سعوود مەلا داوا لە تورکیا دەکات سنوور بکاتەوە.. ئەگەر ھاوکاری کۆبانی نەکرێت کارەساتی مرۆیی روو دەدات

کۆبانی-KDP.info- سکرتێری پارتیی دیموکراتی کوردستان -سووریا دەڵێت، بارودۆخی کۆبانی زۆر خراپە و لە دوو قۆڵەوە داعش چوونەتە ناو شار و لەئێستادا شەڕی کۆڵان بە کۆڵان بەرپا بووە، (سعوود مەلا) دەشڵێت، ئەگەر ھاوکاریی بە پەلە بۆ کۆبانی نەیەتە ئاراوە، کارەساتی مرۆیی روو دەدات.
(سعوود مەلا) بە kdp.infoی راگەیاند: "بارودۆخی کۆبانی زۆر خراپە و لە ھەردوو قۆڵی رۆژھەڵات و باشوورەوە، تیرۆریستانی داعش چوونەتە ناو شار و، لەئێستادا شەڕی کۆڵان بە کۆڵان دەستی پێ کردووە، لە قۆڵی رۆژئاوایش لە ناو شار زۆر نزیک بوونەتەوە، بۆیە ئەگەر ھاوکاریی بە پەلەیان پێ نەگات، کارەساتێکی مرۆیی لە کۆبانی دروست دەبێت."
سکرتێری پارتیی دیموکراتی کوردستان – سووریا گوتیشی، هێشتا ھیچ ھاوکارییەک بە چەکدارە کوردەکان لەلایەنی نێودەوڵەتی نەگەییشتووە و تورکیایش سنووری خۆی داخستووە و رێگە نادات ھاوکارییان بۆ رەوانە بکرێت، بۆیە رۆژ بە رۆژ دۆخی کۆبانی بەرەو خراپتر دەچێت."
(سعوود مەلا) هاوکات دەڵێ، "چەکدارە کوردەکان پێویستیان بە چەک ھەیە، چونکە ئەو جۆرە چەکانەی بە دەستیانەوەن زۆر نین و تەنیا دەتوانن بەرگری پێ لە خۆیان بکەن، لە بەرانبەردا چەکەکانی داعش زۆر قورس و پێشکەوتوون."
ئەو هاوکات داوایشی لە تورکیا کرد، سنوور بە ڕوویاندا بکاتەوە بۆ ئەوەی ھاوکاری بۆ چەکدارە کوردەکان ڕەوانە بکرێت. هاوکات داوای لە هاوپەیمانان کرد، فڕۆکە شەڕکەرەکانیان هاوکار بن و بۆردوومانی مۆڵگەکانی داعش چڕتر بکەنەوە، وەک هاوکارییەک بۆ بەرگریکارانی کۆبانی و بتوانن، ھێرشەکانی داعش تێک بشکێنن و رێگە نەدەن کۆبانی داگیر بکرێت.
هۆشداریشی دا: "ئەگەر ھاوکاریی بەپەلە نەگاتە کۆبانی، کارەساتێکی مرۆیی روو دەدات، چونکە داعشی تیرۆریست سڵ لە هیچ شتێ ناکاتەوە و ھەموو کردەوەیەک ئەنجام دەدەن.
بڵند ئیبراھیم




