پێشمەرگە لە دەڤەری زوممار دەیان داعشی کوشتووە.. پڕۆژەی ئاودێریی جەزیرە بە درێژایی 30کم ڕزگار کرا

زوممار-KDP.info- سەرچاوەیەکی سەربازیی باڵا لە فەرماندەیی ڕۆژئاوای دیجلە، ڕایگەیاند، لەو هێرشە بەرفراوانەی هێزەکانی پێشمەرگەدا کە بۆ سەر دەوروبەری دەڤەری زوممار بەرپا کراوە، سەرکەوتنی گەورە تۆمار کراون و جیا لە چەند گوندێکی دەڤەرەکە، پڕۆژەی ئاودێریی جەزیرەیش ڕزگار کرا.
سەرچاوەیەکی سەربازیی باڵا لە فەرماندەیی ڕۆژئاوای دیجلە، تایبەت بە KDP.info–ی ڕایگەیاند، لەو هێرشە بەرفراوانەی ئەمڕۆ سێشەممەی هێزەکانی پێشمەرگەدا، بۆ سەر مۆڵگەکانی تیرۆریستانی داعش لە دەوروبەری شارۆچکەی زوممار، هەردوو گوندی خراپ تبن و خراپ عەشق و ژمارەیەک گوندی بچووکی دیکەیش ئازاد کران"، سەرچاوە باڵاکە زیاتر گوتی، "هاوکات کەناڵی پڕۆژەی ئاودێریی جەزیر بە درێژایی 30کیلۆمەتر ئازاد کرا."
سەرچاوەکە هاوکات دەربارەی زیانەکانی تیرۆریستانی داعش گوتی، "زیانی زۆری گیانیان لێ دراوە و دەیان کوژراویان هەیە."




