سەرۆك بارزانی) زۆر بە پەرۆشەوە بەدواداچوونی بۆ بارودۆخی ئاوارەكان و ڕەوشی كۆبانی كردووە و لە 19ـی ئەیلوولی 2014 لە پەیامێكدا داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد كە كۆبانی لە هەڕەشەی تیرۆریستان بپارێزن و پەلاماری داعشی بۆسەر كۆبانی بە نەفیرعام لە دژی گەلی كورد وەسف كرد.
لە ڕاگەیەنراوێکیدا کە بۆ ڕوونکردنەوەی هەڵوێستی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە پێوەست بە دۆخی نەخوازراوی کۆبانی، (د. فواد حوسێن) هاوکات ڕایدەگەیەنێ، پاش ڕووداوەكانی چەند ڕۆژی ڕابردوو و چڕتربوونی هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر كۆبانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان جەخت لە هەمان هەڵوێست دەكات و داوا لە وڵاتانی بەشداربوو لە هاوپەیمانەتیی شەڕی دژی داعش دەكات كە هاوكاریی خەڵك و خەباتكارانی كۆبانی بن بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێزەكانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش.
دەقی ڕاگەیەنراوی سەرۆکی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان:
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان هەر لە سەرەتای هەڕەشە و پەلامارەكانی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر كۆبانی، پاڵپشتی كۆبانی و خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستان بووە و (سەرۆك بارزانی) زۆر بە پەرۆشەوە بەدواداچوونی بۆ بارودۆخی ئاوارەكان و ڕەوشی كۆبانی كردووە و لە 19ـی ئەیلوولی 2014 لە پەیامێكدا داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد كە كۆبانی لە هەڕەشەی تیرۆریستان بپارێزن و پەلاماری داعشی بۆسەر كۆبانی بە نەفیرعام لە دژی گەلی كورد وەسف كرد.
پاش ڕووداوەكانی چەند ڕۆژی ڕابردوو و چڕتربوونی هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر كۆبانی بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان جەخت لە هەمان هەڵوێست دەكات و داوا لە وڵاتانی بەشداربوو لە هاوپەیمانەتیی شەڕی دژی داعش دەكات كە هاوكاریی خەڵك و خەباتكارانی كۆبانی بن بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێزەكانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش. (سەرۆك بارزانی) داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات بە هانای خەڵكی كۆبانی و پەنابەران بچن كە لەبەر هەڕەشەی داعش پەنایان بۆ ئەو دیوی سنوور بردووە.
لەم دۆخە نالەبارەی كۆبانی تێی كەوتووە سەرۆكایەتیی هەرێم و گەلی كوردستان پاڵپشت و هاوپەیمانی خوشك و برایانی خۆیانن لە كۆبانی و ڕۆژئاوای كوردستان.
د. فواد حوسێن
سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
7ـی ئۆكتۆبەری 2014




