ناوچەیەکی دیکەی گرینگ لە داعش پاک کرایەوە.. هەڵمەتی پێشمەرگە بۆ سەر زوممار درێژەی هەیە

زوممار-KDP.info- سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، ھێزەکانی پێشمەرگە ھێرشیان بۆ سەر زوممار بەرپا کرد و ناوچەیەکی دیکەی گرینگ لەو دەڤەرە لە داعش پاک کرایەوە.
بەرپرسی ناوچەی دیجلەی پارتی لە زوممار (حەسەن خەلۆ) بە kdp.infoی راگەیاند: "لە میحوەری زوممار ھێرشی بۆ سەر چەکدارانی داعش بەرپا کراوە، لە ئێستادا ناوچەی خرابە تبن کۆنترۆڵ کراوە کە شوێنێکی زۆر گرینگ بوو بۆ داعش."
هاوکات بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی 14ی پارتی لە مووسڵ(سەعید مەموزینی)-یش ڕاگەیاند: لەو هەڵمەتەی هێزەكانی پێشمەرگەدا لە میحوەری زوممار بۆ تیرۆریستانی داعش، توانراوە لە ماوەیەكی كەمدا هەردوو گوندی تل بین و تل عەشق بە تەواوی لە چەكدارانی پاك بكرێنەوە.
بە گوتەی هەردوو سەرچاوەکە، "لە ئەنجامی ئەو ھێرشەدا ژمارەیەکی زۆری چەکدارانی داعش کوژراون و زۆرێک لە تەرمەکانیشیان جێ ماون و کەوتوونەتە دەست ھێزەکانی پێشمەرگە"، گوتیشی هەڵمەتی ئازایانەی هێزەکانی پێشمەرگە درێژەی هەیە و لە پێشڕەویدان.
ئەوان زیاتر گوتیان، لەئێستادا ھێزی پێشمەرگە لە پێشڕەویدان بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی دیکەی زوممار و چەکدارانی داعشیش لە پاشەکشەی بەردەوامدان.
بڵند ئیبراھیم – نەشوان بەرزنجی




