٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەرلەمان لە وەڵامی فڕاکسیۆنی سەوزدا: چیتر بازرگانی بە تراژیدیا و ناسۆرەکانی گەلەکەمانەوە نەکەن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  لە ڕوونکردنەوەیەکیدا پەرلەمانی کوردستان، وەڵامی فڕاکسیۆنی سەوز دەداتەوە و ڕایدەگەیەنێ، راگەیەندراوەکەی فڕاکسیۆنی سەوز، سەبارەت بە هەلومەرجی دژواری کۆبانی، جۆرێک لە مزایەدەی سیاسی و چەواشەکاری تێدایە بەرامبەر بە رۆڵی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان. هاوکات دەڵێ بۆ ئەوەی چیتر هیچ کەس و لایەنێک بازرگانی بە تراژیدیا و ناسۆرەکانی گەلەکەمانەوە نەکات، بە پێویستیان زانیوە چەند راستیێک بخەنە ڕوو.

دەقی ڕوونکردنەوەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان، کە دانەیەکی بۆKDP.info نێردراوە:
فراكسیۆنی سەوز لە پەرلەمانی کوردستان لە 6/10/2014 راگەیەندراوێکی سەبارەت بە هەلومەرجی دژواری کۆبانی بڵاو کردەو و بەشێک لە راگەیەندراوەکە جۆرێک لە مزایەدەی سیاسی و چەواشەکاری تێدایە بەرامبەر بە رۆڵی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان.
لە سۆنگەی دەرخستنی راستییەکان و بۆ ئەوەی چیتر هیچ کەس و لایەنێک بازرگانی بە تراژیدیا و ناسۆرەکانی گەلەکەمانەوە نەکات، بە پێویستمان زانی ئەم راستیانە بخەینە روو:
1- حەق وایە هەر پەرلەمانتارێک یان فراكسیۆنێک کاتێک بەیاننامە یان راگەیەندراوێک دەردەکات، بە وردی یاساکان بخوێنێتەوە و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان لەبەرچاو بگرێت و دەسەڵاتەکانی پەرلەمان و دەسەڵاتی جێبەجێکردن بۆ مەبەستی چەواشەکاری و لە خشتەبردنی رای گشتی تێکەڵ بە یەکتر نەکات.
2- تاوەکو پێش دەسپێکردنی پشووی جەژنی قوربانی پیرۆز هیچ فراكسیۆنێک لە پەرلەمانی کوردستان، بە فراكسیۆنی سەوزیشەوە، داوای دانیشتنی تایبەت بە بارودۆخی کۆبانی لە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان نەکردووە تاوەکو سەرۆکایەتی رەتی بکاتەوە.
3- لەوەتی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) پەلامارەکانی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان دەست پێکردوە، سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بەراشکاوانەوە و بە هەموو توانایەکیەوە پشتگیریی خۆی بۆ بەرگریکردنی گەلەکەمان لە رۆژئاوای کوردستان دەربڕیوە و لە رێگەی بەیاننامەکانی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستانەوە داوای پشتگیریی ماددی و مەعنەوی لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و دەسەڵاتی جێبەجێکاری هەرێم و لایەنە سیاسییەکان کردوە نەک هەر بۆ کۆبانی بەڵکو بۆ گەلەکەمان لە رۆژئاوای کوردستان.
4- سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان لە کۆبوونەوەکانیدا لە گەڵ دەسەڵاتی جێبەجێکردنی هەرێمی کوردستان، بە بەردەوامی جەختی کردووەتەوە لەسەر پشتگیریی مەعنەوی و دیپلۆماسی و سەربازیی هەرێم بۆ رۆژئاوای کوردستان.
5- هەروەها لە کۆبونەوەکانیدا لەگەڵ هەیئەتە دیپلۆماسییەکانی دەرەوەیشدا هەوڵی زۆری داوە وەک بەشێک لە بەرەی دژبە تیرۆر مامەڵە لەگەڵ کوردانی رۆژئاوادا بکرێت و پشتگیریی سەربازی و سیاسی بکرێن.
6- بۆ زانینی فراكسیۆنی سەوز، مەسەلەی ئاسانکاری لە سنوورەکانی نێوان هەرێم و رۆژئاوای کوردستان و دانپێدانان و کردنەوەی نووسینگەی کانتۆنەکان (جەزیرەو عەفرین و کۆبانی) لە هەولێر و، کردنەوەی هەر کۆنسووڵخانە و نوێنەرایەتییەکی وڵاتان لە هەرێم یان هەرێم لە وڵاتانی دیکە لە سەڵاحیەتی دەسەڵاتی جێبەجێکارە و لە ئێستادایەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پۆستەکانی جێگری سەرۆکی هەرێم و جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و جێگری فەرمانگەی کاروباری دەرەوەی هەرێمی هەیە و دەکرا فراكسیۆنی سەوز داوای لە نوێنەرەکانی حیزبەکەی بکردبایە کە ئەو پۆستانەیان هەیە کار بکەن بۆ کردنەوەی سنوورەکان و نووسینگەی کانتۆنەکان لە هەرێم.
7- بۆ مەسەلەی پشتیوانیی سەربازی هەرێم لە کۆبانی، هەموو لایەک باش دەزانن کە ئەوەش لە دەسەڵاتی جێبەجێکاردایە و کەی ئەوان بڕیاری ناردنی هێزیان دا بۆ دەرەوەی سنووری هەرێم، پەرلەمانی کوردستان دەتوانێت هاوشێوەی وڵاتانی دیموکراتی لە رووی یاساییەوە کارئاسانی بۆ بکات.
8- ناردنی شاندی پەرلەمانی کوردستان بۆ کۆبانی لەم هەلومەرجەدا نەک هەر پشتیوانییەکی مەعنەویی گرینگە، بەڵکو ئەو راستییە دەردەخات کە ئەو وەفدە نوێنەرایەتیی گەلەکەمان دەکات و، سەیرە فراكسیۆنێکی ناو پەرلەمانی کوردستان، کە خۆی نوێنەری لە وەفدەکەدا هەیە، دەیەوێت ئەو سەردانە لە ناوەڕۆکە مەعنەوییە گرینگەی بەتاڵی بکاتەوە، چونکە کوردانی باکووریش سەرەڕای هەموو توانا و تەقالاکانیان بە هۆی هەلومەرجی جیۆگرافیی کۆبانی و هەڵوێستی دەوڵەتی تورکیاوە هەر ئەوەندەیان پێ کراوە.
لە کۆتایدا داوا لە سەرجەم فراكسیۆنەکان دەکەین بە تایبەتی فراكسیۆنی سەوز، لە هەلومەرجێکی وا دژواردا کە گەلەکەمانی پێدا تێپەڕ دەبێ، كێشە و ناكۆكییە سیاسییەكانیان بەلاوە بنێن و گیانی هاوخەباتی قووڵ بكەنەوە و یەكریزیی میللەتەكەمان بپارێزن، خۆیان لە هەموو جۆرە موزایەداتێكی سیاسی بە دوور بگرن بۆ ئەوەی هیچ لایەنێك ئازارەکانی نەتەوەکەمان بۆ مەرامی سیاسی بە كار نەهێنێ‌.

سەرکەوتن بۆ کوردستان و نەمری بۆ شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان.
راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان
7-10-2014

هەواڵی پەیوەندیدار