بە ھۆی لەدەستدانی ڕەبیعە داعش 10چەکداری خۆی ئیعدام کردن.. پێشمەرگە دەستی بەسەر حەشارگەیەکی چەکدا داگرت

رەبیعە-KDP.info- فەرماندەی لیوای ھەشتی ھێزی پێشمەرگە لە سنووری ڕەبیعە دەڵێت، ئەمڕۆ هێزەکانی پێشمەرگە لە ڕەبیعە دەستی بەسەر حەشارگەیەکی چەک و تەقەمەنیدا گرت کە بڕێکی زۆری چەکی قورس و سووکی تێدا بوو، گوتیشی، لە دوای کۆنترۆڵکردنی ڕەبیعە لەلایەن ھێزی پێشمەرگە داعش ورەی ڕووخاوە و توانای بەرگریکردنیان نەماوە.
فەرماندەی لیوای ھەشتی ھێزی پێشمەرگە لە سنووری ڕەبیعە (ھاشم سیتەیی ) بە Kdp.infoی راگەیاند: "ئەمڕۆ ھێزی پێشمەرگە لە سنووری ڕەبیعە توانییان دەست بەسەر حەشارگەیەکی چەک و تەقەمەنیدا بگرن، کە چەندین جۆری چەکی سووک و قوورسی تێدا بووە و حەشارگەکە لەلایەن داعش بۆمبرێژ کرابوو، بەڵام لەلایەن تیمی ئەندازیارییەوە پوچەڵ کراوەتەوە و چەکەکەش کەوتە دەست ھێزی پێشمەرگە."
(ھاشم سیتەیی) گوتیشی: "داعش ورەی رووخاوە و توانای بەرگرییان نەماوە و ماوەی دوو رۆژە جموجۆڵیشیان زۆر کەم بووە، بە جۆرێک پاشەکشەیان کردووە، دۆشکەکانی ئێمەیش بە ئەوان ناگات."
(ھاشم سیتەیی) زیاتر گوتی، "دوای ئەوەی ڕەبیعە لەلایەن ھێزی پێشمەرگەوە کۆنترۆڵ کرایەوە، 70تیرۆریست ھەڵاتوون و کێشە کەوتووەتە ناویان و، 10چەکداریشیان بە تۆمەتی لەدەستدانی ڕەبیعە ئیعدام کردوون"، ئەو دەڵێ، "ڕەبیعە بۆ داعش شوێنێکی زۆر ستراتیژی بوو کە ھەردوو وڵاتی سووریا وعێراقی پێکەوە گرێ دەدات، بۆیە پێیان باشتر بوو مووسڵ کۆنترۆڵ کرابا نەک ڕەبیعە."
بڵند ئیبراھیم




