خورماتووییەکان لە گرووپە شیعەکان بێزار بوون

خورماتوو-KDP.info- بەڕێوبەری ئاساییشی خورماتوو دەڵێت، گرووپە چەکدارە شیعەکان لە خورماتوو خەڵکیان بێزار کردووە و بەردەوام لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکەن و تەقەیان بەسەردا دەکەن و بێزاریی خەڵکەکەیش گەییشتووەتە ئاستێک ڕەنگە لەوە زیاتر قبووڵی نەکەن.
راید (فارووق ئەحمەد) بۆ kdp.info زیاتر گوتی: "گرووپە شیعەکان خەڵکی خورماتوویان بێزار کردوون، بە جۆرێک رۆژانە بۆسەیان بۆ دادەنێن و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکەن، بەبێ ئەوەی خەڵک بناسن و تەقەیان بەسەردا دەکەن."
ڕاید (فارووق) روونی کردەوە، "یەک دوو جارێک لەگەڵ ئێمە و خەڵکیشدا بەرەوڕوو بوونەتەوە و تەقەیان لەلایەن خەڵکەوە لێ کراوە، بەڵام رۆژانە کردەوەکانیان دووبارە دەکەنەوە."
ئەو دەڵێ، "بێزاریی خەڵک لەو گرووپە چەکدارە شیعەمەزهەبانە، گەییشتووەتە ئاستێک و وەها بەردەوام بن، لە دوای جەژن زیاتر لێیان قبووڵ ناکەن."
دەربارەی دۆخی ئەمنیی ناوچەکەیش گوتی، "دانیوەڕۆی ئەمڕۆ، بۆمبێک لە بەردەم ماڵێکی ئاوارەدا تەقییەوە کە سوننەمەزھەبن، لە ئاکامدا چوار کەس بریندار بوون، کە دوانیان بە تەمەن بوون."
بڵند ئیبراھیم




